لە دیدارێکیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ

پرۆفیسۆر.د.خالید ئەلعزی: لوبنان لە غیابی دەوڵەتدا لە تاریکیدا دەژی

10:08 - 2024-08-19
دیدار
99 جار خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆر. د. خالید ئەلعزی، مامۆستای زانکۆ لە لوبنان لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بەو دۆخەی لە دوو رۆژی رابردووەوە بەرۆکی لوبنانی گرتووە و گرێبەستەکەیان لەگەڵ عیراقدا تەواو بووە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، لەو بارەیەشەوە زانیاریی نوێ لەسەر دۆخی کارەبا بەتایبەتی و دۆخی وڵاتەکە بەگشتی رووندەکاتەوە.


گفتوگۆی: کوردستانی نوێ

 

پرۆفیسۆر. د.خالید ئەلعزی:
ئەو مافیایانە دێن دەست بەسەر ئەو بڕە سووتەمەنییەدا دەگرن کە لە بنەڕەتدا پێویستە بدرێت بە کۆمپانیای کارەبای دەوڵەتی لوبنان



سەرەتا وتی دۆخەکە لە لوبنان زۆر سەختە، دیارە دۆخەکە دەکرێت بڵێین دۆخی جەنگە، نزیکەی 11 مانگە، بەڵام ئەمڕۆ دەوڵەت بە رەسمی رایگەیاند کە وڵات کەوتۆتە دۆخی تاریکییەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو گاز و بەنزینەی کە لەعیراقەوە دێت گرێبەستەکەی تەواوبوو، دەوڵەتی لوبنانیش ناتوانێت هیچ ئەڵتەرناتیڤێک پێشکەش بکات، جگە لەوەی کە دەوڵەتی عیراقی برا هاوکاریی پێشکەش بە گەلی لوبنان دەکرد لەڕووی کارەباوە.
*هۆکاری نەبوونی ئەڵتەرناتیڤ چییە کە حکومەتی لوبنان ناتوانێت کارەبا بۆ گەلەکەی دابین بکات؟
-هۆکار زۆرن، گرنگترینیان گەندەڵییە لە دەوڵەتدا، هەموو ئەو گاز و سووتەمەنییەی کە دەهات، بۆ ئەرکە سروشتییەکەی بەکارنەهێنراوە کە خزمەتگوزاریی کارەبایە بۆ لوبنان، ئەوەش لەبەر خاتری کۆکردنەوەی پارە کە خەڵک دەیدات بە حکومەت لە پێناوی دابینکردنی وزەی کارەبادا تا بنێردرێت بۆ عیراق، لەگەڵ سوپاس بۆ عیراق لەبەرامبەر پێشکەشکردنی ئەو خزمەتەی کە رایگەیاندبوو، لەبەرامبەر ئەوەی کە لوبنانیش خزمەتی پزیشکی و چارەسەر پێشکەش بە عیراق بکات لە رێگەی نەخۆشخانەکانییەوە، کە عیراق بتوانێت هەندێک حاڵەتی نەخۆشی رەوانەی لوبنان بکات، سەرەڕای ئەوەش لەبەرامبەر ناردنی سەوزە و میوە و بەرهەمی کشتوکاڵی بۆ عیراق، بەوەش لوبنان بتوانێت کەمێک دراوی قورس کۆبکاتەوە و نوێبوونەوە لە بازاڕدا بکات و لەو رێگەیەشەوە بتوانێت کرێ و تێچووی ئەو سووتەمەنی و کارەبایە دابین بکات، کە بۆ لوبنانییەکانی دەستەبەر دەکات.

*ئەی ئایا حکومەتی لوبنان وا ناکات؟

-نەخێر، بەپێچەوانەوە، سووتەمەنییەکە بەسەر ئەو خاوەن کۆمپانیا تایبەتیانەدا دابەش دەکرێت کە خاوەنی موەلیدەی کارەبان و هاوشانی دامەزراوەی کارەبای دەوڵەت کارەبای لوبنان دەدەن، ئەوەش لە ئەنجامی گەندەڵی و ناسیاوی و دابەشکردنی پشکپشکێنەی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکان لەم وڵاتەدا.

*باشە خۆ لوبنان حکومەتی هەیە ئەگەرچی کاربەڕێکەرە، بەڵام ناتوانێت ئیدارەی ئەو دۆسێیە بدات لەم قەیرانەدا؟

-لەبەرئەوەی حکومەت نیمچە دەستلەکارکێشاوەیە و لە غیابی سەرۆک کۆمار و لەسایەی دامەزراوەی لاوازدا، کە سەرەنجام لەو دۆخەدا بزاوتی مافیاگەرایی چالاک دەبێت و ئەو مافیایانە دێن دەست بەسەر ئەو بڕە سووتەمەنییەدا دەگرن کە لە بنەڕەتدا پێویستە بدرێت بە کۆمپانیای کارەبای دەوڵەتی لوبنان، بەڵام ئەوان دەیبەن بۆ موەلیدە تایبەتەکانی خۆیان و توانای خۆیان تەریب دەکەنەوە بە توانای دەوڵەت، بەڵام بڕی ئەو قازانجەی بەدەستی دەهێنن، هیچی ناگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت، بەڵکو بەسوودی کەسیی ئەو مافیایانە و بەگوێرەی دابەشکاریی مەزهەبی و تایفی و ناوچەگەریی دەشکێتەوە، بەگوێرەی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن میلیشیا و مافیا جۆربەجۆرەکانی چینی گەندەڵکار.

*ئێستا بە بۆچوونی ئێوە و دەوڵەتی لوبنان چارەسەری ئەو دۆخە چییە و هەنگاوی داهاتوو بۆ چارەسەر چی دەبێت؟
-ئێستا دەوڵەتی لوبنان کار بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەکی نوێ دەکات کە رەنگە بتوانێت عیراق قەناعەت پێ بکات، ئەگەریش هەیە کە عیراق قەناعەت نەکات، رەنگە گرنگی و مەترسیداریی ئەو رێککەوتنە، کە ئێستا دەوڵەت خوێندنی باڵای بۆ عیراق پێشنیازکردووە، بەجۆرێک دابینکردنی کورسیی خوێندنی باڵا لە لوبنان بۆ خوێندکارانی عیراق لەبەرامبەر سووتەمەنیدا، کە پێموایە ئەمە دەبێتە مایەی گەندەڵیی زۆر گەورەتر، لەڕووی ئەو بڕوانامانەی کە لە سێ زانکۆ تایبەتەکەی لوبنانەوە دەردەچن، کە هەزاران خوێندکاری عیراقیان دەرچوواندووە، بە بڕوانامە و دیپلۆمی باڵا کە زۆرێکیان لە لوبنان بەدەستیانهێناوە، بەڵام ئەم بەدەستهێنانە بووەتە مایەی هەرەسهێنانێکی ئاشکرای خوێندنی عیراق. جا ئاخۆ دەبێت ئیتر ئەو بڕوانامانە چۆن بێت کە ببێتە ئاڵوگۆڕ لەنێوان عیراق و لوبناندا لەبەرامبەر سووتەمەنی؟ پێموایە ئاستی خوێندن لەو دۆخەدا لە عیراق دادەبەزێت بۆ نزیک سفر و دەبێتە گەندەڵیی خوێندن. بۆیە ئەو توێژەی دێت کە فێرببێت لە لوبنان، هاوکات ئاست و رێژەی گەندەڵی بەرزتر دەبێتەوە لە کایەی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و خوێندنی تەکنیکیدا، دواجار ئەو جۆرە زانکۆیانەی دەوڵەت لەو چوارچێوەیەدا دەیانکاتەوە، دەبنە هۆی بەدەستهێنانی قازانجی کەسیی زۆری مافیاکان کە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، نەک زانکۆی نیشتمانی کە دەتوانێت ئەو خزمەتگوزارییانە دەستەبەر بکات، بە رێگەیەکی هاوسەنگ و باڵا.
 بۆیە دەتوانم بڵێم دۆخی لوبنان دۆخێکی زۆر خراپە، لە ئەنجامی پشکپشکێنە و چینی گەندەڵکار و پابەندنەبوون بە هیچ بڕیارێک و جێبەجێکردنیان، جگەلەوەش تەنانەت جۆرێک لە دەستبڕینی برایانی عەرەبیش هەیە لەوانەی کە دەشیانەوێت هاوکارییەکی گەلی لوبنان بکەن و لە مەینەتییەکانیدا پشتگیریی بکەن، بەڵام بەداخەوە مافیاگەرایی لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان