ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویکردووەتەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 22 ملیار و 629 ملیۆن دینار بووە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو زیاتر لە دوو ملیار دینار بەرزبووەتەوە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە27ی تەمووز تاوەکو ئەمڕۆ 2ی ئاب، بڕی داهات 22 ملیار و 629 ملیۆن و 955 هەزار و 766 دیناربووە.
هەر بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕەکە، لە داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی 22 ملیار و 50 ملیۆن و 37 هەزار دیناری بەشێوەی نەختینە بووە کە دەکاتە 97٪ و 579 ملیۆن و 647 هەزار و 334 دینار بەشێوەی چەک بووە و ئەوەی دیکەشی 270 هەزار و 500 دینارە بەشێوەی مقاسە بووە.
داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی رابردوو دوو ملیار و 447 ملیۆن و 23 هەزار دینار زیادیکردووە، بەجۆرێک لە 20ی تەمووز تاوەکو 26ی تەمووز داهاتی سلێمانی 20 ملیار و 182 ملیۆن و 932 هەزار و 625 دیناربووە. ئەوەش بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت.
ماڵپەڕی شەفافییەت لە 15ی کانونی یەکەمی 2022 لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان راگەیەندرا و هاونیشتمانییان رۆژانە دەتوانن سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی ئەو سنوورانە لە ماڵپەڕی شەفافییەتەوە بزانن.