رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک رایگەیاند، ئیدارەی شار ماڵی هیچ هاوڵاتییەکی کەرکوک ناڕوخێنێت، بەڵکو رێوشوێن هەیە کە دەڵاڵ و دزەکان دەکاتە ئامانج، ئەوانەی دەست بەسەر دۆنمی زەویدا دەگرن و دەیبڕن بۆ فرۆشتن بۆ ئەوەی هەژاران تێوەگلێنن.
وتیشی، "رێگەنادەین دەڵاڵی زەوی و مافیاکان دەست بۆ سامانی گشتی ببەن و دۆخەكە قۆرغ بكەن و دەست بۆ بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و خەڵكی هەژار ببەن".
رێبوار تەها راشیگەیاندووە كە رێنماییان داوەتە فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک و لیژنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو باندانەی دەستدرێژی دەکەنەسەر زەوییەکانی دەوڵەت.
پارێزگاری كەركوك وتوشیەتی کە ، چیتر بێدەنگ نابن بەرامبەر ئەوانەی دەست بەسەر زەویدا دەگرن بۆ ئەوەی نەکرێتە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی نوێ، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی لە کەرکوک.