״خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەمن و زیانێكی زۆری ئابووری و گیانی، بەركەوتووە״

هەرێم كەمال ئاغا: پێویستە رێككەوتنی عیراق لەگەڵ توركیا ببێتە هۆكارێك بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكەكەماندا

11:18 - 2024-08-19
دیدار
146 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

هەرێم كەمال ئاغا بۆ کوردستانی نوێ:
پێویستە دامەزراوەكانی وڵات ئاگاداری رێككەوتنەكان بن، بەتایبەتی ئەنجومەنی نوێنەران 


سەرۆكی فراكسیۆنی ی.ن.ك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: هەر رێككەوتنێكی عیراق لەگەڵ توركیا ئەگەر نەبێتەهۆی كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لەناو خاكی عیراقدا، ئەوا هیچ ئەنجامێكی نابێت. ئاماژە بەوەش دەكات لە پێشێلكارییەكانی سەر سنوور و ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكانی توركیا، خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەمن و زیانێكی زۆری ئابووری و گیانی، بەركەوتووە.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی ی.ن.ك لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەر كاتێك رێككەوتنی عیراق لەگەڵ توركیا هۆكارێك بێت بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە، ئەوە لە بەرژەوەندیی عیراقدا دەبێت، بەڵام ئەو لێكتێگەیشتنەی ئەمجارە لەنێوان هەردوولادا كراوە، هیچ هەنگاوێكی لەو جۆرەی تێدا نییە، وتیشی: هەر رێككەوتنێكی ئەمنی لەنێوان دوو وڵاتدا بكرێت، دیارە گرفتێك هەیە، ئاشكراشە گرفتی گەورەی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ توركیا، بوونی هێزەكانی ئەو وڵاتەیە لە خاكی عیراقدا و بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەكانە، كە ئەوە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراقە و خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەمە.
هەرێم كەمال ئاغا، كە هاوكات ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە، وتی: ساڵانە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق لە وەرزی هاویندا دەستپێدەكات، بەو هۆیەوە زیان بە جووتیاران دەگات و رەزوباخەكانیان دەسووتێت و لەوەڕی مەڕوماڵاتیش زیانی زۆری پێدەگات، یەكێك لە ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنەكانیش لە هاویندا، لێدانە لە ئابووریی كوردستان، راشیگەیاند: بەپێی راپۆرتی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی «لەئەنجامی پێشێلكارییەكانی توركیا لە 30 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 800 هاووڵاتی كورد بوونەتە قوربانی».
باسی لەوەشكرد بۆ ئەوەی رێككەوتننامەكانی حكومەتی عیراق لەگەڵ وڵاتان دەیكات؛ سەركەوتووبێت و ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە، پێویستە دامەزراوەكانی وڵات ئاگاداری رێككەوتنەكان بن و پشتگیری بكەن، بەتایبەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و هەر بابەتێكیش كە رەهەندی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران پەسەندی بكات، بەڵام ئەوەی لەنێوان عیراق‌ و توركیا كراوە نەهێنراوەتە ئەنجومەنی نوێنەران، بیانووەكەش ئەوەیە كە بابەتەكە لەنێوان هەردوو حكومەت یان دەسەڵاتی جێبەجێكاری نێوان هەردوو وڵاتدا كراوە.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان