تەها عەبدوڵڵا
دوای فراوانبوونی ناڕەزایی هاووڵاتیانی شاری هەولێر بەگشتی و دانیشتوانی نزیك پاڵاوگەكانی نەوت بەتایبەتی، ئیدارەی پارێزگا بڕیاری داخستنی ئەو پاڵاوگانەی دا، كە ماوەیەكی زۆرە بەنایاسایی كاردەكەن، بەڵام خەڵكی شار متمانەیان نییە و گومان دەكەن كە دووبارە پاڵاوگە نایاساییەكان دەخرێنەوە كار، كە زیانێكی زۆری تەندروستی و ژینگەی و ئابووری بە شارەكە و دەوروبەری گەیاندووە.
ئەسعەد جەبار، كەسایەتیی كۆمەڵایەتی لە سنووری ناحیەی گوێر نزیك لە پاڵاوگە نایاساییەكان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: داخستنی پاڵاوگەكان ئەوانەی زیانیان بۆ خەڵكی سنوورەكە و هەولێر بەگشتی هەیە، بڕیارێكی باشە و دەبوو زووتر ئەو بڕیارە بدرایە، كە بەرپرسانی شار زۆرباش دەزانن ئەو پاڵاوگانە چ زیانێكیان هەیە، وتیشی: گرنگە بڕیاری لەو جۆرە دەربچێت، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە جێبەجێ بكرێت، وتیشی: گومانی تێدا نییە كە خاوەنی بەشێك لەو پاڵاوگانە كەسانی دەستڕۆیشتوون، بۆیە خەڵكی بە گشتی ترسی هەیە لەوەی جارێكی تر پاڵاوگەكان دەست بەكار بكەنەوە و گلەیی خەڵكی وەلابنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد كە سنووری ناحیەی گوێر و دەوروبەری، ناوچەیەكی كشتوكاڵین، بەهۆی بوونی پاڵاوگەكان زیانێكی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ گەیشتووە، ئەمە جگەلەوەی رێگاوبانەكان زیانیان پێگەیشتووە و بۆتە هۆكارێك بۆ ئاوەدان نەبوونەوەی گوندەكانی دەوروبەری ئەو پاڵاوگانە.
هەر سەبارەت بەو باسە، نافیز مستەفا ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای هەولێر، بەكوردستانی نوێ-ی وت: پاڵاوگە نایاساییەكان هیچ ستانداردێكی ژینگەییان تێدا نییە، لە چەند ئامێرێكی سادە دروستكراون و سەرجەمیان بەبێ مۆڵەت كاردەكەن، هیچ مەرجێكی ژینگەییشیان تێدانییە، بۆیە نابێت بەهیچ شێوەیەك كاربكەن و ئەو دووكەڵ و پاشەڕۆیانەی لە ئەنجامی كاركردنی ئەو پاڵاوگانە دروست دەبن، كارەساتە و دوژمنی خەڵك و ژینگەن، وتیشی: هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا بەشێك لە پاڵاوگە نایاساییەكانی هەولێر ماوەیەك داخران، بەڵام دواتر بڕیاری داخستنیان هەڵوەشایەوە و دەستیان بە كار كردەوە.
باسی لەوەش كرد كە بەهۆی ئەو پاڵاوگانەوە تەمومژ و دووكەڵ ئاسمانی هەولێری داپۆشیوە و بۆنی ناخۆشیش خەڵكی زۆربەی ناوچەكانی بێزاركردووە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ پیسبوونی تەواوی ژینگەی شارەكە.