خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی کەشکۆڵی ئاغا

11:47 - 2024-08-08
کەلتور
539 جار خوێندراوەتەوە

کەمال جەلال


کتێبی (کەشکۆڵی ئاغا) عومەری کەریم ئاغا نووسیوێتی، ئەو ئەکتەرە بە توانا و بە ناوبانگەی بواری شانۆ و  شاشەی تەلەفزیۆن کە رۆڵی بەرچاوی هەیە و هەبووە، زۆرینەمان بە هۆی کارە هونەرەکانییەوە هەر لە منداڵیمانەوە ناسیومانە.
نووسین بە شێوەیەکی ئازاد هاندەرێکە بۆ داهێنان، نووسینەوە و خستنە سەر لاپەڕەی یادەوەری و تایبەتر یاداشتی رۆژانە، یارمەتیدەری گەیشتنە بە ئامانجەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و گەشەپێدانی خود، لەم دیدەوەیە عومەری کەریم ئاغا لە حەوت کەشکۆڵدا مەودایەک دەسازێنێ بۆ دەربڕینی بیرکردنەوە و هەستەکانی، دەرچەیەکی دروستی واڵا کردووە وەک پرۆسەیەک بۆ خۆبەشین و بە ناڕاستەوخۆ رزگاربوون لە توڕەیی و فشارە جیاوازەکان، دەزانێ یارمەتیدەرێتی بۆ رزگاربوون لە دڵتەنگی کۆکراوەی تەمەن، دەروازەی روونی دەربڕینی سوپاسگوزاریی و هەستە خۆشەکانێتی بۆ خەڵک و شارەکەی. 

 ئاغا لە کەشکۆڵەکەیدا بە روونی و ئاشکرا رووبەڕووی تەحەدییەکان دەبێتەوە و بە شێوەیەکی بابەتییانە شیکردنەوە بۆ دۆخی ژیان و گوزەرانیش دەکات، بە کورتی و بە دەستەواژەی خۆئاسا، بە قسەی نەستەق و چوارینە دوای چارەسەرەکان دەکەوێ و ئەگەر و تێڕوانینەکانی بەیان دەکات

ژیانی پڕ چەرمەسەری گەلەکەی
ئاغا ئاماژە بەم دونیا گەورە و بێ سۆز و بەزەییە دەکات کە چۆن دڵڕەقانە بەربۆتە قوربانی و ماندووبوونی خەڵکەکەی و رابردوویان دەسڕێتەوە. لە چوارینەکانیدا ئاغا بە ئاشکرا ژیانی پڕ چەرمەسەری گەلەکەی دەخاتەڕوو کە چۆن چۆنی لەم دونیا نەخوازراوەدا دەگوزەرێ کە دەسەڵات تیایدا نامۆیە، بەڵام ئاغا پڕە لە رابردوویەکی جوان، دەنواڕێ لە گرد و شاخ و شار و گەڕەکی، لە خەڵکەکەیشی کە بوونەتە بەشێک لە جەستە و رۆحێکی کۆمەڵایەتی کە ئاماژەکانی بە باڵا نواڕێنێتی لێیان. چونکە باش روونی دەکاتەوە کە رابردوویەکی هەیە جوان و درەوشاوە کە تێیدا بڕوای بە یەکسانی و دادی کۆمەڵایەتی هەیە و بۆی جەنگاوە و قوربانیشی بۆ داوە. 
بۆیە ئاغا راستگۆیانە کەڵکەڵەی نووسینەوەی یاداشت و بیکردنەوە و یادەوەرییەکانی دەخاتە سەر کاغەز. من تەنها بەرگی حەوتەمی کەشکۆڵەکەییم خوێندۆتەوە، بریا ئەوانیترم بدیبا، هەوڵیش دەدەم بەدەستیان بهێنم و بیان خوێنمەوە، بەڵام ئاغا هێند ئازیزی من و  شارەکەمە نەمتوانی خۆڕاگرم تا بگەڕێمەوە بۆ خوێندەوەی گشت بەرگەکانی و ئینجا بم نووسیبا،  ئەوەی خوێندمەوە روون و رەوانی ئاغایە لە هەست و ئەزموونی و تا ئامانجەکانی، دەربڕینەکانی دەرخەری ئەوەن کە باشتر لەخۆی تێدەگات و بێ پێچوپەنا بیرکردنەوە و هەست و رەفتارەکانی دەستنیشان دەکات و دەیان خاتەڕوو. بۆیە ئەم رێگایەی گرتۆتەبەر تا نووسینەوەی یادەوەری و یاداشتکردنە رۆژانەکەی بەوردبینی و زەینییەوە لەساتەوەختدا دەتوانێت سەرنجمان بۆ لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ژیان و کۆمەڵ راکێشێت و روانین و ژیان بگۆڕێت، ئەمەش دیدی گەشبینانەی ئەم مرۆڤە رووخۆش و بە ویقارەی شارەکەمە بۆ چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکان کە ئەزموونیکردوون.

بە روونی و ئاشکرا
 ئاغا لە کەشکۆڵەکەیدا بە روونی و ئاشکرا رووبەڕووی تەحەدییەکان دەبێتەوە و بە شێوەیەکی بابەتییانە شیکردنەوە بۆ دۆخی ژیان و گوزەرانیش دەکات، بە کورتی و بە دەستەواژەی خۆئاسا، بە قسەی نەستەق و چوارینە دوای چارەسەرەکان دەکەوێ و ئەگەر و تێڕوانینەکانی بەیان دەکات، کە رەنگە بۆ هیچمان لە تەنها بیرکردنەوەیەکدا دیار و روون نەبن. عومەری کەریم ئاغا لە کەشکۆڵەکەیدا پابەندە بە ئامانج و پلانەکانییەوە بە شێوەی واقیعی و پلانێک کە بەکردار ئەنجامی داوە، کە خوێندتەوە هەموو ئەو ئەرکانەی بەدی دەکەیت.  چونکە ئاغا وەک ئەرکێکی رۆژانەی بەدواداچوون بۆ ئەزموونی دەکات، تۆمارێکی بەڵگەدار بە سات و کاتی دەربڕین و بیرکردنەوەکانی دەدات، دڵخۆشی و سوپاسگوزارییەکانی بۆ خەڵک و شارەکەی گەواهیدەری ئاهەنگگێڕانێتی بۆ کردار و رەفتار و وتە و سەرکەوتنەکانی کە لە شکستەکانەوە فێری بووە، چاودێرێکی بە زەین و زیندووە بۆ گەشەسەندنی کەسێتی خۆی و زۆرجار بە شێوەی گێڕانەوە، یادەوەری، وتەی بەنرخ،  یان پەند و نوکتە  و ئامۆژگاری و...هتد بێ سڵەمینەوە بۆچوونەکانی خستۆتەڕوو.

دیارترین رووداوەکان
ئاغا لە بەشێکی کەشکۆڵەکەیدا بێ ترس حوکم بەسەر کەسانی خراپ و نەرێنی و دۆخی نالەباری شار و نیشتمانیشدا دەدات و ناوەڕۆکیش باس دەکات،  بە ئەزموونی خۆی توانیوێتی رووداوەکانی رۆژ و ژیانی رۆژانەی بە شێوازە جیاجیاکانی بخاتەڕوو، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکاتەوە کە لە رۆژگاریدا روویانداوە، هەوڵی ئەوەش دەدات دیارترین رووداوەکان تۆمار بکات لەگەڵ هەستەکانی خۆی کە سروشتێکی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە رۆژێک تێناپەڕێت یاخود ئاساییترین رۆژەکانی ژیانیشی بە بیرکردنەوەیەکی قووڵ باس دەکات، لێناگەڕێ بە ئاسانی بەسەریدا تێپەڕێ، بۆیە روونتر توانیوێتی لە خۆی و ژیانی بگات. هەربۆیە کەشکۆڵەکەشی بۆ ئەم وردەکارییانە بەکارهێناوە، بۆ وەرچەرخان لە هیچ بابەتێک نەسڵەمیوەتەوە، بە بیرۆکەی ئازادەوە رووداوەکانی رۆژ دەنووسێتەوە، بۆ نموونە لە شوێنی کار و بازاڕیدا لەکاتی کارە هونەری و مامەڵە جیاجیاکانیدا هەستەکانی دەنووسێ، کاریگەرییەکانی لەسەر خودی خۆشی دەنووسێ، چ ئەزموونێکی کردووە، چ فێربووە،  هەستمان پەلکێش دەکات و دەمانخاتە ئەو ساتەوەختەوە. ئەوەی لەکاتی خوێندنەوەی کەشکۆڵی ئاغادا سەرنجم داوە، ئامانجی داهاتووی و دیدگا و روانینینی بۆی و چۆنێتی پێگەیشتنیان بۆ خۆی ئێمەش چ بکەین دەنووسێ، گەر سەرژمێری بکەین لیستێک لە ئامانجە دوور و نزیکەکان دروست دەکەین.

پێشەشکردنی موڵک و ماڵی خۆی
هەروەها ئاغا بەسەر ئاستی دەروونی و پاڵنەرەکانیشیدا  تێنەپەڕیوە، چی دیوە و هەستی بە چی کردووە نووسیوێتی، بە نموونەی گرنگیدان بە خوێندن و پاراستنی کەلتور و پێشکەشکردنی موڵک و ماڵی خۆی بۆ خزمەتی گشتی و هونەر و خێرخوازی و...هتد بۆئەوەی کەشکۆڵەکەی پڕسوود بێت بۆمان، بێخەمی پاسا و هێنانەوە، هەست و بیر و دەروونی ساتەوەختی خۆی نووسیوە، چونکە لەوە دڵنیا بووە کە یاداشتکردنی سوود بەخشە بۆ خۆی و ئێمەش دەتوانین بە بەڵگەوە لە خودی ئاغا و هەوڵ و ماندوبوون و کار و خێرخوازی و ئەمەکی بگەین، یارمەتی دەریشمانە تا بتوانین وەک تۆمارێکی مێژوویی کەسێتی شار لێکۆڵینەوە و شیکاری ورد سەرنجی بیرۆکە و هەستەکانی بدەین، بە زۆرترین ئاست و پلەی روونی گەڕان بگەین، هەستە دڵتەنگی و هۆکارەکانیشی بناسین، بە دڵخۆشییەکانیشی ئاشنا بین، چونکە ئاغا لە کەشکۆڵەکەیدا لە هەست و ئیلهامەکانی بێ بەشی نەکردوین کە نیشانەی کەسایەتیی خۆیەتی نەک تەنیا بڵاوکردنەوە، کەم تا زۆر ئەوەی بە گوێی بیستوویەتی و بە چاوی بینیوێتی هەمووی نووسیوە، چ رستەیەک بێت یان وتەی ناودارێک، رووداو یان کارەسات و تەنانەت گفتوگۆی هاوڕێ و خێزانەکەشی یاداشتکردووە. بۆ هەریەکیان شێوازی دەربڕینی خۆی بۆ داناون، زۆرجار بە شێوازی کۆمیدی یان ئامۆژگاریی تۆماری کردوون و بە ڕوانینی خۆی رازاندوویەتەوە، کە گوزارشتە لە سەرکەوتنی ئەزموون و کەسێتی و گەیشتن بە ئامانجەکانی. 
لە کەشکۆڵەکەیدا مەودا و جیهانێکی بۆ خۆی دروستکردووە کە ژیانی راستەقینەی خۆیەتی و پڕە لە گەڕان بە دوای شتگەلێکی سەرنجڕاکێش لە ژیان و خولیاکانی، هەمیشە بە ئاستێکی قووڵ لێی روانیون، بە شێوەیەکی کەسی چ حەز و ئارەزوی هەیە و دڵخوازێتی و خولیای بووە چ هونەر، سەفەر، دەستگیرۆکردنی هەژاران و...هتد، ئەمانە شتگەلێکن کە گرنگ و ئیلهامبەخشن بۆ ئاغا کە زۆرجار لێی هەڵبژاردوون و بە وردی یاداشتی کردوون. ئاغا لە ئەزموونەکانیدا گەرەکێتی پێمان بڵێ: چەند هەوڵ بدەین واقیع رەتبکەینەوە هەرگیز ناتوانین جێگرەوەی بدۆزینەوە، چونکە شکست دەخۆین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان