ناوم بەهێز حسێن فەرەج ناسراوم بە (بەهێز حوسێن) و ئەم ناوەش لەسەر پێشنیاری ستران عەبدوڵڵا بووە. ساڵی 1974 لە هەڵەبجە لەدایكبووم.
خوێندنی ئەو نەوەیەی ئێمە لە هەڵەبجە پڕ لە كوێرەوەریی بوو، بەهۆی ئەوەی هەڵكەوتەی هەڵەبجە نزیك سنوورە لە شەڕی عیراق – ئێراندا، هەر چەند مانگێك، یان چەند ساڵێك لە قوتابخانەیەك و چەند شارێك خوێندوومە لە هەڵەبجە و سلێمانی و قەزای شارەزوور، لە دووی بەشی كارەبا بووم لە ئامادەیی پیشەسازی، راپەڕین بەرپا بوو ئیتر دەستم لە خوێندن هەڵگرت و لە كەرتی رێكخستنی زەڕایەن بووم بە پێشمەرگە.
بەهێز حسێن بە دوالاپەڕەی وت: وەكو پیشە لە ساڵی 1994 لە راگەیاندنی ئازادی لە سلێمانی كاری راگەیاندنم دەستپێكرد، من بۆ كامێرامانی چووم، بەڵام كە گوێیان لە دەنگم بوو، پێشنیاریان كرد ببمە بێژەر لە رادیۆ و تەلەفزیۆن، دەیان خولی راگەیاندنم لە ناوخۆ و دەرەوە بینیووە، ئێستاش گوێ هەڵدەخەم، لە هەركوێ خولی راگەیاندن هەبێت هەوڵ دەدەم بچم، ئەگەرچی خۆشم لە چەندان خولی راگەیاندندا وانەم وتۆتەوە، تەكنیكی میدیایی لە گۆڕانی بەردەوامدایە، بۆیە دەبێت لێی دانەبڕێیت و هەرگیز نەڵێیت ئەوەی فێری بووم و دەیزانم بەسمە .
لەبارەی كاری بێژەرییەوە وتی: كاری بێژەری وەك سەردەمی پێشوو بە واتا كلاسیكەكەی نەماوەتەوە كە بریتیبوو لە خوێندنەوەی ئەوەی بۆت دەنووسرایەوە، بەڵكو ئێستا كاری بێژەری راستەقینە زۆر گەورەترە و دەبێت پانتاییەكی رۆشنبیری و سیاسی و زمانەوانی و فەرهەنگی هەبێت و شارەزای هونەرەكانی دەنگ و گۆ و نواندن بێت، بێژەری راستەقینە دەبێت كەسایەتی كارێزمای هەبێت و بتوانێت شاشە داگیر بكات نەك پڕی بكاتەوە، دەبێت بەدواداچوونی هەبێت و ئاگاداری رووداوەكان بێت و نزیك بێت لەو كارەكتەرانەی لەم وڵاتەدا بڕیار بەدەستن و سیاسەت دەكەن .
میدیا پیشەسازی و بزنسە و ئەوەی وەك پیشە لە بوارەكەدا كاردەكات دەبێت پێی بژی، بەڵام من عاشقی كاری میدیاییم و ئەگەر بۆ پارە و دەوڵەمەندبوون كارم لە میدیا بكردایە ئەوا هەر دوو ساڵ و لە میدیایەك دەردەكەوتم و هیچ گرێبەستێكم نەدەكرد، پارەكەی قەبە نەبوایە، سوپاس بۆ خوا بژێوییەكی ئاساییمان بۆ دابینكراوە .
كەناڵی گەلی كوردستان بۆ من وێستگەیەكە كە تەواوی ئەزموونی كاری میدیایمی گۆڕی، تەمەنێكمان تێدا بەڕێكرد كە پڕی بوو لە داهێنان و بەرپرسیارێتی و رووبەڕووبوونەوە و ئاڵنگاریی، ئەوەندەی لە كاركردن بووم لەو كەناڵە ئەوەندە لە ماڵی خۆم نەبووم، كەناڵی گەلی كوردستان بنە و ماڵی دووهەمە بۆ من و قوتابخانەیەكی ئاست بەرزی رەوشت و راستگۆیی و كوردایەتی و نیشتمانی باڵایە بۆ من .
دەیان بەرنامەم لە رادیۆ و لە تەلەفزیۆن پێشكەش كردووە، بەڵام ئەوەی زیاتر پێی ناسرام بەرنامەی ( گەرماوگەرم )بوو كە سەرتۆپی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكانی كوردستان بوو
لەمڕۆدا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیاوە بینەر دابەشی سەدان كەناڵ و سەكۆی تری میدیایی بووە، بینەر بەرنامەیەكی دەوێت كە زانیاری پێبدات و خۆی تێدا ببینێتەوە، ئەمڕۆ بەرنامە زۆرن و قسەی زۆریشیان تێدا دەكرێت، بەڵام هیچ ئیزافەیەكیان نییە و بینەر تێرناكەن و دەتوانین بڵێین هەر كات كوشتنە .
حەز بەوە دەكەم هەر بەرنامەیەك دەكەم سوودی گشتی خەڵكی تێدابێت و زانیاری راست بگەیەنم، ئەمەوێت ئەو قسانەی لە بەرنامەكەدا دەكرێت بەرچاوڕوونی بێت بۆ خەڵك و حكومەت و حزبەكان و دەست بخەینە سەر گرفتەكان و بەشێكیش بین لە چارەسەر.
پێویستە ئەم فەوزایەی بە ناوی ئازادیی كاری میدیایی هێنراوەتە ئاراوە رابگیرێت، خەڵكی ئێمە پێویستی بە ئارامكردنەوەی دەروونیان هەیە، كەی بەرگەی ئەم هەموو هەواڵی فەیك و شەڕەدەنوكی هەڵتۆقیوەكانی ناو كۆمەڵگەی هەیە!؟.
ئالان محەمەد جەزا