هێمن ئەحمەد
تیمەكانی شارەوانیی كەركوك بەردەوامن لە كاری نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی شەقامە سەرەكی و كۆڵانەكانی شارەكە.
لەوبارەیەوە، ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: چاككردنەوەی چاڵ و شكاوی و بەشە زیان لێكەوتووەكانی شەقام و كۆڵانەكانی كەركوك لە چوارچێوەی هەوڵەكانیاندایە بۆ نۆژەنكردنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پلانێكی تۆكمە لەلایەن تیمەكانیانەوە ئامادە كراوە.
بەڕێوەبەری شارەوانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لە دوای دەستبەكاربوونی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، شارەوانی پلان و پرۆژەكانی خۆی بۆ خزمەتكردنی شارەكە دەخاتەڕوو، چونكە پێشووتر بەبیانوی نەبوونی ئەنجومەن زۆربەی گەڕەكەكانی كەركوك بێبەشكرابوون لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەتایبەتی گەڕەكە كوردنشینەكان، بۆیە هیوادارین بتوانین بە هەموومانەوە خزمەتی شارەكە بكەین بەبێ جیاوازی.