سایتی شەفافییەت بڵاویکردووەتەوە، لەم هەفتەیەدا داهاتی نانەوتیی سنووری پارێزگای سلێمانی نزیکەی 12 ملیار دینار بووە، بەراورد بە هەفتەی رابردوو نزیکەی پێنج ملیار دینار کەمیکردووە.
سایتی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، داھاتی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە و بە گوێرەی داتاکان، لە 10ی ئاب تاوەکو ئەمڕۆ 19ی ئاب، بڕی داهات 11 ملیار و 876 ملیۆن و 724 هەزار و 975 دیناربووە.
هەر بەگوێرەی داتاکان، لە داهاتی ئەم هەفتەیە بڕی 10 ملیار و 73 ملیۆن و 639 هەزار و 575 دیناری بەشێوەی نەختینە بووە کە دەکاتە 85٪ و ملیارێک و 803 ملیۆن و 85 هەزار و 40 دینار بەشێوەی چەک بووە.
داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی رابردوو چوار ملیار و 912 ملیۆن و 685 هەزار و 497 دینار کەمیکردوە، بەجۆرێک لە 3ی ئاب تاوەکو 9ی ئاب داهاتی سلێمانی 16 ملیار و 789 ملیۆن و 410 هەزار و 472 دیناربووە. ئەوەش بە گوێرەی داتاکانی سایتی شەفافییەت.
ماڵپەڕی شەفافییەت لە 15ی کانونی یەکەمی 2022 لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ چاودێری و رێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان راگەیەندرا و هاونیشتمانییان رۆژانە دەتوانن سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی ئەو سنوورانە لە سایتی شەفافییەتەوە بزانن.