دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى لەبارەی کەرکوکەوە رەتکردەوە

12:38 - 2024-08-20
عیراق
201 جار خوێندراوەتەوە


دادگاى باڵاى فیدراڵيى عیراق ئەو سکاڵایانەى رەتکردەوە کە لە لایەن راکان جبورى و حەسەن تۆرانەوە لەبارەی نایاساییبوونی دانیشتنی 10ـى ئای ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تۆمارکرابوون.
دادگاى باڵاى فیدراڵى، سکاڵاى هەریەک لە حەسەن تۆران، سەرۆکى بەرەى تورکمانى عیراقى و سەوسەن عەبدولواحید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكى رەتکردەوە، كە لەسەر سەرۆك كۆماری عیراق لە بەرامبەر دەركردنی مەرسوومی كۆماریی بۆ پارێزگاری نوێی كەركوک و ئەو نۆ ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگاکە تۆماریانكردبوو و داوایان كردبوو، دادگای باڵای فیدراڵی بە فەرمانێکى سالاریی دانیشتنەكە و دەرەنجامەكانی پووچەڵبكاتەوە.
دادگا لەوەڵامى سکاڵاکارەکانى پێکهاتەى تورکماندا دەڵێت، بابەتەکە هیچ هۆکارێکى تێدانییە بۆئەوەى سیفەتى بەپەلەى پێبدرێت و داواکە رەتدەکەنەوە، چونکە دژى مادەى 94ى دەستوورى عیراق و مادەى 5ى یاساى دادگاى فیدراڵییە.
هاوکات، دادگاى باڵاى فیدراڵى، سکاڵایەکى دیکەى راکان سەعید جبوورى، بەتەمەنترین ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى لەبارەى دەركردنی فەرمانی سالاریی بە پوچەڵكردنەوەی ئەنجامی كۆبونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوک، بە هەمان هۆکارى سکاڵاکەى بەرەى تورکمانى رەتکردەوە.
بەگوێرەى دوو نووسراوەکەى دادگاى باڵاى فیدراڵى، دادگاکە، سکاڵاکانى بەچەند هۆکارێک رەتکردۆتەوە و رایگەیاندووە، داواکاریى بۆ دەرکردنى فەرمانى سالاریی دەبێت بەگوێرەى داوایەکى سەربەخۆى دەستووری بێت و ئەم دۆسێیەى سکاڵاى لەسەرکراوە، دەچێتە چوارچێوەى یاسا شارستانییەکانەوە.
سکاڵاکان لەکاتێکدایە، لە کۆى 16 ئەندام نۆ ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، شەوى 10ى ئاب لە هۆتیل رەشید لە بەغدا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە هەڵبژاردنى رێبوار تەها، بە پارێزگارى کەرکوک و محەمەد ئیبراهیم حافز، وەکو سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان