ئابووریناسان و مامۆستایانی زانکۆ:

پێویستە لەوەرگرتنی باجدا رەچاوی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکرێت

10:14 - 2024-08-13
ئابووری
226 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
״وەرگرتن و راگرتنی باج لە هەرێمی كوردستان، نایاساییە״

ئابووریناسان و مامۆستایانی زانکۆ کۆکن لەسەر ئەوەی هەر حکومەتێک مافێکی یاسایی خۆیەتی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی باج لە هاووڵاتییان و بازرگانان و کاسبکاران و ئەوانەی داهاتیان هەیە وەربگرێت، دواتر لە خزمەتی خەڵک و ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکەی بەکاری بهێنێتەوە. هەروەها پێیان وایە ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە سیستمی وەرگرتنی باج بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە، کەموکووڕیی زۆری تێدایە، ئەویش لە ئەنجامی بڕیاری تاکلایەنەی حکومەت لە وەرگرتنی باج بە بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، هاووڵاتییانیش لە شێوازی وەرگرتنی باج و دروستبوونی بارگرانی لەسەریان بێزارن و داوای چارەسەر دەکەن.
د. ئەیوب ئەنوەر ئابووریناس و سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای ئابووریناسانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: باج بریتییە لە لێبڕینی نەختینەیی لە داهات لەسەر ئاستی تاك و كۆمپانیا و بازرگانان، كە بە شێوەی ناچاری و راستەوخۆ بەبێ پێشكەشكردنی هیچ خزمەتگوزارییەك وەریدەگرێت، دواتر حكومەت بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە رێگای بودجەی گشتییەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەكاری دەهێنێتەوە.

جۆرەکانی باج
لەبارەی جۆرەكانی وەرگرتنی باج لە هەرێمی كوردستان وتی: بە گوێرەی یاسای بودجەی گشتی، خەرجی و داهات دەستنیشان دەکرێت، باج یەكێكە لەسەرچاوەكانی داهات، حكومەت دەتوانێ لە خەرجی کەم و زیادبکات یان هەر نەیکات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە بڕیار لەسەر زیادكردن، یان كەمكردنەوە و تەنانەت لێخۆشبوون لە وەرگرتنی باج بدات، بەڵكو ئەوە دەسەڵاتی پەرلەمانە.
روونیشیکردەوە: لەبەرئەوەی لە ساڵی 2013ەوە لە هەرێمی كوردستان یاسای بودجە دەرنەچووە، هەروەها ژمێرەی كۆتاییمان نییە، بۆیە هەركەسێك لە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ناڕەزایی لە چۆنێتی وەرگرتنی باج لەلایەن حكومەتەوە دەربڕێت، چونکە ئەوەی ئێستا دەكرێت لە وەرگرتن و راگرتنی باج لە هەرێمی كوردستان، نایاساییە. 

ناکرێت باج وەرنەگیرێت
د.ئەیوب پێشیوابوو: كاتێك حكومەت بودجە و ژمێرەی کۆتایی نییە، چاودێریی داراییش ئەو بایەخەی نامێنێت، چونكە لەو حاڵەتەدا چاودێریی دارایی ناتوانێ بەراوردكاری بكات لەوەی لادان هەیە لەوەرگرتنی باج یان نا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو كەموكووڕییانەی لە وەرگرتنی باجدا هەیە لە هەرێمی كوردستان، ناكرێت باج وەرنەگیرێت، چونكە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی حكومەتە بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی، ئەوەش لە هەموو دونیا هەیە، بەڵام دیسان ناكرێ بە شێوەیەكی نایاسایی بێت، لەبەرئەوە پێویستە حكومەت بگەڕێتەوە بۆ دوایین یاسای بودجە كە لە ساڵی 2013دا لە پەرلەمان دەرچووە.
محەمەد موحسین مامۆستای زانکۆ لە لێدوانێکدا بۆ کوررستانی نوێ وتی: بۆ وەرگرتن و دانانی باج لەسەر هاونیشتمانییان و خاوەنکار و کۆمپانیاکان پێویستە پشت بە چەند بنەمایەک ببەسترێ کە بریتین لە: 
-1 دانان و وەرگرتنی باج پێویستە لەڕێگەی یاسا و بە پێی یاسا و بە رەزامەندیی پەرلەمان بێت.
-2 ئامانج لە دانان و وەرگرتنی باج بەرجەستەکردنی دادپەروەرییە لە نێو کۆمەڵگەدا، واتە دووبارە دابەشکردنەوەی داهاتی نەتەوەیە بەسەر تاک و خێزانەکان.
-3 ئامانج لە کۆکردنەوەی داهاتی باج دابینکردن و باشترکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە، بە مەبەستی بەدیهێنان و زیادکردنی ئاسوودەیی هاونیشتمانییان و باشترکردنی گوزەرانیان و بەرزکردنەوەی ئاست و توانایان.
٤- بوونی شەفافیەت یەکێکە لە بنەما هەرە گرنگەکان و پێویستە بزانرێ ئەو داهاتەی لەڕێگەی باجەوە کۆدەکرێتە چەندە؟ چۆن کۆدەکرێتەوە؟ ئەو چین و توێژ و ناوچانە کامەنەن کە لێی سوومەند دەبن؟
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێشیوایە: ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێ خاڵییە لە هەموو ئەو خاڵانەی کە باسم کرد، واتە بە پێی زانستی ئابووری ناچێتە خانەی باج و پێناسەی باج وەرناگرێ، بۆیە پێویستە ناوی دیکەی بۆ بتاشرێت.

باشتر وایە یەکبخرێت
راشیگەیاند: وا باشترە سیستمی دانان و کۆکردنەوەی باج لەگەڵ عیراق بەیەک پاکێج رێکبخرێ و یەکبخرێت، بەڵام دەشتوانرێ و دەکرێ جیاوازیش بێ ئەمە ئاساییە و نموونەش هەیە لە وڵاتانی دیکە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو باجەی وەردەگیرێ لە هاونیشتمانییان دەبێ رادەستی بەغدا بکرێ، باشتر وایە یەکبخرێت.
جەختیشی کردەوە: پێویست ناکات باجی زیاتر لەوەی لە عیراق وەردەگیرێت، بخرێتە سەر هاونیشتمانی و خاوەنکار و کۆمپانیاکان، چونکە ئەمە دەبێتە زیانگەیاندن بە خەڵک و ئابووریی کوردستان و گوزەرانی خەڵکی قورستردەبێت، بەتایبەتیش کە زیاتر لە 10 ساڵە خەڵکی کوردستان لە خراپترین دۆخی ئابووری و داراییدا ژیان بەڕێدەکەن، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بەو سیاسەتەدا بکات کە لە بواری باجدا پەیڕەوی دەکات.
هەر لەبارەی وەرگرتنی باج و ئەرک و مافی حکومەت و هاووڵاتی لە جێبەجێکردنی ئەو سیستمەدا هێرۆ کەمال بەرزنجی یاساناس ئەوەی بە کوردستانی نوێ راگەیاند: باج مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە، لەهەر سەردەمێک و وڵاتێک بە شێوازێک بووە، لە مێژووی عیراقدا بۆ یەكەمجار لە رۆژی 27ی مایسی 1927دا یاسای باجی داهات دەركراوە.
وتیشی: ئامانج لە وەرگرتنی باج دابینكردنی پارەیە بۆ خەرجییەكانی دەوڵەت لە دامەزراوەكان و كەسەكانی وەردەگرێت، دواتر داهاتەكە لەو بوارانەی كە پێویستییان پێیەتی، وەك پەروەردە، تەندروستی، یان كڕینی كاڵا و شمەك، یاخود لە بنیاتنانی ژێرخانی دەوڵەتدا خەرج دەكرێتەوە، بە نموونە بۆ دروستكردنی رێگابان و بەنداو، یاخود خەرجکردنی لە دابینكردنی بیمەی بێكاریدا.

هەندێکیان لابراون
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوەی ئەمڕۆ هەیە و دەبینین، باج و رسومات لە کوردستان بە گوێرەی داهات و ژیانی خەڵک وەرناگیرێت، لە کاتێکدا نابێ وەرگرتنی باج ببێتە هۆکارێک بۆ خراپبوونی ئابووریی خەڵک، بەڵکو پێویستە لەبەژەوەندیی کۆمەڵگەدا بێت، بۆیە پێویستە باج و رسومات لە سەرتاسەری عیراق وەک یەک بێت و هەرجۆرە زیادبوون و کەمبوونەوەیەکیش لە پەرلەمانەوە و بە یاسا رێکبخرێت.
باسی لەوەشکرد: ئێمە وەک پارێزەران لە کاتی راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییاندا دەبینین چەند ناڕەزایی لە شێوازی وەرگرتنی باجدا هەیە، چونکە زۆر لەو باجانەی لە رابردوودا وەرگیراوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نەبووە، کە خۆشبەختانە لەم دواییەدا بە بڕیاری حکومەتی هەرێم هەندێک لەوانە لابران، بە نموونە وەرگرتنی باج لەسەر زەوی بەتاڵ، چونکە ناکرێ زەوییەک کە حکومەت خۆی رێگانادات بکرێت بە پڕۆژە یان یەکەی نیشتەجێبوون، ساڵانە باجی لێوەربگرن.

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان