راهێنەرە پورتوگالییەكە دیارییان دەكات

ئەمڕۆ كچانی سلێمانی بۆ هەڵبژاردەی عیراق دیاریی دەكرێن

11:53 - 2024-08-11
وەرزش
263 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی تۆپی پێی عیراق بۆ دیارییكردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی كچانی فوتساڵی عیراق، چەند تاقیكردنەوەیەكی یاریزانان رێكدەخات و لەو تاقیكردنەوانەوە ناوی كچە یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عیراق دیاریی دەكات.
بەپێی بڕیارێكی ئەو یەكێتییە، سێ گردبوونەوە بۆ تاقیكردنەوە و دیارییكردنی ئەو یاریزانانە رێكدەخرێن، دوانیان كراون سێیەمیان ئەمڕۆ لە سلێمانی دەبێت.
گردبوەنەوەی یەكەم لە دهۆك بۆ یاریزانانی دهۆك و موسڵبوو،  رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 7/8/2024 كراوە، دووەمیشیان رۆژی هەینی 9/8 لە هەولێر بۆ یاریزانانی یانەكانی هەولێر و كەركوك كراوە، سێیەمیشیان ئەمڕۆ یەكشەممە بۆ یاریزانانی شاری سلێمانییە و سەعات 4 ی عەسر لە هۆڵی كۆڵێجی پەروەردەی وەرزشیی زانكۆی سلێمانی دەبێت.
بۆ دیارییكردنی كچە یاریزانەكان، تیمی راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق كە پورتوگالین، كچە یاریزانەكان دیاریی دەكەن و ئەمەش بۆ بەشدارییكردنی هەڵبژاردەی كچانی فوتساڵی عیراقە لە پاڵەوانێتیی جامی وڵاتانی ئاسیادا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان