لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە

مەكتەبی سیاسی: بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكە، قەرەبووی زیانلێكەوتوان و گەڕانەوەی ئاوارەكان

12:02 - 2024-08-04
کوردستان
198 جار خوێندراوەتەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە یادی دە ساڵەی جینۆسایدی  شەنگالدا، پەیامێكی بڵاوكردەوە.
لە پەیامەكەدا هاتووە: دە ساڵ بەسەر جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تێپەڕ دەبێت، كە گەورەترین تاوانە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەكدا، ئاماژە بەوەش دراوە: بە داخەوە لەم كارەساتەدا كەسوكارمان لە ئێزدیان لەبەردەم شاڵاوی تیرۆریستاندا بە تەنیا هێڵرانەوە، راكردن و كەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا كەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی كارەساتەكەدا، وێڕای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و كەم و شانبەشانی رێكخستنەكانی لە دەڤەرەكە، دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستكرد بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگاركردنی ئەوەی لەتوانادایە.
هەر لە پەیامەكەدا هاتووە: دوای پرۆسەی  رزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعشدا، هەوڵەكانی یەكێتی لە ناوخۆی كوردستان و عیراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتی حكومەتی هەرێم و فیدراڵ  و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لە كەیسی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكە، رزگاركردنی زیندووان،  قەرەبووی  زیانلێكەوتوان و  لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەكی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی كارەساتەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان