رۆژی 3/8/2024، رێك 10ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەكانی شنگال و دەوروبەریدا تێپەڕی، كە تێیدا چەتەكانی داعش قەتڵوعامی خەڵكەكەیان كرد و بەشێكی زۆری ژنەكان و منداڵەكانیان رفاند كە بەپێی دوا ئامار نزیكەی دوو هەزار ژن و منداڵ -ی ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن.
كارەساتەكەی شنگال، هەرگیز لە مێژوودا وا بەئاسانی لە بیرناكرێت، چونكە جینۆسایدێكی بێوێنە بووە دەرهەق بە هاونەتەوەی ئێزدییمان كرا لەو ناوچەیە.
تایبەت بەم باسە، ماوەیەك بەر لەئێستا، رۆژنامەوانێكی ئیتالی بەناوی (سارا لوكارۆنی) كتێبێكی لەسەر ئەم كارەساتە دڕەندانەیە نووسی، بەناوی (رووناكیی شنگال)، بێگومان ئەم رۆژنامەوانە كە خۆشی ژنە، زیاتر هەستی بە ئازاری ئێزدییەكان كردووە، بۆیە كاتێك لەبارەی كتێبەكەوە لێی دەپرسن، سەرچاوەی كتێبەكەت لەچییەوە وەرگرتووە؟، لەوەڵامدا دەڵێت: «من تەنیا سەرچاوەی راستەوخۆم بەكارهێنا، كتێبەكە وەك چاوپێكەوتنێكە و تیایدا باس لە یەكەم سەردانم بۆ شنگال دەكەم.
دوای ئەوەی رێكاری پێویستی ئەمنی گیرایەبەر، من رووم كردە كوردستانی عیراق و بۆئەوەی خۆم بگەیەنمە گروپێك شەڕڤان كە لەپێناوی ئێزدییەكاندا لەدژی داعش شەڕیان دەكرد، كەوتمەڕێ.
من ئەنجومەن و ریشسپیی گوندەكان، ئەو ژنانەی رفێندرابوون و دواتریش رزگاركرابوون، هەروەها رزگاربووانی كۆمەڵكوژییەكە كە نائومێدانە هەوڵیان دەدا سۆراخی خوشك و كچەكانیان بكەن و بیاندۆزنەوە، ناسیمن و هەموو ئەوانە بوونە سەرچاوەی كتێبەكەم».
ئەگەر دیقەت بدەن، ئەم رۆژنامەوانە ئەوروپییە لەدوای شاڵاوی جینۆسایدەكەوە، چۆتە شنگال و خەڵكەكەی بینیووە و ئەم كتێبە مەزنەی نووسیوە كە كاریگەریی و رۆڵی زۆر هەبووە لە ناسینی ئێزدییەكان و جینۆسایدی شنگال و دڕەندەیی داعش بە دونیای دەرەوە. ئەمە لەكاتێكدایە چەندین رۆژنامەوانی لۆكاڵی خۆمان لەهەرێمی كوردستان، هەر راستەوخۆ لەكاتی هێرشە داگیركارییەكەی داعشدا لەناو رووداوەكاندا بوون و خاوەنی چەندین بەڵگەنامە و وێنە و ڤیدیۆ و دیداری تایبەتن، ئەوە جگە لەو سەرنجە رۆژنامەوانییانەی كە خۆیان وەكو یەكێك لە شایەتحاڵەكانی جینۆسایدەكە تۆماریان كردووە، كەچی تائێستا هیچکام لەو رۆژنامەوانانە بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی دارایی و مەعنەوییەوە ئەم كارەساتەیان وەكو پێویست نەگەیاندووە بە رای گشتی، كە من پێموایە ئەو بەڵگە و وێنە و ڤیدیۆ تایبەتانەی كارەساتەكە و تۆماركردنی راكردنی خەڵكەكە بۆ چیای شنگال و ئاوارەی سوریا و هەرێمی كوردستان كە لای ئەم رۆژنامەوانانەیە، زۆر دەگمەنن و پێویستە ئاوڕیان لێبدرێتەوە و وەكو مێژوویەكی خوێناویی و دڕندانەی داعش و هاوئاوازەكانیان و بەپێچەوانەشەوە مێژوویەكی پڕلە سەروەریی و خۆڕاگری خەڵكی شنگال - یش پیشان بدرێت كە پێموایە دەبێتە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگتر و پڕبایەختر لە كتێبەكەی ساری لۆكارۆنی.