لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

لە میدیای توركیاوە

09:51 - 2024-08-25
جیهان
54 جار خوێندراوەتەوە

بارەگای هاوبەشی توركیا عیراق لە بەغدا دادەمەزرێنرێت
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاندووە: سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەشی توركیا – عیراق لە بەغدا دادەمەزرێت و جەنەڕالێك لەلایەن هەردوو وڵاتەوە دیاریدەكرێت بۆ سەرپەرشتیكردنی سەنتەرەکە.
سەرچاوەكە تەئكیدی كردۆتەوە لەوەی كە ئەو دەقی رێككەوتنەی لە هەندێك کەناڵی راگەیاندندا بڵاوكراوەتەوە، تەواو جیاوازە و دەقە ئیمزاكراوەكەی نێوان توركیا و عیراق نییە.
 بەپێی سەرچاوەكە، یادداشتنامەی لێكتێگەیشتنی نێوان توركیا و عیراق هاوكاریی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، مەشقی سەربازی و جێبەجێكردنی یاسا، بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكان، ئاسایشی سنووری هاوبەش، بەرەنگاربوونەوەی كۆچی ناڕێك و دزەكردن لە رێگەی سنووری هاوبەشەوە، بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و تاوانی رێكخراو، هەواڵگری و ئاڵوگۆڕی زانیاری لەخۆدەگرێت.
وتیشی: «ناوەندی هاوئاهەنگی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا  نەك تەنها كارمەندانی سەربازی، بەڵكو كارمەندانی مەدەنیشی تێدا دەبێت. 
لەلایەكی دیكەوە، سەنتەری مەشق و هاوكاریی هاوبەش لە بنكەی بەعشیقەی سوپای عیراق دادەمەزرێنرێت.

 

ئەمریكا راهێنانی بەرگریی ئاسمانی بە یەپەگە دەكات 
دوابەدوای ئەوەی کۆڵۆنێل دۆگلاس ماكگریگۆر، ئەفسەری خانەنشینكراوی ئەمریكایی رایگەیاند: «پەكەكە ئامادە دەكەین بۆ هێرشكردنە سەر توركیا»،  ئەمریكا دەستیكردووە بە مەشق و راهێنانی  یەپەگە لەسەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی ئاڤانگەر.
لە مانگی تەمموزدا ئەمریكا سیستمی بەرگریی ئاسمانی مەودا كورتی نارد بۆ ئەو ناوچانەی كە لەلایەن رێكخراوی یەپەگەوە سەرپەرشتی دەكرێن و 4 سیستمی بەرگریی ئاسمانی تۆڵەسەندنەوە بە كاروانێكی 40 ئۆتۆمبێل كە زرێپۆشی سەر بە سوپای ئەمریكاشیان تێدایە، گەیشتبوونە بنكەی حەسەكە.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی The Cradle  كە بڵاوكراوەیەكی زمانی ئینگلیزییە لە لوبنان، واشنتۆن دەستیكردووە بە راهێنانی رێكخراوی یەپەگە لە سوریا لەسەر بەكارهێنانی مووشەكی بەرگریی ئاسماینی Avenger ئاڤانگەر.


یەكێتیی ئەوروپا تورکیا بانگهێشت دەكات بۆ كۆبوونەوەكانی 
دوای پێنج ساڵ لە دابڕان، توركیا بانگهێشت كرا بۆ كۆبوونەوەی ناڕەسمیی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كە تێیدا ستراتیژەکانی سیاسەتی دەرەوە باس دەكرێت.
لەو بارەیەوە بڕیارە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا  بچێتە برۆكسل بۆ بەشداریكردن لەو دانوستانانەی كە بڕیارە لە 29ی ئابدا بەڕێوەبچێت. 
لە كاتێكدا ئەنقەرە پێشوازیی لەو بانگهێشتە كرد كە دوای پێنج ساڵ لە پچڕانی پەیوەندیەكانیان دێت، «ئەو بانگهێشتنامەیەی برۆكسل بە هەوڵی یەكێتیی ئەوروپا بۆ گفتوگۆ لێكدەداتەوە».
كۆبوونەوە ناڕەسمییەکانی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، هاوئاهەنگیی سیاسەتی دەرەوە و ستراتیژەكانی ئاسایشی یەكێتیی ئەوروپا تاوتوێ دەكات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی بۆچوون و ستراتیژی هاوبەش لەنێوان وڵاتانی ئەندامدا. 
بەم شێوەیە وەك سەكۆیەكی گرنگ بۆ دیاریكردن و جێبەجێكردنی ئامانجە هاوبەشەكانی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا دەردەكەوێت. 
كۆبوونەوەكان ئامانجیان دابینكردنی كەشێكی ناڕەسمییە بۆ وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا بۆئەوەی بە ئازادی بیروڕای خۆیان لەسەر پرسە نێودەوڵەتییە هەنووكەییەكان ئاڵوگۆڕ بكەن.
ئۆنجو كەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندووە: چاوەڕوان دەكرێت هاكان فیدان وەزیری دەرەوە لە 29ی ئاب بەشداریی كۆبوونەوەكە بكات و وتی: «پێشوازی لەم بانگهێشتە دەكەین و بە هەوڵی یەكێتیی ئەوروپای دەزانین بۆ گفتوگۆ،  هیواداریشین ئەم هەنگاوە زەمینە بۆ هەمواركردنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا خۆش بكات كە لە 15ی تەمموزی  2019 دا، پەیوەندییەكانی بە بنبەست گەیاند.
ئۆنجۆ دەشڵێت: ئەم بانگهێشتنامەیە نیشانەی ئەوەیە كە یەكێتیی ئەوروپا لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یەكێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر ئاستەنگە ناوچەیی و جیهانییەكان تێدەگات.




دەورییەی وشكانی لە نێوان توركیا و روسیا لە رۆژئاوا دەستی پێكردەوە
چالاكییەكانی دەورییەی وشكانیی هاوبەشی نێوان توركیا و روسیا كە لە 5/10/2023 بە هۆكاری باری خراپی ئەمنی كۆتایی هات، دوێنی جارێكی دیكە دەستیپێكردەوە.
 لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگریی توركیادا هاتووە: «بڕیارە بازگە و بارەگا و پێكهاتە سەربازییەكانی سەربە رێكخراوی یەپەگە- هەسەدە دەستنیشان بكرێت».
بەمەبەستی دەستنیشانكردنی خاڵە پشكنینەكان و بارەگا و پێكهاتە سەربازییەكانی رێكخراوی یەپەگە- هەسەدە، ئەم دەورییە هاوبەشانە رێكدەخرێت.  
بەگوێرەی رێككەوتنی توركیا و ئەمریكا لەلایەك و  رێككەوتنی توركیاو روسیا لەلایەكی دیكەوە، لەژێر ناوی بەڕەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەم دەورییانە بەڕێوەدەبردرێن.


ئامادەکردنی: ئارام عەلی عەزیز  

بابەتە پەیوەندیدارەکان