ڤلادمێر ڤۆرنکۆڤ، سەرۆکی ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان، لە ھۆشدارییەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا، کردەوە تیرۆریستی و سەرچاوە داراییەکانی داعش لە ئەفریقا و سوریا و عیراق و ئەفغانستان لە فراوانبووندایە و ئەوەش زیادبوونی بەرچاوی ھێرشەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و قوربانیانی مەدەنی لێکەوتووەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی داعش لە عیراق و سوریا و ئەفغانستان، مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستەی لە وڵاتانی ئەوروپا زیاترکردووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە، تائێستا داعش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھیچ وڵاتێک بە تەنھا ناتوانێت بەرەنگاری بێتەوە.
ئەو لێپرسراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاشیگەیاند، داعش لە ڕێگەی ویلایەتەکانیەوە ھەڵمەتێکی فراوانی دەستپێکردووە بۆ زیادکردنی کردەوە تیرۆریستییەکان لە عیراق و سوریا.
وتیشی، پێویستە دۆسییەی کەمپەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا چارەسەربکرێت و وڵاتان ھاووڵاتییانیان لەو کەمپانە بگەڕێننەوە.