هه‌ڵمه‌تێكی زاڵمانه‌ى راگه‌یاندن له‌لایه‌ن هه‌ندێك عه‌ره‌به‌وه‌ دژ به‌ عه‌ره‌بی تر له‌ كه‌ركوك هەیە

شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی: یه‌كێتی خاوه‌نی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ناو كوردی كه‌ركوك

10:51 - 2024-08-18
دیدار
184 جار خوێندراوەتەوە

ئا: گۆران فەتحی

كەناڵی ئەلرابیعە-ی عیراقی، دیدارێكی دوورودرێژی لەگەڵ كەسایەتیی سیاسیی شیعەی دیاری عێراق، شێخ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق ئەنجامداوەو لەسەر چەند تەوەرێك پرسیاری لێكردووە، یەكێك لە دیارترین وەڵامەكانی ئەوەیە كە دەڵێت ئەگەر یەكێتی پەراوێز بخرایە لە هاوكێشەی كەركوكدا قەیرانی ناوخۆیی و ناسەقامگیریی بەرپا دەبوو.. لێرەدا چەند بڕگەیەكی ئەو دیدارە بڵاودەكەینەوە.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ى قه‌یران و شه‌ڕی ناوخۆیی له‌كه‌ركوك دروست ده‌بێت دوای وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی رایگه‌یاند: قه‌یران یان شه‌ڕی ناوخۆیی به‌هۆی ئه‌وه‌ دروستنابێـت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگەچاره‌كه‌ى تری لایه‌نه‌كانی تر ئه‌وه‌ى لێده‌كه‌وته‌وه‌، من ئه‌وه‌ ده‌ڵێم و به‌رپرسیارم لێی، رێگه‌چاره‌كه‌ى تر ره‌نگه‌ قه‌یرانی ناوخۆیی لێبكه‌وتایه‌ته‌وه‌، یان شه‌ڕی ناوخۆیی لێ دروستبوایه‌، چونكه‌ ئه‌و رێگه‌چاره‌یه‌ ده‌یویست له‌ مه‌سه‌له‌ى پارێزگاردا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌راوێز بخات و وه‌لا بنێت، له‌كاتێكدا یه‌كێتی خاوه‌نی پێنج كورسی و خاوه‌نی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ناو كوردی كه‌ركوك به‌به‌ڵگه‌ى ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، واتا رێگه‌چاره‌كه‌ى تر(پارتی و توركمان و لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌ ناڕازییه‌كان) ره‌نگه‌ قه‌یران و ناسه‌قامگیریی له‌پارێزگاكه‌ دروستبكردایه‌.
خه‌زعه‌لی ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد و وتی: ئه‌وه‌ى ئێستا رووده‌دات له‌كه‌ركوك ناره‌زایی سیاسیی ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ كه‌ وای ده‌بینن مافی تانه‌دانیان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ئاساییه‌ ئه‌وان ده‌توانن تانه‌كانیان پێشكه‌ش به‌دادگای فیدڕاڵی یان ئه‌نجوومه‌نی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن.
خه‌زعه‌لی هه‌روه‌ها وتی: ده‌مه‌وێت جه‌خت له‌وه‌ بكه‌مه‌وه‌، كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی زاڵمانه‌ى راگه‌یاندن هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك عه‌ره‌به‌وه‌ دژ به‌ عه‌ره‌بی تر له‌ كه‌ركوك، ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ى به‌شدارییان له‌ ئیداره‌ى كه‌ركوك نه‌كردووه‌ ئه‌وانه‌ به‌خه‌یانه‌ت تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ به‌شداری ئیداره‌كه‌یان كردووه‌، ئه‌مه‌ش زاڵمانه‌و ناراسته‌، من ئاگاداری وورده‌كاری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌م و خه‌ڵكی كه‌ركوكیش له‌هه‌موان زیاتر ئه‌وه‌ ده‌زانن، به‌تایبه‌ت عه‌ره‌ب و توركمان كه‌ هه‌ڵوێستی چه‌سپاو و مه‌بده‌ئی ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌عیراقی بوونی كه‌ركوك چۆنه‌ و متمانه‌شیان به‌ قسه‌ى ئێمه‌ هه‌یه‌.
شێخ قه‌یس خه‌زعه‌لی ده‌ڵێ،  ئه‌و لایه‌نه‌ى «لایه‌نه‌كه‌ى» ترى به‌شدار له‌ حكومه‌تی كه‌ركوك تۆمه‌تبار ده‌كات، گوایه‌ خیانه‌تی كردووه‌و ره‌زامه‌ند بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پارێزگار كوردبێـت (له‌ یه‌كێتی) له‌ماوه‌ى یه‌كەمدا، هه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ رازی بووه‌ كه‌ پارێزگار له‌ ماوه‌ى یه‌كه‌مدا كوردبێت و له‌پارتی دیموكراتی كوردستان بێت، بۆیه‌ ناكرێـت تۆ عه‌یبه‌ له‌ شتێك بگری كه‌ خۆت رازی بوویت پێى، ئه‌مه‌ راستگۆیی نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خۆت رازی بوویتایه‌ ته‌نها پارێزگار له‌ عه‌ره‌ب بوایه‌ ئه‌وكات ئه‌موت راستگۆی، به‌ڵام خۆت رازی بووبیت پێشتر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كوردێك پارێزگار بێ، ئه‌وا ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یكه‌یت راستگۆیی نییه‌. لەیەكی تر، خه‌زعه‌لی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات و ده‌ڵێـت: ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانرێت سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رازی بوونه‌ كه‌ خولانەوە هه‌بێـت له‌ پۆستی پارێزگار، كوردیش ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو ده‌گرێت كه‌ ماوه‌ى یه‌كه‌م یان خولی یه‌كه‌م باشتره‌ پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌‌، له‌كاتێكدا عه‌ره‌ب وای پێباشه‌ ماوه‌ى دووه‌م پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت له‌به‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانی عیراق. ئه‌مه‌ش حساباتی سیاسییه‌ و ئێمه‌ ده‌ستوه‌ردانمان تێدا نه‌كردووه‌، پێمان باش بووه‌ لایه‌نه‌كان خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا رێك بكه‌ون.


#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان