هێمن ئەحمەد
لەسەر داوای ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی، وەزارەتی تەندروستیی عیراق ئامێرێكی نوێی رەنین بۆ نەخۆشخانەی ئازادیی فێركاری كەركوك، دابین دەكات.
د.گەیلان قادر ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێشووتر تەنیا یەك ئامێری رەنین لەو نەخۆشخانەیە هەبوو، ئەوەش لۆدێكی زۆری لەسەر نەخۆشخانەكە و مایەی ناڕەحەتیش بوو بۆ نەخۆش، كە رۆژانە نەخۆشێكی زۆر بۆ گرتنی تیشكی رەنین روویان لە نەخۆشخانەكە دەكرد و نەخۆش نۆرەی چەند مانگی بۆ دەنووسرا، بەڵام بە دانانی ئەم ئامێرە، ئاسانكاریی تەواو بۆ نەخۆشخانەكە و نەخۆشەكانیش دەكرێت.
باسی لەوەشكرد كە ئاشكرایە نرخی ئەو تیشكی رەنینە لە دەرەوەی نەخۆشخانەكان زۆر گرانە و لە توانای بەشی زۆری نەخۆشدا نییە، بۆیە ئەوەی لە توانای ئێمەدا هەبێت بۆ خزمەتكردنی كەركوك و كەركوكییەكان، درێغی ناكەین.