جووتیاران داوای قەرەبووی زەوییەكانیان دەكەن

بەنداوی خۆرنەوەزان هەشت ساڵە بە تەواونەكراوی جێهێڵراوە

10:40 - 2024-08-21
ڕاپۆرت
398 جار خوێندراوەتەوە
بەنداوی خۆرنەوەزان، بە تەواوبوونی توانای گلدانەوەی 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز



بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگانی ئاو بۆ   کوردستانی نوێ          :
لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران و نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە هەوڵمانداوە بودجەی زیاتر بۆ دەستپێکردنەوەی کار لە بەنداوەکە دابین بكرێت و ئەمساڵ تەواو بکرێت


بەنداوی خۆرنەوەزان دەكەوێتە نێوان هەردوو گوندی لەكی سەرهەنگ و قەواڵی سەر بە ناحیەی ئاوەسپی لە قەزای كفری، یەكێكە لە پرۆژە تەواونەكراوەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
لە ماوەی رابردوودا 95 ٪ كارەكانی تەواوكراوە، بە تەواوبوونی توانای گلدانەوەی 18 – 19 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام نزیكەی هەشت ساڵە كاركردن تێیدا راوەستاوە و قەرەبووی ئەو جووتیارانەش نەكراوەتەوە كە زەوییەكانیان بەر پرۆژەکە کەوتووە.
شێركۆ هیدایەت ئەنجومەنی گوندی لەكی سەرهەنگ بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بەنداوی خۆرنەوەزان یەكێكە لەو پرۆژانەی كەوتووەتە گوندەكانی ئێمەوە، بەشی زۆری كارەكانی تەواوكراوە و بەجێهێڵراوە، داواكارین لە حكومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تەواونەكردنی بكات و پەلەبكەن لە جێبەجێكردنی ئەو بەشەی كە ماوتەوە.

دروستنەكردنی پردێك گرفتی دروستكردووە

ئەنجومەنی گوندەکە وتیشی: لە دیزانی پرۆژەكەدا پردێكی پەڕینەوە هەیە و دەكەوێتە پشتی بەنداوەكە، تائێستا دروستنەكراوە ئەمەش ساڵانە لە وەرزی باران باریندا گرفتی هاتوچۆ بۆ هەموو ئەو گوندانە دروست دەكات كە دەكەونە سەرووی بەنداوەكەوە.
نزیكەی 130 هاووڵاتی گوندنشین و جووتیاری هەردوو گوندی لەكی سەرهەنگ و قەواڵی زەوییەكانیان یان شوێنی نیشتەجێبوونیان بەر بەنداوەكە كەوتووە یان ژێر ئاو كەوتووە، لەکاتێکدا بەشێك لە زەوییەكان تاپۆن و (ئیتفا) كراون بۆ سەر وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، کە بڕیاربوو قەربووی دارایی بكرێنەوە و لیژنەیەكی تایبەت بە قەرەبووی جووتیارە زیان لێكەوتووەكان درووستكراوە، بەڵام تائێستا كەس قەرەبوونەكراوەتەوە.
شێركۆ هیدایەت ئەنجومەنی گوندی لەكی سەرهەنگ باسی لەوەکرد، بە تەواوبوونی بەنداوەكە بەشی زۆری گوندەكانی سنووری ناحیەی ئاوەسپی و خورماتوو سوودمەند دەبن و دەبێتەهۆی زیادكردنی ئاوی ژێرزەوی و بەخێوكردنی ماسی و ناوچەكەش لە رووی گەشتیارییەوە پێشدەخات و هەلی كار بۆ كاسبكاران دەڕەخسێنێت.

پلانی تەواوکردنی بەنداوەکە

رەحمان خانی بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و كۆگانی ئاو لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیران و نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانەوە هەوڵمانداوە بودجەی زیاتری بۆ دابین بكرێت و ئەمساڵ بەنداوەكە تەواو بكرێت.
لەبارەی قەربووكردنەوەی جووتیارانی ئەو دوو گوندە رەحمان خانی وتی: لەكاتی خۆیدا لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرا، زەرەر و زیانەكانی خەمڵێنراوە و نێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆئەوەی رەزامەندیی لەسەر بدرێت، بەڵام رەزامەندی نەدراوە و داوای كردووە پێداچوونەوە بەو نرخانەدا بكرێت كە دانراون. بڕیارە لە رێگەی لیژنەیەكی نوێوە جارێكی تر خەمڵاندن بۆ ئەو زەوییانە بكرێتەوە كە ژێر ئاو دەكەون، بۆئەوەی قەربوو بكرێنەوە.

#گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان