حسێن عەزیز
بە ئامادەبوونی د.ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەشێک لە لێپرسراوانی ئیداریی سنوورەکە و مامۆستایانی زانکۆ، ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو.
دکتۆر فەرهاد قادر سەرۆکی پێشووی زانکۆی گەرمیان بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێش دوو مانگ لە تەواوکردنی چوار ساڵی ماوەی یاسایی وەک سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، داوای بەخشینم لە پۆستەکەم کرد وەک سەرۆکی زانکۆ، بەخۆشحاڵیەوە بەڕێز پ.د.ئاراس فەریق زەینەڵ، وەک سەرۆکی نوێی زانکۆی گەرمیان لە جێگەی من دەستبەکاربوو.
هەر لەو بارەیەوە، د.ئاراس فەریق سەرۆكی نوێی زانكۆی گەرمیان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دوای دەستبەکاربوونم، كۆمەڵێک بەرنامەی ستراتیژیمان هەیە بۆ زانكۆی گەرمیان و سنووری گەرمیان كە پێویستی بە كاركردنە بۆ پێشخستنی، لەو پێناوەشدا كاردەكەین بۆ ئەوەی زانكۆی گەرمیان لە رووی رانكینەوە پێشبخەین و چارەسەری گرفتی متمانە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق بكەین بۆ ئەوەی ئیعترافی زانكۆكە وەربگرین.
سەرۆكی نوێی زانكۆی گەرمیان وتیشی: پشتگیری تەواو لە مەسەلەی دڵنیایی جۆری دەكەین، كە وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند ساڵێكە كاری بۆ دەكات و هەنگاوی باشی ناوە.
راشیگەیاند: هیچ بەشێكی زانستیمان لێ زیاد نییە، هەوڵ دەدەین بەشی نوێی زانستی بكەینەوە كە بازاڕ پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی دەرچووەكانمان لە بازاڕدا كاریان دەستبكەوێت و پەیوەندی ئەكادیمیمان هەبێت و گەشەی پێبدەین لە گەڵ زانكۆكانی عیراق و كوردستان و دەرەوەدا.