خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی ژمارە (319)ی گۆڤاری پەپوولە

02:55 - 2024-08-01
ئەدەب و هونەر
357 جار خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان حەسەن

گەرچی نووسەران هاوڕانین لەسەر نووسین بۆ منداڵان و لەڕوانگەی خۆیانەوە لەنووسین بۆ منداڵان دەڕوانن، کە هەندێک پێیانوایە دەبێت بە هەمان پێوەری نووسین بۆگەورەکان داوەری نووسین بۆ منداڵان بکرێت

ناوازەبوونی گۆڤاری پەپولە و خەمخۆریی ستافەکەی بۆ خزمەتکردن بەئەدەبی منداڵان و فۆرمی نووسین و تەکنیکی داڕشتنی هۆنراوەکانی ژمارە (319)ی و خۆبەدوور گرتنی شاعیرەکان لە وشەی نالەبار و نەشیاو و نووسینی بەرپرسیارانە و هەستیار و بەئاگایان، هانیاندام ئاوڕێک لە هۆنراوەکانی ئەم ژمارەیە بدەمەوە. 
بێگومان لەکۆنەوە سروشت و ئاژەڵ و باڵندەکان کارەکتەری چیرۆک و حیکایەتە فۆلکلۆرییەکانمان  بەجۆرێک ناسیووە و دوور و نزیک خۆشمان ویستوون و حەزمان کردووە ببین بەهاوڕێیان، کە شیعرەکانی ئەم ژمارەیەی گۆڤاری پەپوولە بەمجۆرە باسیان دەکات: 

گەشتێک
زارا ئەحمەد لەم شیعرەدا وێنەی دوو هاوڕێی ڕێبوارمان بۆ دەگرێت کە دەچن بۆ سەیران و گەشت و بەهێمنی میهرەبانی سەیری جوانی خۆر و ئاو دەکەن، کە جۆرێک فانتازیا و بەخشندەییمان نیشان دەدا کە چۆن لەم سەیرانەدا مەلەکان دەبینن، بانگیان دەکەن و دێنەلایان و دەستییاندەگرن بۆگەشتێک ئەویش ئاسمانی بەرین و بێئەستێرە و بۆلای خۆریان دەبەن تا لەچاوان ون دەبن و لەبەیانییەوە تا ئێوارە یاری دەکەن و پاشان بەگفتوگۆوە دێنەوە خوارێ و دواجار پێماندەڵێت: سروشتی تێراو و ئاسمانی ڕەنگین سەرچاوەن بۆ ژین. 

بێچووە ورچەکە
ئەمین محەمەد لەم شیعرەدا وێنەی بێچووە ورچێکی وریا و زیتەڵەمان بۆدەکێشێت کە لەماڵ دوور دەکەوێتەوە، بەڵام بەماڵەوە دەزانێتەوە، چونکە شوێنپێی دایکی دەکەوێت. 
ئەگەر لەڕووی پەروەردەییەوە لەم شیعرە بڕوانین، منداڵان فێری کۆمەڵێک ئاکار و بەهای جوانی ژیان دەکات کە خۆی لە پەیڕەوییکردن لەدایک وەک قووتابخانەیەک، ماندووێتی و حەسانەوە و برسێتی و خواردن و هاوڕێیەتیی دڵسۆزانە و پێیان دەڵێت بێچووە ورچەکە تووکی سپی و نەرمونۆڵە و وەک ئێوە خڕ وخەپانە و یاریدەکات و ئەگەر ئێوە جلی گەرم بپۆشن وەک ئەو، نەسەرماتان دەبێت و نەسەرمای زستان کارتان لێدەکات.    

گوندەکانی کوردستان
ئاکۆ محەمەد سابیر لەم شیعرەدا گوندەکانی کوردستانمان لە سێ کۆپلەی کتومتی وەرز و کاتی جیاوازدا بۆ وێنا دەکات کە هەر لەدیمەنی پەرێزەوە دوای دروێنە، دەمانباتە ناو ڕان و لەوێ گوێمان بەئاوازی باعەباع و زەنگوڵە و بلوێری شوان دەزرینگێنێتەوە و پاشان دەمانهێنێتەوە سێبەرە فێنک و خۆشەکەی باخی پڕمیوە و بێستان و هاژەی ڕووبار و چەم، کانی و دەڵێت: گوندەکان لەگەرمیان بێت یان کوێستان، جووتیارەکانیان ئامادەی کار و فەرمانن.     

تابلۆی ژینگە
عەلی حەمەڕەشید لەم شیعرەدا دەمانباتە ژینگە پاک و بێگەردەکەی سروشت و هونەرییانە چاومان ڕوون و دڵمان بەتابلۆ ڕەنگینەکەی دەگەشێنێتەوە و لەدنیای ئاژەڵاندا ئاژەڵ و بێشە و لانەکانیانمان پێدەناسێنێت و پێماندەڵێت پێکەوە ژیانی ئاژەڵ و باڵندەکان لەژینگەدا، دیمەنەکەیان دڵڕفێنتر کردووەو بوونەتە باڵانسی ژینگە و ژیانیشییان جوانکردووین.

نووسین و منداڵ
گەرچی نووسەران هاوڕانین لەسەر نووسین بۆ منداڵان و لەڕوانگەی خۆیانەوە لەنووسین بۆ منداڵان دەڕوانن هەندێک پێیانوایە دەبێت بە هەمان پێوەری نووسین بۆگەورەکان داوەری نووسین بۆ منداڵان بکرێت و ئەوانیتر دەڵێن بەم پێوەرە دەکەوینە کۆتی دەستوپێگری روانگەی ناڕاستەوە، بەڵام ئەم دوو بۆچوونە نابنە رێگر و ئەم شاعیرانە بەئەزموونەکەیان تووانیویانە جوانی سروشت و بوونەوەرەکانی ناویمان بەشێوەیەکی جیاوازتر بۆ وێنا بکەن. 

وێنە شعرییەکان
جگەلەوەی شیعرەکەی شاعیر عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی ناوی تابلۆی ژینگەیە و تابلۆیەکە بۆخۆی، بەڵام هەر چوار شیعرەکە پڕن لە چەندین وێنەی جوانی شیعری و دیمەنی دڵگیر کە منداڵ بەخوێندنەوەیان دەچێتە ناو سروشت و دارستانی رەنگاوڕەنگەوە و راستەوخۆ باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان دەبینێت، بەدڵنیاییەوە بێ پرسیارکردن دەیانناسێتەوە و دەبێتە هاوڕێیان.  
سەرچاوە: گۆڤاری پەپوولە، گۆڤارێکی پەروەردەیی – رۆشنبیری منداڵانە و ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەسلێمانی دەری دەکات - ژمارە (319)، مانگی ئایار، ساڵی 2024.    

بابەتە پەیوەندیدارەکان