سەوسەن

هونەرمەندێکی کوردی دەنگ ئەفسوناویی

12:33 - 2024-08-08
ئەدەب و هونەر
323 جار خوێندراوەتەوە

شێوە عومەر


ئەگەرچی سەوسەن ناوی گوڵێکی زۆر جوانە و لە سروشتدا بە چەندین رەنگی پەمەیی و شین و رەنگی تر  هەیە، کەچی بۆ ناو و ناونیشانی هونەریی ئەم ژنە هونەرمەندە بەسەلیقە و توانا بەرزە، بەڵام «بێ بەختە»ی کە باسی لێوەدەکەین، تەنها یەک واتا و رەنگی هەیە، ئەویش بەداخەوە  رەنگی رەشە!
گوڵئەندام یان مەهنازی تاهیر خانی، ناسراو بە «سەوسەن» ساڵی لەدایكبوونی نادیارە، بەڵام هەندێ كەس پێیانوایە لە ساڵی 1943  لە خێزانێکی کوردی شاری  قەسری شیرینی کرماشان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایک بووە، باوكی ناوی «ئیبراهیم»ە، دایكیشی «بەڵقیس». تەمەنی تەنها سێ ساڵ بوو کاتێک باوكی بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە. بەهۆی بێكەسییەوە دایكی روودەكاتە تاران بۆ ماڵی خوشكی مێردەكەی (واتە پووری سەوسەن)، بەڵام زۆری پێناچێت ئەویش بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدات كە ئەوكات سەوسەن تەمەنی پێنج ساڵ دەبێت.

سەوسەن، بەشێکی زۆری داهاتەکەی  بۆ کاری خێرخوازیی تەرخانکرد و  لەو چوارچێوەیەدا چەندین منداڵی  بێ سەرپەرشتی بەخێودەكرد،  هاوکات لەزێدی خۆی لە قەسری شیرین نەخۆشخانەیەكی گەورەی  بەڕووبەری چوار هەزار مەتری سێ نهۆمیی  144 قەرەوێڵەیی دروستکرد

دەستپێکی کاری هونەریی
بەناچاریی لەگەڵ ماڵی پوری دەمێنێتەوە، مێردی پوری زۆر جیاوازیی دەكات لەنێوان سەوسەن و منداڵەكانی خۆیدا و خراپ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
سەوسەن زۆربەی كاتەکان دەچێتە ماڵی دراوسێیەكیان، ئەوانیش ژێرزەمینێكیان دەبێت و ژنی دراوسێكەیان دەنگی تاقی دەكاتەوە، کە بۆی دەردەکەوێت بەهرەیەکی تێدایە و دەنگێکی خۆشی هەیە، لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆ گازینۆکان و لەوێ دەستدەكات بە لاساییكردنەوەی هونەرمەندە بەناوبانگەكانی ئەو سەردەمە كە ئەمەش كێشەی بۆ دروستدەکات لەگەڵ ماڵی پوریدا و کێشەکەیان دەگاتە بنكەی پۆلیس، ئەوانیش بە حوکمی ئەوەی لە خێزانی ئەوان نین، بۆیە فەرمانیان پێدەکەن نابێت پەیوەندییان بە سەوسەنەوە هەبێت و گوشاری لێ بکەن، هەربۆیە لە تەمەنێكی زۆر منداڵیدا دەست بە گۆرانی وتن دەكات. 
پاش ماوەیەک ئەم هونەرمەندە بچووکە بەڕێکەوت لەگەڵ ئاوازدانەرێك بەناوی رەشید مرادی یەکتر دەناسن، هەر ئەم ئاوازدانەرە ناوی هونەریی سەوسەن -ی بۆ دادەنێت. بەهۆی ئەوەی كە خوێندەواریی نەبوو، بە هاوكاریی ئاوازدانەرەكەی تێكستەكانی لەبەر دەكرد و گۆرانی دەوت.
لە چاوپێكەوتنێكدا ئاوازدانەرەكەی دەڵێت: هیچ هونەرمەندێك وەك سەوسەن نەیتوانیوە بەبێ هەڵە گۆرانی بڵێت، كاتێك ویستویەتی گۆرانییەك بڵێت، لەماوەیەكی كەمدا و بەبێ هەڵە گۆرانییەكەی تۆمار كردووە.
سەوسەنیش لەبارەی هەستی خۆی لەکاتی گۆرانی وتندا، دەڵێت: كاتێك دەچوومە بەردەم مایك و گۆرانیم دەوت، هیچ خەم و نیگەرانیەكم بیر نەدەما، بەڵام دوای گۆرانییەكە دیسان دەبوومەوە بە سەوسەن.

گۆرانی بۆ دایکی شای ئێران دەڵێت
ئەو، دوای ئەوەی لە هونەری گۆرانیدا وردە وردە شارەزایی و ناوبانگی پەیداکرد، لای خەڵك خۆشەویست بوو و بە گۆرانیبێژی بازاڕ و كۆڵان یان بە گۆرانیبێژی خەڵك ناوزەند دەکرا و گۆرانی بۆ هەردوو فیلمی سینەمایی بەناوبانگی ئەو سەردەمەی ئێران، «قەیسەر» و «حەسەن کەچەڵ» وتووە.
سەوسەن لە زۆربەی شەوە ئاهەنگەكانی «تاج ملوك»ی دایكی محەممەد رەزا شا پەهلەویی پادشای ئێراندا بانگهێشت دەكرا و زۆر دیاریی و خەڵاتی گرانبەهای پێ دەبەخشرا، تەنانەت دایكی شا ملوانكەیەکی گرانبەهای خۆی پێشكەشكردووە.

قۆناغی دەوڵەمەندبوون و پڕۆژە خێرخوازییەکانی
بەهۆی بەناوبانگبووونی و دەنگە خۆشەکەیەوە، سەروەت و سامانێكی زۆری كۆكردەوە و بووە كەسێكی دەوڵەمەند، بەڵام هەموو ئەو سامانەی بەتەنها بۆ خۆی خەرج نەدەکرد، ئەو چونکە خۆی بە سەختترین قۆناغەکانی ژیانی نەداریدا تێپەڕیبوو و لە ئازارو مەینەتییەکانی هەژاریی و بێ کەسی تێگەیشتبوو، بۆیە بەشێکی زۆری داهاتەکەی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان کرد و لەو چوارچێوەیەدا چەندین منداڵی بێ سەرپەرشتی بەخێودەكرد، هاوکات لە زێدی خۆی لە قەسری شیرین نەخۆشخانەیەكی گەورەی بەڕووبەری چوار هەزار مەتری سێ نهۆمیی 144 قەرەوێڵەیی دروستکرد کە ئەفسوس لەكاتی جەنگی هەشت ساڵـــەی عیراق - ئێرانـــدا رووخاو تا ئێستاش چاك نەكراوەتەوە.
ســـەوسـەن، هونــــــەرمەندێكی خۆشەویست بوو لەناو نووسەر و شاعیراندا و هەمووان رێزیان دەگرت و هونەرەکەیان بەرزدەنرخاند.
دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی ئێران، بەهۆی ئەوەی كە گۆرانی وتن لە ژنان قەدەغەکرا، بەڵێننامەی پێ پڕکرایەوە کە نابێت چیتر گۆرانی بڵێت.
پاش چەند ساڵێک لە رێگەی توركیاوە دەچێتە دەرەوەی ئێران و  روو دەکاتە بریتانیا و لەوێشەوە بۆ ئەمریكا.
لەوێ، له تاراوگە، زۆر هەست بە بێكەسی و غەریبی دەكات، بۆیە ئەو هەستەی نەشاردەوە و لە كۆتا چاوپێكەوتنیدا بەبێ دوودڵی دەڵێت: «بەبێ بە داخەوە دوودڵی ئەوەم كە هاتوومەتە دونیاوە».
ئەم هونەرمەندە ژیان پڕ لە ئازارە، زۆرینەی گۆرانییەكانی خەمبارن و رەنگدانەوەی واقیعی ژیانی تایبەتی خۆیەتی، کە چرکەساتی بەختەوەریی کەم تێدابووە، ئەم هەستە پڕ لە خەمباریی و پەشیمانییە لە بوونی خۆی، لە گۆرانییەکانی «خۆش بە حاڵی شێت» و «مەڵێ خودا حافیز»دا بەرجەستەبووە.
گۆرانی «دوستت دارم»یش یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی.

کۆچی دوایی سەوسەن لە بێکەسی و هەژاری و غەریبیدا
سەوسەن، لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا زۆر هەژار دەبێت، رۆژێک دەكەوێت بە زەویدا و باڵی راستی دەشكێت، ناتوانێت بڕوات بۆ نەخۆشخانە و چارەسەری خۆی بکات، چونکە پارەی نەبووە. دواتر هەرچۆنێک بێت سەردانی پزیشکێکی ئێرانی دەکات و ئەویش  بێ بەرامبەر نەشتەرگەرییەکی بۆ دەكات كە ماوەی هەشت سەعاتی خایاندووە. لەکۆتاییەکانی ژیانیدا، لە ساڵی 2004، هاوڕێیەکی شوقەیەكی پێدەدات تا تێیدا بژی، لەوێ سێ مانگ دەمێنێتەوە و لە تەنهایدا ژیانێکی پڕ لەچەرمەسەری ناخۆش بەسەردەبات. لەو سەروبەندەدا بەهۆی جەڵدەی دڵەوە لە غەریبی و بێ كەسیدا كۆچی دوایی کرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان