زانكۆی راپەڕین خرایە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی عیراقەوە

12:45 - 2024-08-13
کوردستان
158 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر


دوای هەوڵدانێكی بێوچان و جێبەجێكردنی سەرجەم رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق، سەرئەنجام زانكۆی راپەڕین بە هەمیشەیی خرایە ریزی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی عیراقەوە.
پ.ی.د.پەیمان رەمەزان سەرۆكی زانكۆی راپەڕین لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، بەهەمیشەییكردنی زانكۆی راپەڕینی لە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی عیراق دووپاتكردەوە و وتی: دوای ئەوەی مانگی رابردوو بۆ هەمان مەبەست سەردانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقمان كرد و لەلایەن وەزیرەوە پێشوازیمان لێكرا و پاڵپشت و پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕین، بە تایبەت كە زانكۆكەمان لە هەوڵی بێوچاندابوو بۆ ئەو مەبەستە و سەرجەم رێنماییەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقی جێبەجێكردووە، دواجار لە دوایین چاپی رێبەری وەرگرتنی خوێندكاراندا  كە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عیراق بڵاویكردووەتەوە، زانكۆی راپەڕین لەنێو لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكانی عیراقدا هەیە.
راشیگەیاند: ئەوە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ زانكۆكە و بۆ ستاف و خوێندكاران و بۆ دەڤەری راپەڕینیش، لەمەودوا خوێندكاران لە تەواوی پارێزگاكانی عیراقدا دەتوانن داوای خوێندن پێشكەش بكەن، ئەو بڕیارەش زیاتر هانمان دەدات تا لەبەرەوپێشبردنی زانكۆ و هەوڵە ئەكادیمی و ئیدارییەكانمان كارەكانمان برەوپێبدەین و رووە و ئامانجی گەورەتر هەنگاو بنێین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان