تەها عەبدوڵڵا
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، رایدەگەیەنێت: داواكردنی كارتی دەنگدان لە مامۆستایان و ناچاركردنیان بەئاشكراكردنی لایەنی سیاسییان، پێشێلكردنی مافی دەنگدانە و پێچەوانەی یاسایە. لێپرسراوێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش تەئكیددەكاتەوە «لەكاتی بوونی بەڵگە، وەك كۆمسیۆن لێپرسینەوە دەكەین».
عیسا حسێن سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: داواكردنی كارتی دەنگدان لە مامۆستایانی وانەبێژ یان مامۆستایان، پێچەوانەی یاسایە و پێشێلكردنی مافی دەنگدانە، هەر كەسێك ئەو كارە بكات بەرپرسیارێتی یاسایی دەكەوێتە ئەستۆ، وتیشی: وەك یەكێتیی مامۆستایان لە لقی هەولێر هەست بەبوونی دیارەی لەو جۆرە دەكەین و نیگەرانین لەو شێواز و هەڵسوكەوتەی لەگەڵ مامۆستایان دەكرێت، هەر كاتێكیش كەسێك سكاڵای هەبێت داواكەی دەگەیەنینە لایەنی پەیوەندیدار.
هەر سەبارەت بەو باسە، ئەحمەد مازن وتەبێژی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی وت: هەر كاتێك بەڵگەی پێویست هەبێت لەسەر ئەو جۆرە دیاردانە، دەتوانن پێشكەش بەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی بكەن، تا رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر.
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەشێك لە خوێندنگەكانی سنووری پەروەردەكانی هەولێر و دهۆك، داوای كارتی دەنگدان لە مامۆستایانی وانەبێژ و خێزان و منداڵەكانیان كراوە لەگەڵ ئاشكراكردنی لایەنی سیاسییان. نوێنەری مامۆستایانیش داوادەكەن بەهیچ شێوەیەك كارتی دەنگدانی خۆیان و خێزانەكانیان بە هیچ كەس و لایەنێك نەدەن، داواش دەكەن رێوشوێنی پێویست دژی ئەو كەسانە بگیرێتەبەر و رێگا لە دووبارەبوونەوەی بگرن.