راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

05:36 - 2024-08-12
کوردستان
255 جار خوێندراوەتەوە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی کورد بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بۆ کەرکوک کرا و جەخت لە پابەندبوون بە سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلال بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیایە لەنێوان سەرجەم پێکهاتە رەسەنەکانی ئەو شارەدا کرایەوە.

 لە کۆبونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەختی لەوەکردەوە کە ئەم سەرکەوتنە بەتەنها هی یەکێتی و کورد نییە، بەڵکو دەستکەوتە بۆ هەموو کەرکوکییەکان بەسەرجەم پێکهاتەکانەوە، چونکە سیاسەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلالە کە بەردەوام داکۆکی لە مافی گشت پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەوە کردووە.

هەر لەو بارەیەوە، بەگرنگییەوە باس لە بەشداریکردنی هەموو پێکهاتەکان لە حکومەتی خۆجێیی و ئیدارەدانی کەرکوک کرایەوە و جەختیش لەوە کرایەوە کە برا تورکمانەکان دڵنیادەکەینەوە هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاو و شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک و یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانە و رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات.

 لە لایەکی ترەوە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگهێشتی سەرجەم پارت و لایەنە بەشدابووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد کە؛ لەئەمڕۆوە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و با پێکەوە بەشدار بین لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کەرکوک بێ هیچ جۆرە جیاوازییەک لەنێوان پێکهاتەکان و یەکێتی ئامادەی بەرپاکردنی سیاسەتی چەپکە گوڵەکەیە.

لە کۆتاییدا مەکتەبی سیاسی هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی کە؛ هەرچەندە پارێزگاری ئێستای کەرکوک بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن یەکێتییە، بەڵام پێویستە دوور لەهەر ئینتمایەکی حزبی یان نەتەوەیی خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان بکات و کەرکوک تەنها نەبێتە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکان، بەڵکو بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانیش ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ عیراق و ناوچەکە.

#کەرکوک #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان