بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: لە كەركوك سیاسەتی سەرۆك مام جەلال جێبەجێ دەكەین، وتیشی: دەبێت كەركوك بكەینە نموونەی پێكەوەژیان، راشیگەیاند: بەڵێنەكانمان بەرامبەر كەركوكییەكان جێبەجێ دەكەین.
دوێنێ، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا رێبوار تەها سەرۆكی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە لە پشكی كورد، بە پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرا، هەروەها محەمەد حافز لە پشكی عەرەب بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردرا.
دوای كۆبوونەوەكە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: بەڵێنەكانمان بەرامبەر كەركوكییەكان جێبەجێ دەكەین و خزمەتی پێكهاتەكانی شارەكە دەكەین بەبێ جیاوازی، پێش ئەوەی بۆ كوردەكان ئیش بكەین، بۆ خوشك و براكانی ترمان ئیش دەكەین، وتیشی: پێویست دەكات كەركوك ئاشت بكەینەوە.
ئاسۆ مامەند: یەكێتی، بڕوای بە شەراكەتی راستەقینە هەیە
لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان، سەرۆك بافڵ، دووپاتیكردەوە كە ئێمە دەبێت كەركوك بكەین بە نموونەی پێكەوەژیان و نموونەی دەوڵەمەندی و ئارامی، دەبێت ئینشائەڵڵا دوای ساڵێك و دوو ساڵی تر، لەجیاتی ئەوەی بڵێن كێشەی كەركوك، بڵێن دەمانەوێت ئێرەش وەكو كەركوك بێت و ئەم پارێزگایەش وەكو كەركوك بێت.
لە درێژەی قسەكانیدا، سەرۆك بافڵ، وتی: من پیرۆزبایی دەكەم لە هەموو هەڤاڵانمان لە كەركوك و هەموو چینوتوێژەكان لە كەركوك و دەستخۆشییان لێدەكەم و بەڵێنیان پێدەدەم یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی سەرۆك مام جەلال جێبەجێ دەكات و هەموو لایەنێك بە یەك چاو سەیردەكەین و هەموو لایەنەكانی تر پێش خۆمان دادەنێین.
هەروەها، ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك، لە وتەیەكدا بۆ كەناڵەكان، پیرۆزبایی لە كەركوكییەكان كرد و وتی: وەك یەكێتی بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە لەڕێگەی حكومەتی خۆجێیی پارێزگاوە خزمەتی تەواوی پێكهاتەكان بكەین بەبێ جیاوازی.
ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێمە پێمان باشە هەموو پێكهاتە و لایەنەكان بەشداریی لە حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكەدا بكەن و یەكێتی بڕوای بە شەراكەتی راستەقینە هەیە و هیوادارین پێكەوە خزمەتی خەڵكی شارەكەمان بكەین.
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك: سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات و خزمەتكردنی كەركوكییەكان بەبێ جیاوازی دێتە كایەوە
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان، پیرۆزبایی لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی كرد و راشیگەیاند: لەمڕۆوە سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات و قۆناغی خزمەتكردنی كەركوكییەكان بەبێ جیاوازی دێتە كایەوە.
لە وتەكەیدا بۆ راگەیاندنەكان، رێبوار تەها، وتی: پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی كۆمەڵانی خەڵكی كەركوك دەكەم لە هەموو پێكهاتەكان بەبێ جیاوازی، لەمڕۆوە رۆژگارێكی تر لە كەركوك دێتەئاراوە، پێكەوە وەك یەك تیم دەبین لە تەواوی پێكهاتەكان و خزمەتی خەڵكی كەركوك دەكەین بێ جیاوازی، حكومەتەكەشمان حكومەتێك دەبێت مافی خەڵكی پارێزگاكەمان دەدات، وتیشی: بەڵێن دووپاتدەكەینەوە كە حكومەتی داهاتووی كەركوك حكومەتی هەموو پێكهاتەكان دەبێت و كاری جدی دەكەین بۆ پێكەوەژیان و مەلەفێكی گەورەیە بەدەستمانەوە و كاری تەواوی لەسەر دەكەین و دەمانەوێت ئایندەی هەموان باش بكەین.