نەیجیریا و جەزائیر و نەیجەر لەسەر بنیاتنانەوەی پڕۆژەی خەون رێكەوتن

12:02 - 2022-06-27
ڕاپۆرت
408 جار خوێندراوەتەوە

 ئا: یادگار عەلی 

بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازی سروشتی، وڵاتانی ئەفریقا  لە پێش هەمووشیانەوە نەیجیریا و مەغریب و جەزائیر، دەیانەوێت پێگەی خۆیان لەسەر نەخشەی وزەی جیهان بەهێز بکەن.  لەهەمانکاتیشدا ئەوروپییەکانیش خوازیارن لە هەژموونی روسیا رزگاریان بێت  و پشت بە گازی سروشتی روسیا ببەستن. 
لە ماوەی پێشوودا وڵاتانی نەیجیریا، جەزائیر و نەیجەر رێكەوتن، کە  كاركردن لە بونیاتنانەوەی بۆری گازی سروشتی بیابانی گەورە ناسراو بە (پڕۆژەی خەون) دەستپێبكەنەوەو هەندێك سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەكەن كە گریمانەی ئەوە دەكرێت لەو رێگەیەوە گازی سروشتی بگەیەننە بە ئەوروپا.
 دوو پڕۆژەی گەورە
لەمەشدا دوو پڕۆژەی گەورە هەن، بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی ئەفریقا بۆ کیشوەری ئەوروپا.  یەکەمیان پڕۆژەی خەونەکانە، کە ئامانج لێی گواستنەوەی گازی سروشتی نەیجیریایە بۆ ئەوروپا لە رێگەی  نەیجەر و جەزائیرەوە. ئەوی تریشیان پڕۆژەی « گازی ئەفریقا – ئەتڵەسی « یە ئەمەشیان بەڕێگەی خۆرئاوای ئەفریقا و مەغریبەوە.  لەم نێوەندەشدا ململانێیەکی توند لە نێوان جەزائیر و مەغریب بۆ گواستنەوەی گازی نەیجیریا دروست بووە. 
هەرسێ وڵات رێکەوتوون
لەوبارەیەوە وەزارەتی نەوتی نەیجیریا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باس لەوە دەكات كە دوای هەفتەیەك گفتوگۆی چڕی نێوان هەر سێ‌ وڵات لە شاری (ئەبوجا)ـی پایتەخت رێكەوتن لەسەر پێكهێنانی تیمێكی كار بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر بڕی بودجەی پێویست بۆ بەگەڕخستنەوەی بۆری گازی سروشتی بە رێگەی بیابان لە نێوان هەر سێ‌ وڵات.
پڕۆژەی خەون
پڕۆژەی خەون یەکێکە لە پڕۆژە ئابووریی و ستراتیژییە گەورەکانی ئەفریقا، ئامانجی سەرەکی گواستنەوەی گازی سروشتی وڵاتانی ئەفریقایە بۆ کیشوەری ئەوروپا.   بیرۆكەی ئەم پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ (40) ساڵ پێش ئێستا و دوایینجار لە ساڵی 2009 دا رێكەوتن لە نێوانیان بۆ بەگەڕخستنی كرایەوە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەكراوە.
پێویستی بە 13ملیار دۆلارە
هەرچەندە پڕۆژەی خەون دوو دەیەیە لە نێوان ئەو وڵاتانە راگیراوەو بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە سەرەتاییانەی لە ماوەكانی رابردوو کراون، پڕۆژەكە پێویستی بە 13ملیار دۆلار هەیە و بۆئەوەی بتوانێت لە ساڵێكدا بڕی (30) ملیار مەتر سێگۆشە گازی سروشتی بگەیەنێت بە ئەوروپا.
لە نەیجیریاوە بۆ جەزائیر
پڕۆژەی بنیاتنانی گازی سروشتی بە رێگەی بیابان درێژییەكەی  دەگاتە چوار هەزار و (128) كیلۆمەتر دەبێت و لە ناوچەی (واری) لە نەیجیریا دەستپێدەكات و بە وڵاتی نەیجەر تێدەپەڕێت و پاشان لە ناوچەی (حاسی ئەلڕمل) لە جەزائیر كۆتایی دێت و دەگات بەو بۆریەی كە ئێستا گازی سروشتی دەگەیەنێت بە ئەوروپا. 
جەنگی ئۆکرانیا و جێگرەوەی گازی سروشتی روسیا
گرنگی ئەو گفتوگۆ و رێكەوتنەی نێوان ئەو سێ‌ وڵاتە ئەفەریقییە لەوەدایە كە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا خوازیاری دۆزینەوەی وزەی جێگرەوەی گازی سروشتی روسیان.
وڵاتانی ئەفریقاش سوودمەند دەبن
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی دەرەوەی نەیجیریادا هاتووە: ئەو هێڵەی بەگەڕدەخرێت بوار بە ئەوروپا دەدات دەستی بە فرەچەشنی سەرچاوەی سروشتی بگات، هەروەك چۆن رێگە بە زۆر وڵاتی ئەفەریقیش دەدات دەستیان بە وزەی سروشتی بگات. ئاماژە بە وەشكراوە كە هەریەك لە وڵاتانی چاد و مالیش لە پڕۆژەكە سوودمەند دەبن.
رێگەیەکی تر
‏یەكێكی تریش لەو پێشهاتە نوێیانەی لەو بوارە ئەوەیە، كە نەیجیریا لە چەند مانگی رابردوودا چەند هەنگاوێكی هاوشێوەی ناوە  بۆ گەیاندنی بۆری گازی سروشتی بۆ ئەوروپا، ئەمەش  بەڕێگەی خۆرئاوای ئەفریقا و مەغریبەوە.
چوار ساڵ پێش ئێستاش محەمەدی پێنجەم  جێنشینی مەغریب و محەمەد بوخاری  سەرۆكی نەیجیریا لەسەر بنیاتنانی پڕۆژەیەكی مەزنی گواستنەوەی گازی سروشتی رێكەوتن كە بە درێژی سێ‌ هەزار كیلۆمەتر بە زەریای ئەتڵەسی درێژدەبێتەوە. دواجار لە (2016) پڕۆژەكە لە نێوان هەردوولا ئیمزا كرا و بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بەتەواوی پەسەند بكرێت.
لەپاش هەڵگیرسانی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا و زیادبوونی پێداویستی وڵاتانی ئەوروپی بە گازی سروشتی جێگرەوەی گازی سروشتی روسی، كێبڕكێیەكی توند لەنێوان بەشێك لە وڵاتانی ئەفریقا لەسەر بەرهەمهێنان و دامەزراندنی بۆری گواستنەوەی گازی سروشتی هاتووەتەكایەوە.
ململانێی مەغریب و جەزائیر بۆ گازی ئەفریقا
لەسەر گازی سروشتی ئەفریقی هەریەك لە مەغریب و جەزائیر كێبڕكێی توند كەوتووەتە نێوانیان، تەریب بەوەش مەغریب و نەیجیریا هەندێك هەنگاویان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی گازی سروشتی (ئەفریقا – ئەتڵەسی) هەڵگرتووە. ئەو پڕۆژەیە وڵاتانی ئەفریقا كە بەرهەمهێنی گازی سروشتین لە رێگەی مەغریبەوە دەبەستێت بە ئەوروپا.
رێگەی مەغریب
پڕۆژەی بۆری گازی سروشتی نێوان نەیجیریا و مەغریب درێژییەكەی پێنج هەزار و (600) كیلۆمەتر دەبێت و هەردوو وڵات لە رێگەی ئیسپانیاوە بە ئەوروپا دەبەستێتەوە. ئەو پڕۆژەیە هاوكاری نەیجیریا دەكات، تاوەكو گازی سروشتی بگەیەنێت بە یەكێتی ئەوروپا.
لە بارەی كۆبوونەوەكەی (ئەبوجا) كە تایبەت بوو بە نوێكردنەوە و بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی سروشتی بیابانی گەورە لە نێوان جەزائیر و نەیجیریا و نەیجەر، تێمبری سیلڤا  وەزیری وزەی نەیجیریا ئاماژەی بەوە كردووە، بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژەیە زۆر دواكەوتووە، ئێستا پێویستی بە كاراكردنەوە هەیە، چونكە نرخی گازی سروشتی بەرزبووەتەوە، گوشارەكان بۆ گازی سروشتی لەسەر ئەوروپا زیادیان كردووە و ئێستا گازی سروشتی بووەتە چەكێك لە جەنگە نێودەوڵەتییەكان بەكاردێت.
ئەفریقا و نەخشەی گازی سروشتی لە جیهان
لە درێژەی وتەکەیدا وەزیری وزەی نەیجیریا دەڵێت: بە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكە بەشێوەیەكی دروست، کیشوەری ئەفریقا بە تەواوی دەچێتە سەر نەخشەی گازی سروشتی لە جیهان. وەك ئەفریقییەكان لەسەرمانە بە هەموو جیهان بڵێین، كە توانای كار و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریمان هەیە.
لەلایەكی تریشەوە محەمەد عەرقاب  وەزیری وزە و كانەكانی جەزائیر رایگەیاند: پڕۆژەكە كاریگەری گەورە و ئەرێنی لەسەر گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی و ئابووری لە نێوان وڵاتانی ئەفریقی دەبێت. باسی لەوەشكردووە، پڕۆژەكە دەبێتە سەرچاوەیەكی نوێ‌ لە بازاڕەكان بۆ گازی سروشتی بەتایبەت كە تادێت خواست لەسەر ئەو سامانە سروشتییە زیاد دەكات.
سەرچاوەکان:
-رۆژنامەی ئەهرامی میسری 
-سایتی بی بی سی عەرەبی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان