لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەکی گرنگ دەکرێت

11:56 - 2024-08-02
عیراق
510 جار خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ ژمارەیەك پرۆژەیاسا دەكرێت كە دیارترینیان هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتییە.
بە گوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رۆژی شەممە 3/8/2024 لە بڕگەی یەكەمدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی و پرۆژە یاسای ناوبژیوانی دەكرێت. دواتریش خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای قەرەبووی موڵكی زەرەرمەندبووان لە رژێمی بەعسی لەناوچوو دەكرێت.
بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكە، دانیشتنی رۆژی یەكشەممە، چوار بڕگە لەخۆدەگرێت، ئەوانیش بریتین لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای بەدەستهێنانی زانیاریی. خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بەئەندامبوونی عیراق لەرێككەوتنامەی تایبەت بە پێشانگە نێودەوڵەتییەكان.
هەروەها پێشنیازی هەمواری یاسای پارێزەرایەتی و پرۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتنامەی گواستنەوەی ئاسمانی لەنێوان عیراق و سوریا بڕگەکانی تری دانیشتنەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان