كەركوك، هێمن ئەحمەد
بەسەرپەرشتی شارەوانیی كەركوك و لەچوارچێوەی پلان و پڕۆژەكانی پارێزگای كەركوكدا، دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی كردنەوەی رێڕەوەكان كرا، لەنێویدا كردنەوەی رێڕەوێكی هاوتەریبە لەگەڵ كۆرنیش و بەستنەوەی بە پردی گەڕەكی رەشیداوەی كەركوك.
لەوبارەیەوە، ئەندازیار ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری شارەوانیی كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پرۆژەكە لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان جێبەجێ دەكرێت و بریتی دەبێت لە رووپۆشكردنی رووباری خاسە بەبەردی تایبەتی.
هەر سەبارەت بەو پرۆژەیە، ئەندازیار محەمەد مەهدی بەڕێوەبەری چاككردنەوەی پرۆژەكانی ئاودێریی كەركوك، بەكوردستانی نوێ-ی وت: كاركردنی بەردپۆشینی كەنارەكانی خاسەی كەركوك بەردەوامە و تا ئێستا 1200 مەتری تەواو بووە، قۆناغی دووەمیش بە درێژایی 1500 مەتر دەستیپێكردووە و لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەكان جێبەجێدەكرێت و بەتەواوكردنی بەردپۆشینی تەنیشتەكانی رووباری خاسە، سیمایەكی جوان دەبەخشێت بە رووبار و شارەكەش.