یەکێتی لەرێگای پارێزگاری کەرکوکەوە کاردەکات بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە، رێبوار تەها پارێزگاری هەموو کەرکوکییەکانە و پارێزەری چەپکە گوڵەکە و هەموو رەنگ و دەنگێک دەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 11/8/2024 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند: لە پاش ٧ مانگ چاوەڕوانی سەرەتا داوای لێبوردن لەسەرجەم کەرکوکییەکان دەکەین بۆ خۆڕاگرییان و دواتر بۆ ئەم دەستکەوتە گەورەیە. هەروەها پیرۆزبایی لەسەرجەم چین و توێژەکانی پارێزگای کەرکوک دەکەین، رێبوار تەها پارێزگاری هەموو کەرکوکییەکانە و پارێزەری چەپکە گوڵەکە و هەموو رەنگ و دەنگێک دەبێت لە کەرکوک و ئێستا هەمووان لەوە تێدەگەن کە پارێزگای کەرکوک بە بیروبۆچوونی تەسکی حزبی بەڕێوەناچێت و دەبێت گرنگی بە کولتوور و زمان و هەموو پێکهاتەکان بگیرێت.
هاوکات وتیشی: لەداهاتوودا وەک یەکێتی و وەک نوێنەری هەموو کەرکوکییەکان کاردەکەین پۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەو پارێزگایە و ئاشتی و پێکەوە ژیان دەهێنینە ئاراوە، ململانێکان کۆتایی هات و لەئێستاوە کاتی خزمەتکردنی کەرکوک و کەرکوکییەکانە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر ئێمە لە کەرکوک یەکگرتوو نەبین و خۆمان کارەکانی خۆمان رانەپەڕێنین، ئاوا وەک هەڵبژاردنی پارێزگار لەبەغداوە بڕیارمان بۆ دەدرێت، بەداخەوە لە رابردووشدا لێپرسراوی پارتی لەکەرکوک رێگر بوو لەوەی کورد بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکات و کورد بەیەکەوە بەهێزتر دەبوو.