فەرید زەكەریا: جەنگی ئۆكرانیا سەرەتای جیهانی پۆست ئەمریكایە

09:52 - 2022-06-26
ڕاپۆرت
808 جار خوێندراوەتەوە
فەرید زەکەریا

ئا: ئیسماعیل كوردە

نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی ئەمریكا فەرید زكریا لە وتارێکیدا  لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانی بەسەر جیهانەوە نووسیوە. لەو وتارەدا  دەڵێت: جەنگی روسیا لە بەرامبەر ئۆكرانیا رووداوێكی زەمین لەرزێنە. لەوانەیە لە دوای رووخانی دیواری بەرلین، گرنگترین رووداو بێت لە ژیانی نێودەوڵەتییدا. هەروەها ئاماژە بە كۆتایی ئەو سەردەمە و سەرەتای قۆناغی پۆست ئەمریكا دەکات، کە تێیدا چیتر ئەمریکا هەژموونی بەسەر جیهاندا نامێنێت. نووسەر پێشی وایە کە وڵاتانی کەنداو» سعودیە و ئیمارات و قەتەر» سوودمەندی سەرەکی ئەم جەنگەن، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازی سروشتییەوە بۆیە لە چەند ساڵی داهاتوودا،  دەبنە سەرچاوەی زەبەلاخترین سەرمایە لە جیهاندا. هەروەها پێشی وایە کە ئەم جەنگە سوودی بۆ ئەوروپا هەبووە بەتایبەتی ئەڵمانیا.  

سەركەوتنی سیاسەت  بەسەر ئابووریدا
لە وتارێكیدا لە رۆژنامەی «واشنتۆن پۆست-washington post»ی ئەمریكیدا فەرید زەکەریا  دەڵێت: سەردەمی نوێ بە سەركەوتنی سیاسەت بەسەر ئابووری دەناسرێتەوە. ئەوەش روون دەكاتەوە كە سێ دەیەی رابردوو زۆربەی وڵاتانی جیهان كاریان لەسەر ئابووری دەكرد، بەتایبەتیش گەشەسەندنی ئابووری ئەركی لە پێشینەی حكومەتەكان بوو. ئەمەشیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی زیاتر، گەشەسەندن  و بازرگانیی‌ و تەكنۆلۆژیا و چاكسازییە نێوخۆییەكانی لەخۆگرت.

كێشەی ئاسایش
فەرید زەکەریا لە درێژەی وتارەکەیدا  دەڵێت: بژاردەی دانانی ئابووریی ‌و گەشەسەندن لە پێشەنگی كاری وڵاتاندایە، لە بارودۆخێكی دیارییكراودا بە شێوەیەكە مرۆڤ ناچار ناكات لە بەرامبەر كێشە بنەڕەتییەكەدا دوودڵ ‌و ڕاڕا بێت، كە ئاسایشی نەتەوەییە، بەڵام ئەو دەوڵەتانەی وایان لە قەڵەمدا كێشەی ئاسایش بابەتێك نییە بۆیان، لە كەنەداوە بگرە بۆ ئەڵمانیا و لەوێشەوە بۆ ژاپۆن، ئێستا سەرلەنوێ بیر لە پێگە و  هێزی بەرگریان دەكەنەوە.

بێ هێزبوونی سیستمەكانی ئابووری بازاڕ
دواتر لەو بارەیەوە دەڵێت:  ئاسایشی سەربازی تەنها رێگەیەكە بۆ سەركەوتنی سیاسەت بەسەر ئابووریدا، چونكە ئێستا وڵاتان بەدوای زۆرترین سەقامگیری ئاسایشی نەتەوەییاندا دەگەڕێن ‌و ئەمەش لە رێگەی زنجیرەیەك كاری وەبەرهێنان‌ و فراوانكردنەوەی ئابووریانەوە دەكەن، ئەو ئاڕاستەیەش چەند ساڵێك دەبێت دەستی پێكردووەو ئەو سیاسەتانەش لەلایەن زۆر لە وڵاتانی خاوەن بازاڕی ئازاد بە گوڕو تینێكی زۆرەوە جێبەجێدەكرێت، كە زیاتر لەلایەن بیری نەتەوەگەری پۆپۆلیستسەوە دەجوڵێنرێت، نەك لە رێگەی سیستەمە ئابوورییەكانی جیهانەوە.

کشانەوەی ماکدۆناڵد لە روسیا 
فەرید زەكەریا پێیوایە جیهان پاشەكشە لەو جیهانگیرییە دەكات كە بۆماوەی 30 ساڵە بەردەوامە. لەمبارەیەوە دەڵێت:  بۆ نموونە لەو سێ دەیەیەدا ماكدۆناڵد كۆمپانیایەكی گەورەی لە روسیا بونیادناوە، تۆڕێكی لە كشتوكاڵكار و بەرهەمهێنیی دروستكردووە‌ و نزیكەی 850 چێشتخانەی كردۆتەوە، بنچینەیەكی گەورەی دارایشیی دروست كردووە. بەڵام ئەمڕۆ هەموو ئەو شتانە هەڵپەسێردراون‌ و لەوانەشە بە یەكجاری دابخرێن. 

کشانەوەی بۆینگ و  ئۆیرۆپاس لە روسیا
لە درێژەی وتارەکەیدا باسی کاریگەری سەپاندنی سزا ئابوورییەکان بەسەر روسیادا دەکات و دەڵێت: كۆمپانیاكانی بۆینگ‌ و ئۆیرۆپاس رەتیان كردەوە پارچەی یەدەگ بە كۆمپانیای فڕۆكەوانی روسی «ئایرۆفلوت» بدەن، یان فڕۆكەكانی چاك بكەنەوە، ئایرۆفلۆت ئەو كۆمپانیایەیە كە لە دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەت خۆی بونیادناوەتەوە، ئەمەش وادەكات ئەو كۆمپانیایەی فڕۆكەوانی روسیا ناچار بێت لە خزمەتگوزارییەكانی بوەستێت.

سیماكانی جیهانی نوێ‌
پاشان فەرید زەکەریا باسی سیماکانی جیهانی نوێ دەکات و دەڵێت: ئەو جۆرە رێوشوێنانەی ئاسایش‌ و خودبژێوی دەخاتە پێش توانستەكانەوە، بێگومان كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ لە هەموو شوێنێك دەبێت، بەو شێوەیەش هەڵاوسان دەبێتە سیمایەكی بەردەوامی جیهانی نوێ، ئەگەر ئەو هەڵاوسانە دەرهاویشتەی ئەو پێشهاتانەش بێت كە بە هۆی ئەو جەنگە كاتییەوە روویانداوە.

بۆئەوەی خۆرئاوا بەهێزو نوێ‌ و یەكگرتوو بێت، یەك مەرجی بنەڕەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە لە ئۆكرانیا سەركەوتوو بێت

قەیرانی وزە
دواتر  نووسەر باسی کێشەیەکی گەورەی تر دەکات کە ئێستا جیهان رووبەروی دەبێتەوە  ئەویش کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی وزەو سووتەمەنییە. ئەو پێشبینی دەكات جیهان لە بارەی «وزە»وە بچێتە قۆناغێكی نوێ‌ و نرخی نەوت‌ و گازی  سروشتیش بە بەرزی بمێنێتەوە.

وڵاتانی کەنداو سوودمەندی گەورەن 
لە درێژەی وتارەکەیدا فەرید زەکەریا دەڵێت: وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و گازی سروشتی  لە دەیەی داهاتوودا سەروەت‌ و سامان، بە ترلیۆنان دۆلاریان دەستدەکەوێت، وڵاتانی وەك سعودیە و ئیمارات‌ و قەتەریش دەبنە  سەرچاوەی زەبەلاخترین سەرمایە لە جیهاندا.

سەردەمی پۆست هەژموونی ئەمریكا
دواتر دەڵێت: یەكێكی تر لە سیماكانی سەردەمی نوێ ئەوەیە كە سەردەمی پۆست هەژموونی ئەمریكا دەبێت، كە بۆ سێ دەیەیە بەسەر جیهاندا زاڵە. بەپێی بۆچوونی نووسەریش بێت،  دەتوانرێت بەڵگەی ئەو بۆچوونە لە هەموو شوێنێك بەدی بكرێت، بۆ نموونە هەفتەی رابردوو سەركردەكانی هەریەك لە ئیمارات‌ و سعودیە رەتیان كردەوە وەڵامی تەلەفۆنی سەرۆكی ئەمریكا بدەنەوە. هەروەك لە سەرەتادا هەریەك لە ئیسرائیل‌ و هیندستان ئەوەیان رەتكردەوە كە هەڵسوكەوتی فلادیمیر پوتینی سەرۆكی روسیا بە داگیركاری لە قەڵەم بدەن، هەر چوار وڵاتیش ئەوەیان روونكردەوە كە لە مامەڵەكردن لەگەڵ روسیادا بەردەوام دەبن.

لەوانەیە ئەوروپا سوودمەندە گەورەكە بێت
فەرید زەكەریا دەڵێت: مەزنترین دەرفەتە ستراتیژییەكان لە قۆناغی نوێدا بەر ئەوروپا دەكەون، ئەوروپا دەتوانێت ئەو دەرفەتانە بۆ كۆتایی هێنانی رۆڵی نێگەتیڤانەی لە بواری نێودەوڵەتی بەكاربهێنێت، كە سێ دەیەیە لەسەری دەڕوات. بەڵگەكانیش دەبینین كە ئەوروپییەكان ئامادەن كۆتایی بە سەردەمی ئاسایشی بە خۆڕایی بهێنن، ئەمەش لە رێگەی زێدەكردنی خەرجی بەرگریی ‌و سەقامگیركردنی سنووری ناتۆ لە خۆرهەڵاتەوە جێبەجێ دەكەن.

ئەڵمانیا 
هەر لەبارەی ئەوروپاوە دەڵێت:  ئەو وەرچەرخانەی لە ئەڵمانیا هاتۆتەئاراوە، سەرەتایەكە و ئەگەر ئەوروپا ببێتە كاراكتەر و یاریكەرێكی ستراتیژی لەسەر شانۆی جیهانیدا، ئەوا جەنگی ئۆكرانیا دەبێتە گەورەترین وەرچەرخانی جیۆسیاسی، چونكە هاتنەڕیزی ئەمریكا لەگەڵ ئەوروپا، دەبێتە هاوپەیمانییەكی بەهێز بۆ پشتگیریكردنی بەهاكانی لیبرالیزم.

جەنگی ئۆکرانیا و خۆرئاوا 
لە كۆتایی وتارەكەشیدا فەرید زەكەریا دەڵێت: بۆئەوەی خۆرئاوا بەهێزو نوێ‌ و یەكگرتوو بێت، یەك مەرجی بنەڕەتی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە لە ئۆكرانیا سەركەوتوو بێت، بۆیە دەبێت  بەرگەی تێچوون‌ و مەترسییەكانی ئەو جەنگە بگرێت، تا پوتین سەرنەكەوێت.

سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

#ئۆكرانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان