لیژنە پێکهێنراوە و سەرقاڵی کارکردنن

سێ ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکوک

09:52 - 2024-08-13
ڕاپۆرت
270 جار خوێندراوەتەوە
#قەڵای کەرکوک لەلایەن یونسکۆوە خراوەتە لیستی سەرەتایی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


ژمارەیەک ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای شارەکە، ئەندامەکانی لە نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکان پێکهاتووە و چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئەوەی پلانێكی گشتگیر دابنێن بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکوک.
پەروین فاتیح ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەسەر نۆژەنكردنەوەی قەڵای کەرکوک و ناوچە شوێنەوارییەکانی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە بەغداوە ئاگاداركراوینەتەوە بڕە پارەیەك لە بودجەدا بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشێك لە شوێنەوارەكانی قەڵای كەركوك تەرخانكراوە، بۆیە ئێستا لیژنەیەك لە پارێزگای كەركوك دیاریكراوە تا سەرپەرشتی ئەو نۆژەنكردنەوەیە بكات.

شێوازی نۆژەنکردنەوەکە
قەڵای کەرکوک لەبەرئەوەی چەندین ساڵە نۆژەن نەکراوەتەوە، بە هۆکاری مرۆیی بێت یاخود سروشتی، بەشێکی زیانی بەرکەوتووە و پێویستی بە زوویی بەهاناوە چوونە.
پەروین فاتیح دەڵێت: گرنگە لەلامان لیژنەکە ئەندامی سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکەی تێدابێت، بۆئەوەی رەنگدانەوەی هیچ پێكهاتەیەك بەسەر ئەوی تردا زاڵ نەبێت، هەروەها لە دیاریكردنی رووە مێژووییەكەیدا شوێنەوارەکان وەک خۆی نوێ بکرێتەوە و لە نۆژەنکردنەوەیدا نەشێوێنرێت.
لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە تائێستا چەند جارێك لە بودجەی شارەكە پارە تەرخانكراوە بۆ پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای كەركوك ‌و شوێنەوارەكانی، بەڵام نۆژەنکردنەوەکان بەپێی پێویست نەبووە.
پێشتر رائید عوگڵە محەمەد بەڕێوەبەری شوێنەواری کەرکوک بە کەناڵ 8 ی راگەیاندووە: ئێستا پڕۆژەیەکی تایبەت هەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەموو بەشەکانی قەڵا و کارەکە بە چاودێری و داواکاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق وەزیری رۆشنبیریی بەڕێوەدەچێت و نزیکەی سێ ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەکە دابین کراوە.

کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان
پێكهاتەی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هەوڵی ئەوەدایە لەگەڵ نووسەران، رۆشنبیران، ئەندازیار و تەلارسازان کۆببێتەوە بۆ ئەوەی بگەن بە رووی راستەقینەی شوێنەوارەکان.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتیشی: بە مەبەستی سەركەوتنی كاری نۆژەنكردنەوەكە تائێستا دوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەكان کردووە و گەلێك راسپاردە و پێشنیازمان گەڵاڵە كردووە، بۆئەوەی بەرچاو روونی هەبێت تا نۆژەنکردنەوەکە روویەكی راستەقینە بە شارەكە ببەخشێت و کارەکە لە چواچێوەیەكی یاسایی و تەلارسازیی پەیوەست بە بڕیارەكانی یونسكۆ جێبەجێ بكرێت، بۆ ئەوەی رێچكەیەكی گونجاو دروست بكات.
قەڵای کەرکوک، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی عیراق، لە ناوەندی شاری کەرکوکە بە پانتایی 170 دۆنم زەوی و کۆنترین بەشی شارەکەیە. قەڵاکە دەکەوێتە سەر گردێک کە 130 پێ لە رووباری خاسە بەرزترە. ساڵی 2021 دەستەی گشتی شوێنەواری عیراق رایگەیاند، قەڵای کەرکوک لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خراوەتە لیستی سەرەتایی شوێنەوارە جیهانییەکانەوە.

شێواندنی مێژووی شوێنەواری شارەكە
سمكۆ بەهرۆز نووسەر و شارەزا لە مێژووی كەركوك، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئەزموونەکانی رابردوو سەلماندویەتی ئەوانەی لە بواری نۆژەنكردنەوەدا كار دەكەن كەسانی نەشارەزان لە بواری تەلارسازی و نەخش و نیگاردا و هیچ هەستێكی دەروونی و شیكارییان نییە بۆ تێگەیشتن لە ئاوەزی شوێنەوار، بۆیە بەشێک لە شوێنەوارەکانی لە رابردوودا نۆژەنکراونەتەوە بەشێكی زۆری سیما شوێنەوارییەكانی لە دەستداوە و گیانی قۆناغە مێژووییەكانی بزر بووە.
وتیشی: هەندێكجار ئەو نۆژەنكردنەوانە دەمارگیری نەتەوەیی تێدا بەكارهێنراوە و لە بەرژەوەندیی پێكهاتەیەك مێژووی شوێنەواری شارەكە شێوێنراوە، بۆیە هەندێكجار لە نۆژەنکردنەوەدا زوڵمیان لە مافە مێژووییەكەی شوێنەوارەکان كردووە.
ئێستا هەماهەنگییەك لە نێوان پێكهاتەكاندا هەیە، بۆئەوەی هەموو لایەك بگەنە بیركردنەوەیەكی مێژوویی بۆ نۆژەنکردنەوەی پارچە شوێنەوارییەكانی سەر قەڵا و شوێنەوارەكانی تر بەشێوەیەكی گونجاو و لەبار.

راوێژ بە کەسانی شارەزا
یوسف تەیب بەڕێوەبەری كۆشكی رۆشنبیری و هونەر لە كەركوك، یەكێكە لەو کەسانەی راوێژی پێكراوە بۆ چۆنیەتی نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی پارێزگای كەركوك، بەكوردستانی نوێی رایگەیاند: خۆشحاڵین بە هەنگاوی نۆژەنكردنەوەی قەڵای کەرکوک و بەشێک لە شوێنەوارەکانی، لەگەڵ بەشێك لە پسپۆڕانی ئەم بوارە لە پارێزگاكە راوێژمان كردووە و پێشنیازەكانی خۆمان لە بوارەكەدا خستۆتەڕوو، بۆئەوەی بتوانین خزمەت بەو نۆژەنكردنەوەیە بكەین بەشێوەیەک چوارچێوەیەكی ئەكادیمی دروست وەربگرێت و لە خزمەت شوێنەوار و تەلارسازی شارەكەدا بێت.
بە وتەی مێژوونووسان قەڵای کەرکوک لە ساڵی 850 پێش زایین لەلایەن ئاشوورییەکانەوە بەشێوەیەکی هێلکەیی دروست کراوە، ژمارەیەکی زۆر لەشوێنی مێژوویی لەخۆ دەگرێت، لەوانە، 54 خانووی مێژوویی، پێنج مزگەوت، گومەزی سەوز، لەگەڵ یەکێک لە کۆنترین کڵێساکانی عیراق، هەروەها گۆڕی نەبی دانیاڵی تێدایە، لەگەڵ ئەمانەشدا قەیسەریی قەڵا بەشی دەرەوەی پێکدەهێنێت، شورای قوڕین و شورای ئاشووریش لە گرنگترین پاشماوە مێژووییەکانی قەڵاکەن.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان