دووبارەكردنەوەی ئەزموونی بەنگلادیش لە عیراق

10:18 - 2024-08-14
ئابووری
286 جار خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

پسپۆڕانی ئابووری پێشنیاز دەكەن سندوقی هەژاران دابمەزرێت، هاوشێوەی (گرامین بانك)، كە كاتی خۆی محەمەد یونس-ی ئابووریناسی بەنگلادیشی لە بەنگلادیش دایمەزراند بۆ پشتیوانیی لە چینی هەژاران، لە رێگەی پێدانی قەرزی بچووك و مامناوەندەوە. 
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری ئابووری لەوبارەیەوە دەڵێ: ئەزموونەكەی بەنگلادیش زۆر سەركەوتوو بوو، ژیانی هەژارانی ئەو وڵاتەی گۆڕی، ئەویش تەنیا بە پێدانی قەرزی بچووك بە هەژاران بۆ ئەوەی پڕۆژەی بچووك و سنوورداری بەرهەمهێنانی كاڵا و خزمەتگوزاریی پێ بنیات بنێن. دواتریش بیرۆكەكە دەنگی دایەوە، چونكە ئەو پارەیەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان كرابوو رێڕەوی راستی خۆی گرت و باشترین خزمەتی بە كۆمەڵگە كرد و سەرەنجام بانكی نێودەوڵەتیش بیرۆكەكەی وەرگرت و لە زیاتر لە 100 وڵات جێبەجێی كرد.

 

سەركەوتنی یەك هەژار لە تێپەڕاندنی دۆخی هەژارییدا دەبێتە تروسكەی هیوا بۆ رزگاربوونی هەزاران كەس لە هەژاری

 

هەندێكیان سەركەوتوو نابن
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، كە سەركەوتنی یەك هەژار لە تێپەڕاندنی دۆخی هەژارییدا دەبێتە تروسكەی هیوا بۆ رزگاربوونی هەزاران كەس لە هەژاری.
عەبدولعەزیز ئەلحەسون ئەندامی یانەی ئابووریی بەغدا وتی: پێدانی ئەو قەرزە بچووكە بە هەژاران گرنگییەكەی لەوەدا بوو كە بەبێ گرەنتی دەدرا بە هەژاران، هەڵبەت بەرپرسانی بانك و دارایی پێشبینی ئەوەیان دەكرد %20ی ئەو كەسانەی قەرزەكە وەردەگرن، ئەگەری هەیە خۆیان لە دانەوەی بدزنەوە و سەركەوتوو نەبن، بەڵام %80كەی دیكە سوودی لێوەردەگرن و سەركەوتوو دەبن، بەو شێوەیەش توانییان ژیانی هەزاران كەس بگۆڕن. خاوەنی بیرۆكەكەش جەخت دەكاتەوە، كە دەبێ قەرز لە مافێكی دەوڵەمەندەكانەوە بگۆڕێت بۆ بەشێك لە مافی مرۆڤ.

پێویستە ببنە بەرهەمهێن
سەیف ئەلحلفی پسپۆڕی بواری بانك بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: ئەزموونەكەی محەمەد یونس لە دامەزراندنی بانكی هەژاران یەكێكە لە سەركەوتووترین ئەزموونەكان و دەكرێ لە عیراقیش بانكێكی هاوشێوە دابمەزرێت بۆ پشتیوانی لە هەژاران و پێدانی قەرزی بچووك بە مەبەستی بنیاتنانی پڕۆژەی بچووك، تا لە هەژار و دەستەوەستانەوە بگۆڕێن و ببن بە بەرهەمێن.
سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلسەباح

#ئابووری

بابەتە پەیوەندیدارەکان