سمكۆ ره‌حیم كه‌ریم حه‌مید
له ماوه‌ی رابردوودا كتێبێك به ناونیشانی -گه‌شتێك به مێژووی زه‌نددا- چاپ و بڵاوكرایه‌وه. هه‌موان و به تایبه‌تی خه‌ڵكی ناوچه‌ی زه‌ندئاباد له‌و بڕوایه‌دا بوون كه له‌م كتێبه‌دا شتێكی نوێ له‌سه‌ر مێژوو و جوگرافیای ناوچه‌كه‌یان باسكراوه، به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه بۆت روونده‌بێته‌وه كه به‌داخه‌وه هه‌موو شته‌كان له بازنه‌یه‌كی ته‌سكی بیركردنه‌وه‌دا كۆكراوه‌ته‌وه و هه‌ڵه‌ی زه‌قی مێژوویی تێدایه.
کەریم خانی زەند
له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی نووسراوی كه‌م هه‌یه له‌سه‌ر مێژووی ناوچه‌كه، ده‌بوو نووسه‌ره‌كه‌ی به شێوه‌ی مه‌یدانی و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سانی به ته‌مه‌نی ناوچه‌كه و دواتر له‌یه‌كدانه‌وه‌ی رووداوه مێژووییه‌كان، ده‌ستی ببردایه بۆ كارێكی لەو جۆرە، چونكه مێژوونووسین به وشێوه‌یه نییه كه هه‌رچی بته‌وێت بۆخۆت بینووسیته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه بێت، ئه‌وا ئه‌و به‌رهه‌مه په‌سه‌ند نابێت.
له‌پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و كتێبه به پێوستمزانی بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئه‌و هه‌ڵانه راستبكه‌مه‌وه کە تێیدا هەن، بۆئه‌وه‌ی ره‌وتی مێژوو وه‌ك خۆی چۆن بووه بەوجۆرە بگات به نه‌وه‌كانی داهاتوومان.
شوێنەراری گۆڕی محەمەدی کەریم خانی زەند
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هەتا به‌شی پێنجه‌م كه با‌سی وشه‌ی (زه‌ند و زه‌نگاباد) كراوه، قسه‌ی له‌سه‌ر ناكه‌م، چونكه با‌سی کۆمەڵێک بابەت کراوە كه ده‌توانم بڵێم تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌ندیی به ناونێشانی كتێبه‌كه‌شه‌وه نییه.
لێره‌دا با‌سی وشه‌ی زه‌ند و سه‌رهه‌ڵدان و ده‌ركه‌وتنی وشه‌ی زه‌ند كراوه، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه لێره‌دا بڵێت مێژووی زه‌ند زۆر كۆنتر و له‌پێشتره له‌وه‌ی كه هۆزی زه‌ند له ژێر چه‌تری له‌ك دا بێت. به ده‌یان ژێده‌ر و سه‌رچاوه به زمانه زیندووه‌كانی جیهان هه‌ن ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه هۆزی زه‌ند سه‌ربه هۆزی گه‌وره‌ی له‌كه.
له به‌شی پێنجه‌م له لاپه‌ڕه‌ی (156)دا ده‌ڵێت: (له پێش 5000 ساڵ ناوی زه‌ند هه‌بووه) له‌كاتێكدا له كتێبی (تاریخ ریشه نژاد كرد) له نووسینی(احسان نوری) ده‌ڵیت: له ساڵی 401پ.ز كزنفون مێژوونووسی ناوداری یۆنانی كه فه‌رمانده‌ی 10 هه‌زار سه‌ربازبووه كاتێك له ئێرانه‌وه گه‌ڕاوه‌تە‌وه له دۆڵ و شاخه‌كانی ده‌وروبه‌ری زاخۆ نزیك شاخی جودی رووبه‌ڕووی گه‌لی كاردۆ بوونه‌ته‌وه و ناوی پادشاكه‌شیان ئه‌رونتاس بووه.
حسێن علیخان مستەفا نەریمان داود الداودی
نه‌ته‌وه‌یه‌ك 2700 ساڵە هه‌یه، ئایا چۆن ده‌كرێت هۆزێكی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه پێنج هه‌زار ساڵ بێت هه‌بووبێت؟
له كتێبی (دوره پیش از تاریخ در جنوب غرب ایران)ی دكتۆر فرانگ هۆل باس له‌وه ده‌كات كه لوڕ و له‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد، كه‌وابێت ئیتر چۆن هۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌بێ كۆنتر بێت له نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی؟.
به ده‌یان سه‌رچاوه و ژێده‌ر هه‌ن ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه 2700 ساڵه هەیە، نه‌ك هۆزێكی نه‌ته‌وه‌ی كورد، لێره‌دا له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌رفه‌ت ناتوانم ئاماژه بە هه‌موو سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كان بدەم. پێویست بوو نووسەری کتێبەکە چاوێكی به مێژوودا بخشاندایه، بۆئه‌وه‌ی نه‌كه‌وتبایه‌ته ئه‌م هه‌ڵه مێژووییانه‌وه.
له لاپه‌ڕه 157 دا باس له‌وه كراوه كه ناوی زه‌نگاباد له پێشدا زه‌ندئاباد بووه، له سه‌رده‌می هاتنی ئاینی ئیسلامدا گۆڕدراوه بۆ زه‌نگاباد! و پێش ئه‌وه‌ش به زه‌ندیق ئاباد!
نازانم ئه‌مه له كوێوه هاتووه؟! (سوهه‌یل خورشید له كتێبی (مێژووی ناوچه‌ی كفری له كۆنه‌وه تا ساڵی 1958) ده‌ڵێت: «ناوی ئه‌م ناوچه‌یه یه‌كه‌مجار له كتێبی « الحوادث» دا هاتووه كه نووسه‌ره‌كه‌ی نادیاره. هه‌روه‌ها چوار بۆچوونی خستوه‌ته‌ڕوو كه ناوی زه‌نگابادی لێوه هاتووه. ئه‌گه‌ر له‌و چوار بۆچوونه‌ی نووسه‌ر و‌ردببینه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه له هه‌موو سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا به زه‌نگاباد هاتووه، فوئاد حه‌مه خورشید هه‌ر به زه‌نگاباد ناوی بردووه.
زیاتر له 50 سه‌رچاوه‌ی مێژووی ئه‌رشیفكراو له كـتێبخانه‌ی ئه‌نقه‌ره له توركیا هه‌ر هه‌موویان ناوچه‌كه‌یان به زه‌نگاباد ناو بردووه، هه‌روه‌ها سه‌نجه‌قی زه‌نگاباد ئاماژه‌ی پێداوه، سوهه‌یل خورشید ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سنووره جوگرافییه‌كه‌ی ئاسكی كفری و ناحیه‌ی جه‌باره و ئه‌و سنووره بووه تاكو نزیكی حه‌مرین نه‌وه‌ك ئه‌و سنووره جوگرافییه‌ی ئه‌مڕۆ كه نووسه‌ر له‌م كتێبه‌یدا ئاماژه‌ی پێداوه.
ناوچەی کوڵەجۆی سنووری گەرمیان لە نەخشەی ئیداریی هەرێمی کوردستاندا کە شوێنی نیشتەجێی زەندییەکان بووە
مامۆستا مسته‌فا نه‌ریمان كه له ده‌یه‌ی سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا مامۆستابووه له كوڵه‌جۆ، ناوچه‌كه‌ی هه‌ر به زه‌نگاباد ناوبردووه. به‌ڵام مێژوونووسی ئێرانی عیزه‌توڵڵا زه‌ندی ده‌ڵێت: ناوی زه‌ندئاباد بۆ یه‌كه‌مینجار له‌و كاته‌وه بۆ ئه‌م ناوچه‌یه به‌كارهێنرا كه (حسێن عه‌لی خان كوڕی چرا علی موحمه‌مه‌د تەقی خان كوڕی سادقخانی زه‌ند برای كه‌ریم خانی زه‌ند) هاتن و تێیدا نێشته‌جێبوون.
هه‌روه‌ك ده‌ڵێت: ( له پاش كوشتنی سادقخان و دوو له كوڕه‌كانی به ناوی حسێن خان و موحه‌ممه‌د نه‌قی خان به ده‌ستی عه‌لی موراد خان1781 یه‌كێكی تر له كوڕه‌كانی سادقخانی زه‌ند به ناوی چرا عه‌لی موحه‌ممه‌د تەقی خان كه له كاتی گه‌مارۆدانی شیراز دا له ده‌ره‌وه‌ی شار بووه، ده‌چێته جه‌نگه‌وه دژی عه‌لی مورادخان له شه‌ڕه‌كه‌دا تێكده‌شكێت، پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستگیر بكرێت، ژن و منداڵه‌كانی له‌گه‌ڵ دایكی و یه‌كێك له براكانی و هه‌ندێك له خزم و خزمه‌تكاره‌كانیان، له رێگەی كرماشانه‌وه خۆیان ده‌گه‌یه‌نن به شاری خانه‌قین، دواتر له ناوچه‌یه‌ك ده‌گیرسێنه‌وه كه دواتر به زه‌ندئاباد ده‌ناسرێت.
والی شاری به‌غدا به رینوێنی سوڵتانی عوسمانی دێته لایان و ئه‌و ناوچه‌یه‌یان پێ ده‌به‌خشێت و موڵك و سامانێكی زۆریان پێ ده‌درێت).
له‌مه‌وه بۆمان روونده‌بێته‌وه كه ناوچه‌ی زه‌ندئاباد تاكو پێش هاتنی حسێن عه‌لی خانی زه‌ند به زه‌نگاباد بەناوبانگ بووه، به‌ڵام له پاش هاتن و نیشته‌جێبوونی حسێن عه‌لی خانی زه‌ند له‌به‌ر ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه هه‌یبووه، له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانیشه‌وه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی پێ به‌خشراوه، ناوه‌كه‌شی گۆڕاوه بۆ زه‌ندئاباد، شایه‌نی باسه حسێن عه‌لی خان سێ كوڕی ده‌بێت به ناوه‌كانی (تاهیر خان و عه‌لی خان و سه‌فه‌ر خان) موحه‌ممه‌د عه‌لی سوڵتانی ده‌ڵێت: تاهیر خان كوڕێكی ده‌بێت به ناوی ئه‌حمه‌د، دواتر ده‌بێته مو‌فتی شاری به‌غدا و له‌وێشه‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئیستا‌نبوڵ.
عه‌لی خان و سه‌فه‌ر خان-یش ئێستا نه‌وه‌كانیان له زه‌ندئاباد نیشته‌جێن له‌وانه ( خێزانی كه‌ریم حه‌مید ئه‌حمه‌د نه‌زه‌ر سه‌فه‌ر حسێن عه‌لی خان، خێزانی محه‌مه‌د وه‌لید محه‌مه‌د، حه‌سه‌ن ئه‌مین عه‌لی خان، حسێن عه‌لی خان، خێزانی محێدین تۆفیق عەبدوڵڵا خان بابەكر خان، عه‌لی خان كوڕی حسێن عه‌لی خان كوڕی چرا عه‌لی محه‌مه‌د ته‌قی خان، خێزانی جاسم كوته‌ك، خێزانی وه‌هاب رۆسته‌م، خێزانی ئه‌حمه‌د عه‌زیزخان).
شایا‌نی باسه، ئێستاش باغی چراغ عه‌لی له كوڵه‌جۆیه كه له‌و سه‌رده‌مه‌ی له‌وێ نیشته‌جێبوون ئه‌و باخه‌یان درو‌ستكردووه.
هه‌روه‌ها ئاسیاوی بابه‌كر خان کە عوسمانییه‌كان پێیان بەخشیووه، ئێستاش شوێنه‌واره‌كه‌ی هه‌رماوه له كوڵه‌جۆیه كه به ئاو كاری كردووه.
گه‌وره‌ی ئه‌م هۆزه و ئه‌و خێزانانه‌ی كه له نه‌وه‌ی مه‌هدی خانی گه‌وره بوون، كه له‌م كۆچكردنه‌دا پێكه‌وه بوون، له دوای كوشتنی عه‌لی خانی زه‌ند له نزیك قه‌ڵای شێلان له ساڵی 1844 بابه‌كر خانی كوڕی بووه به گه‌وره‌ی زه‌ند تا ساڵی 1898 جگه له تیره‌ی مه‌شهه‌دییه‌كان كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی كوێخا حه‌سه‌نی مه‌شهه‌دیدا بوون، له دێهاته‌كانی زه‌ند ئاباد. به‌ڵام دڵسۆزییان هه‌ر هه‌بوو بۆ خێزانی حسێن عه‌لی خان.
جگه له‌م دوو كه‌سایه‌تییه هیچ كه‌سێك دیارنه‌بووه، به‌ڵام له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستەمدا، حه‌میده ره‌شی كوڕی خه‌لیفه سادق له گوندی له‌لبن ده‌بێته جێگه‌ی بایه‌خ بۆ هۆزی زه‌ند. ناوبراو دۆستایه‌تییه‌كی به‌هێزی هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د نه‌زه‌ر خان له كوڵه‌جۆ تا ساڵی 1914 و هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی عوسمانی و ئینگلیز، كه زۆربه‌ی پیاوه گه‌وره و كاریگه‌ره‌كانی زه‌ند كۆچی دواییان كردبوو، لێره‌وە ناوچه‌كه چووه قۆناغێكی نوێوه، به‌وه‌ی كه هه‌ر گوندێک كوێخایه‌ك بۆخۆیان دا‌بنێن، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كانیان، ئه‌م كه‌سانه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ژموونیان نه‌بووه به‌سه‌ر هۆزی زه‌نده‌وه، به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه به هاوكاریی كوێخاكان هه‌موو گوندەکانی زه‌ندئاباد بوون به موڵكی كه‌سانێك كه زه‌ند نه‌بوون و له ده‌ره‌وه‌ی زه‌ندئاباده‌وه هاتبوون، جگه له كوڵه‌جۆ کە له‌و كاته‌وه‌ی كه عوسمانییه‌كان به حسێن عه‌لی خانیان به‌خشیبوو، به ناویانه‌وه بوو تا ساڵی 1869 كرا به تاپۆ به‌ناوی بابه‌كر خانه‌وه له‌كاتی حكومڕانی مه‌دحه‌ت پاشادا.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا به‌پێی ئه‌و به‌دواداچوونه مه‌یدانییه‌ی كه کردوومانە و بە پرسیاركردن له‌كه‌سانی به ته‌مه‌ن و به ئه‌زمونی ناوچه‌كه، ئه‌وه روون ده‌بێته‌وه كه كوڵه‌جۆ ناوه‌ندی ناوچه‌ی زه‌ندئاباد بووه، چونكه یه‌كه‌م شوێن بووه له ناوچه‌ی زه‌ندئاباد حوجره و خوێندنی تێدابووه، قوتابخانه‌ی هه‌بووه، بازاڕ و دوكانی هه‌بووه.
نووسه‌ر له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه وا نیشانی خوێنه‌ری بدات كه زه‌ند سه‌ربه هۆزی گه‌وره‌ی له‌ك نییه و بۆچوونی 12 نووسه‌ری گه‌وره‌ی جیهان و ناوچه‌کە و ئێرانی هێناوه‌ته‌وه كه هه‌موویان هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه زه‌ند له هۆزی گه‌وره‌ی له‌كه. له‌و بڕوایه‌دام نووسه‌ر ئاگای له سایكۆلۆژیای نووسه‌ره خۆرئاواییه‌كان نییه، چونكه ئه‌گه‌ر زانیاریی هه‌بوایه ده‌یزانی كه هه‌موو گه‌ڕیده و نووسه‌ره خۆرئاواییه‌كان سه‌ره‌ڕای نووسینی لایه‌نه مێژووییه‌كه گرنگییه‌كی ته‌واویان به نووسینه‌وه‌ی راستی رووداو و دیارده‌كان وه‌ك خۆی داوه، شتێكیان نه‌نووسیوه وه‌ك خۆی نه‌بووبێت، چونكه ئه‌وان دواتر به‌رهه‌می ئه‌و نووسه‌رانه‌یان بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و میلله‌تانه به‌كارده‌هێنا، ئه‌وانه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بوون، له هه‌مان كاتدا سیخوڕیش بوون و ئامانجیان ئه‌وه بووه بارودۆخ و باری ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیۆگرافی و سایكۆلۆژی ئه‌و میلله‌تانه وه‌ك خۆی بگه‌یه‌نن به شوێنی مه‌به‌ست، تا له‌داهاتوودا ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت به ئاسانی به‌ده‌ستی بهێنن.
لێره‌دا به‌ڵگه‌ی مێژوویی ناهێنمه‌وه، چونكه خودی ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێدراوه له كتێبه‌كه‌یدا باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ وه‌ڵامی خودی نووسه‌ر.
ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌و نووسه‌رانه‌ی ئاماژه‌ی پێیان داوه، به‌رهه‌مه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی جیهان و ناوچه‌كه پشتیان پێ ده‌به‌سترێت له لێكۆڵێنه‌وه مێژووییه‌كاندا، كه‌چی نووسه‌ر ده‌ڵێت بڕوام به‌م نووسه‌رانه نییه!
له لاپه‌ڕه 165 ی کتێبەکەدا به شێوه‌یه‌كی نازانستی لێكدانه‌وه بۆ ناوی (لوڕ و كورد) كراوه، نووسه‌ری ئه‌م كتێبه ئه‌گه‌ر تۆزێك شاره‌زایی مێژوو بێت، ئه‌وه به‌و شێوه كرچ و كاڵه له‌سه‌ر مێژووی لوڕ و كوردی نه‌ده‌نووسی، ده‌ڵێت: له‌ك له دوو وشه پێكهاتووه، (ل+ ك) ل=لوڕ و ك= كورد. ئه‌م شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌یه ته‌نیا لای نووسه‌ری ئه‌م كتێبه به دیده‌كرێت، چونکە نووسه‌ر هه‌موو ژیانی له نێو عه‌ره‌بدا به‌سه‌ربردووه، بۆیه ئاساییه! ئه‌گه‌ر جیاوازیی نێوان پیت و وشه نه‌زانێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه زۆر هه‌ڵه‌ی رێنووسی دیار و زه‌ق له كتێبه‌كه‌دا هه‌یه. له هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی مێژوویی‌دا نه‌مبینیووه كورد (كالور یان كلور) بێت، ته‌نیا له‌م كتێبه‌دا نه‌بێت!
له به‌شی شه‌شه‌مدا با‌سی كه‌ریم خانی زه‌ند ده‌كات و ده‌ڵێت: محه‌مه‌د سادق موسه‌وی له كتێبی «كیتی كشای» ره‌چه‌ڵه‌كی عێلی زه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌وره عێلانی عیراق، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێچه‌وانه‌ی ئه‌و باسانه‌یه كه ده‌ڵێن زه‌ند له ئێرانه‌وه هاتوون.
نووسه‌ر كتێبی (تاریخ گیتی گشا)ی نه‌خوێندۆ‌ته‌وه كه به ته‌واوی با‌سی سه‌رده‌می حكومه‌تی زه‌ند ده‌كات. چونكه هه‌ر ناونیشانی كتێبه‌كه‌شی به هه‌ڵه نووسیوه، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مێژووی ئێران و ناوچه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه، ئه‌وا ده‌یزانی كه عیراق به‌شێك بووه له ئیمپراتۆریی ساسانی و په‌یڕه‌وانی ئاینی زه‌رده‌شتی و مۆگاكانی ئاینی زه‌رده‌شتی به زه‌ند ناوده‌بران، كه‌وابێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا زه‌ند وه‌كو ئایین و رێباز لەئارادابووە نه‌ك وه‌ك هۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌ك.
كتێبی (تاریخ جهان گشا) یان (تاریخ گیتی گشا در تاریخ زندیه) له‌لایه‌ن (میرزا محمد صادق موسوی اصفهانی) ناسراو به (نامی)یه‌وه نووسراوه كه له‌لایه‌ن خودی كه‌ریم خانی زه‌نده‌وه راسپێردراوه رووداوه‌كانی سه‌رده‌می حكومه‌تی زه‌ند به رۆژ و مانگ و ساڵ تۆمار بكات، یه‌كێكه له‌و به‌رهه‌مه به‌نرخانه‌ی كه باس له هه‌موو سوچ و كه‌له‌به‌رێكی سه‌رده‌می حكومه‌تی زه‌ند ده‌كات، ئه‌گه‌ربێت و هه‌رشتـێك له‌سه‌ر حكومڕانیی كه‌ریم خان بنووسرێت و ئاماژه به‌م كتێبه نه‌درێت، ئه‌وا ئه‌و به‌رهه‌مه به‌بێ كه‌ڵك هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئیحسان نوری پاشا د.سوهەیل خورشید فرانک هۆلی فوئاد حەمەخورشید
له‌لاپه‌ڕه (179)دا و له به‌شی حه‌وته‌می كتێبه‌كه‌یدا نووسه‌ر باس له محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند (محه‌مه‌د عه‌لی خان) (كوڕی كه‌ریم خانی زه‌ند) ده‌كات و گوایه هاتووه بۆ ناوچه‌ی زه‌نگاباد و له‌وێوه بۆ شێروانه و دوایی چووه بۆ فه‌قێ مسته‌فا. ده‌ڵێت: محه‌مه‌د عه‌لی خان له ساڵی 1758 له دایكبووه، دایكی كچی محه‌مه‌د ره‌زا كه‌ڵهوڕ بووه و ناوی قه‌ده‌م خێر بووه. هه‌روه‌ها با‌سی محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند ده‌كات و گوایه هاتووه بۆ ناوچه‌ی زه‌نگاباد و له‌وێوه بۆ شێروانه و دوایی چووه بۆ فه‌قێ مسته‌فا.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند محه‌مه‌د عه‌لی خان كوڕی كه‌ریم خانه، ئه‌وا كتێبی (گلشن مراد) له نووسینی میرزا ابوالحسن كاشانی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه و ئاماژه به‌وه ده‌دات كه هه‌ر شتێك له‌سه‌ر نه‌وه‌كانی كه‌ریم خانی زه‌ند بنووسێت و پێچه‌وانه‌ی ئه‌م كتێبه بێت (گلشن مراد)، ئه‌وا باوه‌ڕپێكراو نییه و نا په‌سه‌نده و ده‌ڵێت:
«محه‌مه‌د عه‌لی خان كوڕی كه‌ریم خان له ساڵی 1174 كۆچی مانگی له دایكێكی جوله‌كه‌ی تازه موسڵمان له دایكبووه و نه‌وه‌ی سێیه‌می كه‌ریم خانی زه‌نده و له دوای لابردنی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن عه‌لی مرادخان و به هاوكاریی ئه‌كبه‌ر خان كوێر ده‌كرێت.
ئێستا له شیراز ده‌ژی كه ساڵی 1206 كۆچی مانگی، پێش ساڵی 1209 كۆچی مانگی واتا پێش رووخانی ده‌سه‌ڵاتی لوتف عه‌لی خان به چه‌ند مانگێك كۆچی دوایی كردووه .
له لاپه‌ڕه 196دا نووسه‌ر ده‌ڵێت: محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند كوڕی كه‌ریم خانی بچووكه و هه‌ندێك ده‌ڵێن هه‌ر به محه‌مه‌د ئاغایان ده‌وت كه‌ریم خانی بچووك!.
به هه‌مان شێوه ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی له محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند كه‌ریم خانی بچووكه، ئه‌وا دكتۆر داود داودی وه‌ڵامی ئه‌مه‌شی داوه‌ته‌وه به وێنه و دیكۆمێنت كه كه‌ریم خانی بچووك هه‌ر له ئێران كۆچی دوایی كردووه و له وه‌سفی گۆڕه‌كه‌یدا ده‌ڵێت:
له‌سه‌ر كێلی گۆڕی محه‌مه‌د كه‌ریم خانی زه‌ند كوڕی سوڵتان مراد خانی زه‌ند و كوڕه‌زای كه‌ریم خانی زه‌ند نووسراوه (وفات مرحوم المغفور محمد) هه‌روه‌ها نووسراوه (كریم خان ولد سلطان مراد خان اولاده) له خواریشه‌وه نووسراوه( كریم خان زن مالك الملك باغله فی شهر رجب) له كۆتایی كێله‌كه‌دا 1309 نووسراوه كه مه‌به‌ستی ساڵی 1309 كۆچی مانگی كۆچی دوایی كردووه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سەرنجه له جێی وشه‌ی زه‌ند (زن) نووسراوه، گرنگی ئه‌م گۆڕه له‌وه‌دایه كه یه‌كێك بووه له دوایین هاوه‌ڵانی لوتف عه‌لی خان واتا گۆڕی (محه‌مه‌د كه‌ریم خانی زه‌ند) كوڕی سوڵتان موراد خانی زه‌ند كوڕه‌زای كه‌ریم خانی زه‌نده.
هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆخۆی باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی كه ده‌ڵێن محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند (كه‌ریم خانی بچووك بووه).
دڵنیام نووسه‌ری ئه‌م كتێبه شاره‌زایی نه‌بووه له مێژووی ئێران‌دا، بۆیه ئه‌م بێ سه‌روبه‌رییه به كتێبه‌كه‌یه‌وه دیاره.
به خوێندنه‌وه و وردبوونه‌وه له كتێبه‌كه، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه مه‌به‌ستی له محه‌مه‌د ئاغای زه‌ند محه‌مه‌د خانی كوڕی زه‌كی خانه كه گوایه هاتووه بۆ گوندی فه‌قێ مسته‌فا.
(اسماعیل سپهوند) له بابه‌تێكدا به ناونیشانی (بررسی روابط خاندان سلطنتى زند و خوانين بيرانوند در لرستان از جنگ سیلاخور تا سركوب محمد خان زند) كه له گۆڤاری (تاریخنامه خوارزمی) بڵاوی كردۆته‌وه وه‌ڵامی ئه‌وه‌شی داوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: محه‌مه‌د خانی كوڕی زه‌كی خان شۆڕشی دژی ده‌سه‌ڵاتی فه‌تح عه‌لی شای قاجاڕ به‌رپاكردووه به یارمه‌تیی عه‌شایه‌ری لوڕ و له‌ك و هۆزی به‌یرانوه‌ند، به هێزێكی كه‌مه‌وه رووبه‌ڕووی 15 هه‌زار کەس له سوپای قاجار ده‌بێته‌وه. له شه‌ڕه‌داكه‌دا تێكده‌شكێت و له‌كاتی چوونی بۆ به‌سره له‌لایه‌ن حاكمی شاری دیزەفوله‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێت و به بڕیاری فه‌تح عه‌لی شا كوێر ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی تارانی ده‌كه‌ن. ئه‌م روبه‌ڕوبوونه‌وەیە‌ش ناوچه‌ی (سیلاخور) بووه له ده‌وروبه‌ری لوڕستان. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا.
ئه‌و سێ به‌ڵگه‌یه ئه‌و راستییه ده‌رده‌خه‌ن كه نه كوڕی كه‌ریم خان و نه كوڕه‌زا و نه برازای هه‌رگیز روویان نه‌كردۆته كه‌ركوك و فه‌قێ مسته‌فا.
له كتێبی (تاریخ اردلان) شیرین ئه‌رده‌ڵان و (تاریخ زندیه) جان پری ئاماژه به‌وه دراوه كه له سه‌رده‌می كه‌ریم خانی زه‌نددا له‌شكرێك له سوپای زه‌ند له ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك جێگیر ده‌كرێن، له پاش رووخانی حكومه‌تی زه‌ند ئه‌و له‌شكره ناگه‌ڕێنه‌وه و له‌وێ ده‌گیرسێنه‌وه.
سه‌باره‌ت به یارانی لوتف عه‌لی خان دكتۆر داود داودی له لێكۆڵینه‌وه مه‌یدانییه‌كه‌یدا بۆ ئاوایی باخله وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی داوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: «له پاش جیابوونه‌وه‌ی سوڵتان موراد خان كوڕی كه‌ریم خان و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی به ناوه‌كانی محه‌مه‌د كه‌ریم خان و ئاغا خان روو ده‌كه‌نه گوندی باخله. قرمزی سوڵتانی كه حاكمی باخله و ناوچه‌كه بووه هاوسه‌ره‌كه‌ی پووری سوڵتان موراد خان بووه، بۆیه به گه‌رمی پێشوازیی له سوڵتان مراد خان و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌ی ده‌كات، قرمزی سوڵتانی دواتر كچه‌كه‌ی خۆی ده‌دات به محه‌مه‌د كه‌ریم خان كوڕی سوڵتان مرادخان واتا( كوڕه‌زای كه‌ریم خان) كه (لێره به كه‌ریم خانی بچووك ناسراوه).
دواتر ماڵ و موڵكی گوندی باخله هه‌مووی ده‌به‌خشێت به محه‌مه‌د كه‌ریم خان و نازناوی (مالك الملك)ی باخله‌ی پێ ده‌به‌خشێت.
محه‌مه‌د كه‌ریم خان له‌گه‌ڵ با‌وكی و براكه‌ی له‌وێ قه‌ڵایه‌ك بۆخۆیان بنیاتده‌نێن و لێره‌وه گوندی باخله بۆ هه‌میشه و به یه‌كجاریی ده‌كه‌ن به شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆیان.
گۆڕستانی ئاوایی باخله و قسه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵكی باخله به‌ڵگه‌ی ته‌واوماون دەدەنێ له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ی كه له باخله‌دا روویداوه، ئێستا زۆرێك له‌و خه‌ڵكه‌ی كه له باخله ده‌ژین، به كه‌ریم زه‌ندی بەناوبانگن.
له لاپه‌ڕه‌ی (196)دا باس له‌وه كراوه، كه ئه‌حمه‌د وه‌لی خان یه‌كێكه له نه‌وه‌كانی (محه‌مه‌د كه‌ریم خانی زه‌ند) وه‌ك دیاره ئه‌حمه‌د كوڕی وه‌لی خانه، لێره‌دا چۆن بووه به كوڕی محه‌مه‌د كه‌ریم خانی زه‌ند؟ ئه‌گه‌ر كوڕی نه‌بێت؟ ئه‌ی وه‌لی خان كێیه؟
لێره‌دا خالید ئاغای زه‌ند! بێ زانیاری و به شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی و به پێی خه‌یاڵی خۆی شتی داڕشتووه، بۆیه لێره‌دا بۆ ئه‌و و خوێنه‌رانی راستده‌كه‌مه‌وه، كه ئه‌حمه‌د وه‌لی خان له‌گه‌ڵ حسێن عه‌لی خانی ئامۆزای له پاش ئه‌وه‌ی كه محه‌مه‌د چرا ته‌قی خان ده‌یاننێرێت بۆ خانه‌قین و دواتر له‌وێوه بۆ (زه‌ندئاباد)، وه‌لی خان كوڕی نە‌در خان كوڕی مه‌هدی خانی گه‌وره چوار منداڵی ده‌بێت به ناوه‌كانی (ئه‌حمه‌د خان، عه‌لی خان، عه‌لی عه‌زه‌م خان كه به عه‌زیز ئاغا ناوبراوه، محه‌مه‌د خان، به منداڵی نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و تا سه‌ره‌مه‌رگ ده‌چێت و دواتر چاك ده‌بێته‌وه به خواوه‌خش و جه‌هانگیر ناوبراوه، كچێكیشی ده‌بێت به ناوی كه‌مه‌ر به‌ند، ئێستا نه‌وه‌كانیان ماون له كوڵه‌جۆ ده‌ژین، له‌وانه: عه‌لی دارا كوێخا ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئاغا عه‌لی عه‌زه‌م خان بۆ ماوەیە‌كیش كوێخا ئه‌حمه‌د كوێخای كوڵه‌جۆ بووه له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌د نه‌زه‌ر خان 1908 تا ساڵی 1918 جواد وادی سه‌عید قادر ئاغا عه‌زیز ئاغا وه‌لی خان، حاجی غێدان محه‌مه‌د خان خواوه‌خش وه‌لی خان، عەبدولڕه‌حمان مه‌حمه حاجی خواوه‌خش وه‌لی خان خواوه‌خش، شایه‌نی باسه كوڕه‌كانی خواوه‌خش له گوندی حاجی لوڕ نیشته‌جێبوون (زه‌ندی لوڕستانییه‌كان له‌ساڵی 1848).
سه‌باره‌ت به ئه‌حمه‌د وه‌لی خان كوڕه گه‌وره‌ی وه‌لی خانی زه‌ند كوڕی نه‌درخان كوڕی مه‌هدی خانی گه‌وره‌یه له شیراز له دایكبووه، پیاوێكی به‌هێز و به‌توانا و سه‌ربازی بووه، له دوای مردنی حسێن عه‌لی خانی ئامۆزای، فاتمه‌خانی كچی حسێن عه‌لی خان-ی هێناوە، به‌پێی قسه‌ی به‌ته‌مه‌نه‌كانی كوڵه‌جۆ له‌وانه حاجی محه‌مه‌د به‌فراو كه به‌فراوی دایكی كچی عەبدوڵڵای بابه‌كر خانی زه‌نده ده‌ڵێت: له باو‌و باپیرانمانه‌وه بیستوومانه كه ئه‌حمه‌د وه‌لی خان نه‌وه‌ی نه‌بووه ته‌نیا نه‌وه‌كانی عه‌لی عه‌زه‌م خان نه‌بێت، لێره‌وه بۆمان روون ده‌بێته‌وه كه نووسه‌ر به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی شته‌كانی نووسیوه، دیاره شێواندنی مێژوو خزمه‌ت به گەل و نه‌ته‌وه و مێژووش ناكات. هه‌روه‌ها له به‌دواداچوونه‌كانماندا له‌گه‌ڵ پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كانی زه‌ندئاباددا سه‌باره‌ت به كوشتنی ئه‌حمه‌د وه‌لی خان له دوای ساڵی 1829ز له سه‌رده‌می حوكمی داود پاشادا، له به‌غدا نه‌خۆشی تاعون له عیراق سه‌رهه‌ڵ ده‌دات، والی به‌غدا داوا ده‌كات له ده‌سه‌ڵاتدارانی بابان كه رێگەی سلێمانی سنه دابخه‌ن بۆ رێگریكردن له نه‌خۆشی تاعون دووبه‌ره‌كیی بابانەکان واده‌كات نێوان به‌غدا و بابان تێكبچێت، بۆیه بابانه‌كان مه‌یلیان بۆ قاجار زیادده‌كات، له به‌رامبه‌ردا قاجار و روسه‌كان داوا له بابان ده‌كه‌ن پشێوییه‌ك له سنووری ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی‌دا دروست بكه‌ن (لێره با‌سی ناكه‌ین)، به‌ڵام شه‌ڕی هۆزه‌كان ده‌ستپێده‌كات، جاف و بابان و قاجار وه‌ك هاوپه‌یمان له‌ك و زه‌ند و هۆزه‌كانی لوڕ به هاوپه‌یمانی عوسمانی له‌دوای شه‌ڕی بانیخێڵان له ده‌یه‌ی سێیه‌می سه‌ده‌ی نۆزده، قاجارییه‌كان ده‌شكێن و له‌ك سه‌رده‌كه‌وێت، زاهیربه‌گی جاف له‌سێداره ده‌درێت، له‌لایه‌ن بابانییه‌كانه‌وه كوشتارێكی زۆر رووده‌دات هه‌ر به‌و هۆیه‌وه هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی قاجاڕ تێكده‌چێت، جافه‌كان بڕیاری ئاشته‌وایی ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ زه‌ند و له‌ك له‌ساڵی 1835 زاینی‌دا، ئه‌م كاره‌ش ده‌بێته هۆی ئەوەی زیارتر تووڕەکردنی قاجاڕه‌كان. له دوای سێ ساڵ له ئارامی شەڕ له نێوان هۆزه كوردییه‌كاندا، رۆژێك عه‌لی خان و ئه‌حمه‌د وه‌لی خان و جیهانگیر خان ده‌كه‌ونه بۆسه‌یه‌كه‌وه کە له‌لایه‌ن قاجاڕییه‌كانه‌وه بۆیان دانرابوو، له شه‌ڕێكی ده‌ستەویه‌خه‌دا ئه‌حمه‌د وه‌لی خان عه‌لی عه‌زه‌م خان و محه‌مه‌د خانی برای بریندار ده‌بن، به‌ڵام دەڵێن کە ئه‌حمه‌د وه‌لی خان: له شه‌ڕه‌كه‌دا ده‌مرێت و بۆچوونێكی تریش ده‌ڵێت: دوای سێ رۆژ مردووە.
قەڵا دێرینەکەی کەریم خانی زەند لە ئوستانی لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان
ئه‌م رووداوه له به‌هاری 1839ز روویداوه، كوشتنی ئه‌حمه‌د وه‌لی خان به‌شێك بووه له پلانی قاجاڕ و بابان و عوسمانییه‌كان كه نه‌جیب پاشای عوسمانی رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینیووه بۆ كوشتنی سه‌رۆك هۆزه كورد و عه‌ره‌به‌كان.
له دوای كوشتنی ئه‌حمه‌د وه‌لی خان و زاهیر به‌گی جاف عه‌لی خانی زه‌ندیش ده‌كوژرێت. له‌ولاشه‌وه شێخی شه‌مه‌ر ده‌كوژرێت، شاوه‌یسی خوسره‌ویش له شاره‌زوور ده‌كوژرێت، به‌م شێوه‌یه ئه‌حمه‌د وه‌لی خان به ده‌ستێكی ده‌ره‌كی كوژرا.
یه‌ك كه‌سی ناودار هه‌بووه له سنووری زه‌ندئاباد كه ناوی مه‌عروف خان بووه، دوو ژنی هه‌بووه له ژنێكی كوڕێكی ده‌بێت به ناوی محه‌مه‌د له ژنی دووه‌می كه عه‌ره‌ب بووه كوڕێكی ده‌بێت به ناوی عه‌لی، محه‌مه‌د ده‌بێته باپیره‌ی كه‌سایه‌تی دیاری هۆزی زه‌ند ئیكرام عەبدولڕه‌حمان خورشید محه‌مه‌د مەعروف قازی جیهانگیر.
سه‌باره‌ت به شه‌ڕی زه‌ند و پاڵانی، قێزه‌وه‌نترین شه‌ڕ بووه له نێوان ئه‌م دوو هۆزه‌دا تەنانەت لە یه‌ك رەگن و وه‌ك برابوون، ئه‌م شه‌ڕه‌ش به‌هۆی هه‌ندێک نۆكه‌ری بێگانه‌وه هه‌ڵگیرساوه له كۆتایی ده‌یه‌ی شه‌شه‌م و سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی حه‌وته‌م و سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م له گوندی كه‌نه‌سووره (سێڵه‌وه‌نی و عه‌لۆش) روویداوه.
ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی زه‌ق و با‌سی كردووه گۆڕستانی باوه خوبیار كه گۆڕستانێكه تایبه‌ته به بنه‌ماڵه‌ی چرا عه‌لی ته‌قی خان، زیاتر له 280 گۆڕی تێدایه، له ساڵی 1980 چوار گومه‌زی هه‌بووە، دووانیان رووخابوو دووانیانیش نۆژه‌نكرابۆ‌وه، یه‌كێك له‌وانه‌ی كه نۆژه‌نكرایه‌وه ئارامگای ئه‌حمه‌د نه‌زه‌ر خانه كه له ساڵی 1916 كۆچی دوایی كردووه، ئه‌ویتر دوو گۆڕی تێدایه ئارامگای هه‌ردوو خانی زه‌ند (بابه‌كر خانی زه‌ند و محه‌مه‌د ئه‌مین خانی زه‌ند) كه له ساڵی 1894دا دروستكراوه، سه‌باره‌ت به‌و دووانه‌ش كه رووخاون یه‌كێكیان ئارامگەی حاجی موسای كوڕی محه‌مه‌د خانی زه‌ند كوڕی عەلی خانی زه‌ندبووه، ئه‌وی تریان ئارامگای عه‌لی عه‌زه‌م خان كوڕی وه‌لی خانی زه‌نده، به‌ڵام مخابن هه‌ردوو مه‌زاره‌كه له‌ساڵانی 1990 به‌ولاوه رووخاون، نووسه‌ر بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی ناوچه‌كه بێت و بێ ئه‌وه‌ی پرساری كردبێت و بێئه‌وه‌ی یه‌ك مردووی خۆی له‌و گۆڕستانه‌دا بێت، هاتووه با‌سی مێژووی ئه‌و گۆڕستانه ده‌كات، نووسه‌ر خۆی به ره‌سه‌ن خه‌ڵكی گوندی قه‌ره‌بڵاغه، ده‌بوو با‌سی گۆڕستانی ئه‌و گونده‌ی كردبا كه گۆڕی باو و باپیرانی له‌وێن.
لیستی سه‌رچاوه و ژێده‌ره‌كان:
1-مێژووی ناوچه‌ی كفری له كۆنه‌وه تا ساڵی1958، سهیل خورشید عزیز چاپخانه‌ی یاد 2013
2-تاریخ ریشه نژاد كرد، احسان نوری، چاپخانه پیر‌وز1361ه.ش.
-3-كریمخان زند و خلیج فارس، احمد فرامرزی، چاپخانه دارورپناه، تهران 1346ه.ش.
4-دوره پیش از تاریخ در جنوب غرب ایران»لرستان» فرانك هول، ترجمه، سكندر امان الهی بهاروند، انتشارات اداره فرهنگ و هنرستان لرستان.
5-تاریخ جغرافیایی و اجتماعی لرستان، حمید ایزد پناه، انتشارات وزارت فرهنگ و ارشاد اسلامی، چاپ اول تهران1376ه.ش.
6-لرستان و قوم كاسیت، محمد سهرابی، انتشارات افلاك خرم اباد 1376ه.ش.
7-تاریخ گیتی گشا در تاریخ زندیه، محمد صادق موسوی اصفهانی، چاپ دوم، تهران 1363ه.ش.
8-گلشن مراد، ابوالحسن غفاری كاشانی، غلامرضا طباطبايی مجد، انتشارات زرین1369ه.ش.
9-بررسی روابط خاندان سلطنتى زند و خوانين بيرانوند در لرستان از جنگ سیلاخور تا سركوب محمد خان زند، اسماعیل سپهوند، مجله تاریخنامه خوارزمی سال پنجم، شماره 16، تابستان1369ه.ش.
10-بررسی روایتی از بازگشت همراهان لطفعلى خان زند به ملك باخله، داود داودي مجله مطالعات ايران شناسى، شماره 16، سال ششم بهار 1399ه.ش.
11-اربعة القرون من تاریخ العراق الحدیث، ستیفن همسلی لونغریغ، ترجمه: جعفر خیاط
12-عزت الله زندی، ده‌ستنوس.