راپۆرتی/ تەها عەبدوڵڵا
بە ئامانجی کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنی چین و توێژێکی دیاریکراو، ماوەی زیاتر لە10 ساڵە بەڵێن بە هاووڵاتیانی کرێنشین و کەمدرامەت دراوە، یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بکرێت و بەنرخێکی رەمزی پێیان بدرێت، ئەویش پڕۆژەی دروستکردنی نۆ هەزار شوقەیە لە شاری هەولێر، کە بڕیاردرا لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، تائێستا جگە لە تەواوکردنی باڵەخانەی ئەو شوقانە هیچ خزمەتگوزارییەکیان بۆ دابین نەکراوە، بۆئەوەی بڕیار لە دابەشکردنی بدەن، هەر ئەمەش وایکردووە ئەو ماوە دوور و درێژە کرێنشینان لە چاوەڕانی وەرگرتنی ئەو شوقانەدا بمێننەوە.
كارزان رەسوڵ وتەبێژی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ساڵی 2011دا بڕیار لە دروستكردنی نۆ هەزار شوقە بۆ توێژی كرێنشینان و كەمدەرامەتان لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان درا و ساڵێك دواتر دەست بە جێبەجێكردنی كرا، بەڵام بەهۆكاری جیاواز تائێستا ئەو شوقانە تەواو نەكراون و هاووڵاتیان لە چاوەڕوانی وەرگرتنیدا ماونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر لایەنی پەیوەندیدار چەندینجار کاتی تەواوکردن و دابەشکردنی ئەو شوقانەیان دیاریکردووە.
دابەشکردنی زەوی گرفت دروست دەکات
وتیشی: بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ئێمە وەك كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، بۆمان دەركەوتووە هەوڵێك هەیە ئەو پڕۆژەیە لە هەولێر و چەند شوێنێکی تر بدرێت بە رێكخراوێكی خێرخوازی دیاریکراو، ئەوانیش بیدەن بە توێژێكی تر، لەكاتێكدا پرۆژەكە بۆ خەڵكی كرێچی و كەمدەرامەت دروستكراوە.
جگە لەو پڕۆژەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و فەرمانبەران دروست بكرێت، بە نرخێكی گونجاو پێیان بدرێت، بۆ ئەو مەبەستە فۆڕمی دابەشکردنی بڵاوکرایەوە، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێک بۆ دروستكردنی ئەو پڕۆژەیە دیارنییە و تەنانەت زەوی بۆ دابین نەكراوە.
وتەبێژی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ هەنگاوەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كە ئێستا قۆناغەکانی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی دەستی پێكردووە، رەنگە پرسی دروستكردنی شوقە بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان زیاتر دوابكەوێت، یان بەلاڕێدا ببرێت و بۆ مەبەستی تایبەتی بەکاربهێنرێت.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ کوردستانی نوێ : بەهۆی نەبوونی بودجە وەزارەت كەمتر بەلای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبووندا دەچێت و زیاتر کار لە رێگەوبانەکاندا دەکات
نەبوونی بودجە کێشەیە
ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی پێویستی نییە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان.
حەكیم ولیا محەمەد بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كوردستانی نوێی وتی: بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم كەمتر بەلای دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبووندا دەچێت، بەڵكو زیاتر کار لە رێگەوبانەکاندا دەکات.
شوقەکانی كرێنشیان و كەمدەرامەتان، بینای بەشێكی زۆریان تەواوكراوە، بەڵام کێشەی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی هەیە و بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست بۆیان تەواو نەکراوە، لەبەرئەوە نەتوانراوە بەسەر هاووڵاتیانی كرێنشین و كەمدەرامەتاندا دابەش بكرێت.
بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دەڵێت: هەرچەندە ئێستا هیچ هەنگاوێك نییە بۆ تەواوكردنی ئەو شوقانە، بەڵام لەكۆتاییدا هەر دەبێت تەواوبكرێت و بدرێتە کرێنشینان و کەمدەرامەتان، ئەگەر هیچ دەستێوەردانێکی تێدا نەکرێت، بۆ ئەمەش ئومێدێك هەیە لەكاتی ناردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عیراق ئەو شوقانە تەواو بكرێن.
سوودە ئابوورییەکانی دروستکردنی یەکەکەکان
دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لەلایەن حكومەتەوە بۆ توێژی كرێنشینان و کەمدەرامەتان، هەنگاوێكی گرنگە بە ئاڕاستەی كەمكردنەوەی رێژەی هەژاریی و كرێنشینی لە هەرێمی كوردستان، چونكە بەهۆی كەمی تواناو داهاتی ئەو توێژانە، ناتوانن یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خۆیان دابین بكەن.
سامان عەبدوڵڵا ئابووریناس لەبارەی گرنگی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لەلایەن حکومەتەوە بۆ هاووڵاتیان بە كوردستانی نوێی وت: دروستكردنی هەر پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە چەند رووەکەوە سوودی بۆ كۆمەڵگە هەیە، جگە لە كەمكردنەوەی قەیرانی نیشتەجێبوون، دەبێتە هۆكارێك بۆ رەخساندنی هەلی كار و زیادكردنی جموجۆڵی بازاڕ، چونكە بۆ تەواوكردنی قۆناغەکانی ئەو پڕۆژانە پێویستیان بە هەموو جۆرە كەرەستەیەک هەیە، بۆیە لە چەندین لاوە سوودبەخش دەبێت.
پێویستە حكومەت گرنگی زیاتر بەو بوارە بدات، لەبەرئەوەی لەلایەك دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوەی زیاتری شارەكان بەشێوەیەكی شارستانی، لەلایەكی تر ئەگەر حكومەت ئەو هەنگاوە نەنێت، رەنگە هاووڵاتیان ناچاربن خانوی زیادەڕۆ دروست بكەن، ئەوكات چەندین گرفتی خزمەتگوزاریی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵكی گشتی سەرهەڵدەدات.
سامان عەبدوڵڵا ئابووریناس دەڵێت: كاتێك پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون دەست بە دروستكردنی دەكرێت و تەواو ناكرێت، مانەوەیان بۆ كاتێكی درێژ، زیانێكی زۆر بە بینا و باڵەخانەكانی دەگات و رووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە، بەمەش لەكاتی دەستپێكردنەوەی كارەكان لەو پڕۆژەیە، پێویستە سەرەتا بەشێكی نۆژەن بكرێتەوە، ئەمەش زیانێكی زیاتر بە بودجەی گشتی دەگەیەنێت.
یەکەکانی نیشتەجێ بوونی کرێنشینان و کەمدەرامەتان، تەنها لە شاری هەولێر نییە گرفتی بۆ دروست بووە، بەڵکو لە سەرجەم شارەکانی تریش یەکەکانی بۆ ئەو مەبەستە دروستکراون بە نیوە تەواوکراوی بەجێهێڵراون و دابەش نەکراون.