تەها عەبدوڵڵا
بەمەبەستی زیاتر سوودوەرگرتن لە بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی لەنێوان دەستەی گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەكاندا بۆ برەودان بە كەرتی گەشتیاری، كراوە.
لەو بارەیەوە، رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەستەی گشتیی گەشتوگوزار كردووە و روئیای هاوبەش هەیە، بە ئامانجی سوودوەرگرتن لە بەشێكی بەنداوەكان بۆ كردنە شوێنی گشتیاری، وتیشی: ئەو هەنگاوە پێویستی بە ماستەرپلان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی لە كارەبا و رێگاوبان و بەدارستانكردنی ئەو شوێنانە هەیە، هەروەها پێویستە هەلی كار بۆ وەبەرهێنەران لە بواری گەشتیاری بڕەخسێنرێت و پڕۆژەی گەشتیاری لە نزیك بەنداوەكان جێبەجێ بكەن.
جگە لە سێ بەنداوی گەورە (دوكان، دەربەندیخان و دهۆك)، چەندین بەنداو و پۆندی بچووك و مامناوەند لە هەرێمی كوردستان هەیە و ژمارەیەكیش لە دروستكردندان. لە رابردوودا وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاندووە: رەزامەندی بۆ دروستكردنی چوار بەنداوی گەورە و ستراتیجی وەرگیراوە، كە لەسەر بودجەی حكومەتی فیدراڵ دروست دەكرێن. بەوەش بوژانەوەیەكی زۆر باش لە گلدانەوەی ئاو و ئاودێری و گەشتیاری بەدیدێت.