سەرۆك کۆمار داوای پاراستنی تایبەتمەندیی کەرکوك دەکات وەك نموونەی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە

02:52 - 2024-08-15
عیراق
286 جار خوێندراوەتەوە

‏لەتیف رەشید، سەرۆك کۆماری عیراق داوای پاراستنی تایبەتمەندیی کەرکوك دەکات وەك عیراقێکی بچوککراوە و نموونەی برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە.

ئەم پەیامەی سەرۆك کۆمار لە میانی پێشوازیی لە محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوكدا هات.

لە  دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو، سەرۆك کۆمار پیرۆزبایی لە محەمەد ئیبراهیم حافز کرد بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی کەرکوك و هیوای خواست ئەنجومەنەکە لە ئاست چاوەڕوانییە باشەکان و متمانەی رۆڵەکانی پارێزگاکەدا بێت.

هەروەها سەرۆك کۆمار جەختی لە پێویستی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان ئەنجومەن و ئیدارەی پارێزگاکە کردەوە لەپێناوی باشتر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پارێزگاکە و بەدەنگەوەچوونی خواستەکانی رۆڵەکانی بە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکانییەوە.

لای خۆیەوە محەمەد ئیبراهیم حافز بەدواداچوونی سەرۆك کۆماری بۆ پارێزگای کەرکوک بەرزنرخاند و جەختیکردەوە، ئەنجومەنەکەیان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەوڵ دەدات بۆ زیاتر چەسپاندنی سەقامگیریی کەرکوك، هەروەها رۆڵی چاودێریی خۆی دەبینێت تا کاریگەریی ئیجابی لە سەرجەم بوارەکاندا هەبێت.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان