ئەزموونە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەڕێوەدەچێت

09:33 - 2022-06-26
ڕاپۆرت
770 جار خوێندراوەتەوە
رەخنەو پێشنیاز پێش دەستپێکردنی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی خرایەڕوو

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

وەك وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە بڕیارە رۆژی دووشەممە 27/6/2022 خولی یەكەمی ئەزموونە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی (2021-2022) دەستپێبكات. رۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت و ماوەی  یەك مانگ بەردەوام دەبێت. بۆ ئەمەش 107 و 135 خوێندكار لە سەرتاسەری هەرێم  لە دوو هەزار هۆڵ بەشداری لەو ئەزموونانە دەكەن.

رەخنەو پێشنیاز
هەر بۆیە لێپرسراوێكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان چەندین پێشنیار بۆ وەزارەتی پەروەردە ‌و لیژنەی باڵا ئەزموونەكان لەپێناو باش بەرێوەچوون پڕۆسەكە و دووبارە نەبوونەوەی هەڵە و كەموكورییەكانی ساڵانی رابردوو دەخاتەڕوو.
عیسا حسێن، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند: لەپێناو باش بەڕێوەچوونی ئەزموونە گشییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی(2021-2022)، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە بەرێوەبچێت، چەندین پێشنیازمان بۆ وەزارەتی پەروەردە‌ و لیژنەی باڵای ئەزموونە گشتییەكان هەیە.
وتیشی: یەكێك لەو پێشنیارانە رێگا گرتنە لە دزەكردنی پرسیارەكان و گزی و قۆپیە لەلایەن هەندێك لە خوێندكارانی ئەو قۆناغە، تاكو پرۆسەكە بەشێوەیەكی ئاسایی بەرێوەبچێت و هەر خوێندكارێك بە گوێرەی توانای خۆی بگات بە بەشی زانكۆ و پەیمانگاكان، بۆ ئەمەش پێویستە لیژنەی باڵای ئەزموونەكانی وەزارەتی پەروەردە هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ رێگەگرتن لەو دیاردەیە.

هەڵەی زانستییە
راشیگەیاند: وردبینی لە دانانی پرسیارەكان و نەکردنی هەڵە و كەموكوڕی، داواكارییەكی تری ئێمەیە بۆ وەزارەتی پەروەردە، چونكە لە ساڵانی رابردوو بەهۆی بوونی هەڵە لە پرسیارەكان،  خوێندكاران زیانی زۆریان بەردەكەوت، زۆرجاریش ئەو هەڵانەی دەكرێت هەڵەی زانستییە، نەوەك هەڵەی چاپ و رێنووس.
پێشیوایە: ئەو جۆرە هەڵانە كارەساتە چونكە ئەزموونەكانی 12ی ئامادەیی  چارەنووسی خوێندكار دیاری دەكەن،  ناكرێ لەسەر هەڵەیەك كە تاوانی خوێندكار  نەبووە ئەو باجەكەی بدات و ئایندەی ژمارەیەكی زۆر لە گەنجان بە فیڕۆبچێت، بۆیە پێشنیازمان كردوە لە كاتی دانانی پرسیارەكان چەندین جار پێداچونەوەی بۆ بكرێت و تەئكید لە راستی و دروستیان بكرێتەوە.
عیسا حسێن كە هاوكات سەرپەرشتیاری پەروەردەییە ئاماژەی بەوەشكرد: بەو پێیەی هەردوو خولی یەكەم و دووەمی تاقیكردنەوەكان دەكەوێتە ناوەڕاستی وەرزی هاوین، پێویستە ئامێرەكانی فێنکكەرەوە و ئاوی پاكی خواردنەوە بۆ هۆڵەكان دابینبكرێت و كێشەی كارەبا چارەسەر بكرێت، چونكە هەر كەموكوڕیەك لەو بارەیەوە كاریگەری نەرێنی لەسەر توانا و ئاستی خوێندكاران دەبێت.

کاتەکەی گونجاو نییە
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی مامۆستایان جەختیشیكردەوە: بڕیاری هێنانە پێشەوەی وەرزی دووەمی ئەزموونەكان،  كە تەنها  15 رۆژ دوای وەزی یەكەمی دەستپێدەكات، كەموكوڕیەكی ترە پێمانوایە ئەو بڕیارە هیچ بنەمایەكی زانستی نییە و جێگەی سەرسوڕمانی ئێمەیە، چونكە لەلایەك ئەركی خوێندكاران زەحمەت تر دەكات، لەلایەكی تر دەبێتە هۆی پێشێلكردنی مافی مامۆستایان، چونكە بەگوێرەی یاسا و رێنماییەكان مانگەكانی حەوت و هەشت بۆ مامۆستا پشووە و ئەگەر لەو ماوەیە نەیەتە هۆڵەكانی  ئەزموونەكانیش وەزارەتی پەروەردە بۆی نییە سزای بدات.
ئەوەشی خستەڕوو: بەو بڕیارە زیانێكی تر بە خوێندكار دەگات، بەتایبەتی ئەوانەی سەرجەم وانەكانیان لە وەرزی یەكەم بۆ وەرزی دووەم دەهێڵنەوە‌ و دوادەخات، ئەوان  هیچ دەرفەتێكیان لە بەردەم نامێنێت، بۆ پێداچوونەوە بە وانەكانیان، بۆیە بەباشی دەزانین بۆ ساڵی داهاتوو كار بەو بڕیارە نەكرێت، بەڵكو هاوشێوەی ساڵانی پێشوو خولی یەكەمی ئەو ئەزمونانە لە مانگی شەش بکرێت ‌و خولی دووەم لە مانگی نۆ  بکرێت.

خەرجكردنی كرێی هاتوچۆ
هەروەها لێپرسراوەكەی یەكێتی مامۆستایان داوای زوو خەرجكردنی  كرێی هاتوچۆ بۆ ئەو مامۆستا و بەرێوەبەرانە دەكات كە ئەركی چاودێركردن و سەرپەرشتیكردنی هۆڵی ئەزموونەكانیان  لە ئەستۆیەدا، چونكە چەند رۆژێكە مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی كرێی ساڵی رابردوویان وەرگرتووە،  ئەمەش جێگای نیگەرانی ئێمەیە، چونكە جگە لەوەی دوا دەكەوێت، بڕەكەشی زۆر كەمە و شایستەی ئەرك و ماندوو بوونی مامۆستایان لەو پڕۆسە گەورە و گرنگەدا  نییە.
لەبەرامبەردا لێپرسراوانی وەزارەتی پەروەردە رایانگەیاندووە 107هەزار و 135 خوێندكار  بەشداری ئەزموونە گشتیەكانی ئەمساڵی 12ی ئامادەیی
(2021-2022)دەكەن،  بۆ ئەو مەبەستە زیاتر لەدوو هەزار هۆڵیان ئامادەكردووە.

ئامادەکاریی کراوە
راشیدەگەیەنن ئەوان ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ بەرێوەچوونی ئەو ئەزموونە، بۆ ئەمەش رێوشێنەكانی گزی و ساختەكاریان توندتر كردۆتەوە، تاكو خوێندكاران بە مافی خۆیان نمرەی پێویست بەدەستبهێنن.
وەك باسی دەكەن  یەكێك لەو رێكارانە پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێتە بۆ ماوەی سێ سەعات، ئەمە جگە لە قەدەغەكردنی هەرجۆرە مۆبایلێكی زیرەك بۆ ناو هۆڵی ئەزموونەكانن لەلایەن مامۆستا و سەرپەرشتیارانی پرۆسەكە.
ئاماژە بەوەشدەكەن لەگەڵ چەندین وەزارەتی پەیوەندیدار لەوانە (ناوخۆ و تەندروستی و گواستنەوە و گەیاندن) هەماهەنگیان كردوە تاكو پڕۆسەكە بەو جۆرە بەڕێوەبچێت كە بەرنامەی بۆ دانراوە.

#ئەزموونە گشتییەكانی پۆلی 12

بابەتە پەیوەندیدارەکان