هەولێر/ رەوەست نەوزاد
لەوكاتەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی بەرزبووەوە، حكومەتی ناوەند هەوڵدەدات نرخی دۆلار دابەزێنێت یان كاریگەرییە خراپەكانی بەڕێژەیەک لەسەر هاووڵاتیان كەمبكاتەوە، یەكێك لەو رێكارانەشی پێدانی بڕێك دۆلارە بە گەشتیارانی عیراق بەنرخێكی كەمتر لە نرخی بازاڕ لەكاتی گەشتكردن بۆ دەرەوەی وڵات، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئەو پرۆسەیە لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عیراق جێبەجێ دەكرێت، تەنیا لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان نەبێت.
ئارام كازم هاووڵاتییەکە لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتی کردووە دەڵێت: ماوەی زیاتر لە ساڵێكە چاوەڕێین ئەو بڕیارەی بانكی ناوەندی عیراق بۆ پێدانی دۆلار بە گەشتیار بەنرخی كەمتر لە بازاڕ جێبەجێ بكرێت.
هۆکاری جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە
گەشتیاران لە هەرێم نازانن هۆكارەكەی چییە كە لەفڕۆكەخانەكانی هەرێم ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە، بەڵام جێبەجێ نەكردنی زیان بە گەشتیاران دەگەیەنێت.
شەماڵ نوری لێپرسراوی بەشی رۆشنبیریی سەندیكای ئابووریناسان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی نەبوونی لقی ئەو بانکانەی دیاریکراون لە هەرێم، بڕیارەکە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم جێبەجێ نەکراوە، هەروەها عیراق و هەرێمی كوردستان یەك جۆر سیستمی دارایی رێكوپێكیان نییە.
وتیشی: هۆكاری تریش ئەوەیە عیراق تا چ رادەیەك متمانەی بەوەیە فڕۆكەخانەکانی هەرێم دەتوانن رێنماییەكانی ئەو بڕیارە كۆنترۆڵ بكەن، چونكە بەر لە ماوەیەك خەڵكێكی زۆر روویان لە فڕۆكەخانەكان دەكرد و دۆلاریان وەردەگرت گەشتیشیان نەدەکرد، تەنها بۆ ئەوە بوو قازانج لەجیاوازی نرخی دۆلاردا بكەن.
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کوردستانی نوێ :هۆكاری دواكەوتن و جێبەجێ نەکردنی پێدانی دۆلار بە نرخی کەمتر لە بازاڕ هونەرییە و خەریکی چارەسەر کردنین
بڕیارەکە لە سوودی گەشتیارانە
جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە سوودی هاووڵاتیانە و پێدانی بڕێک دۆلار بە نرخی کەمتر لە بازاڕ وادەکات هاوکارێکی باشی گەشتیاران بێت و بڕێک پارەیان بۆ بگەڕێتەوە.
شەماڵ نوری دەڵێت: بڕیارەکە زیان بە ئابووریی عیراق دەگەیەنێت، چونكە وادەكات زۆرترین هاووڵاتی بچنە دەرەوە، ئەوكات دراوی قورس دەبەنە دەرەوە، لەکاتێکدا هەوڵی هەموو وڵاتێک ئەوەیە زۆرترین گەشتیار بۆ وڵاتەکانیان رابکێشن، بۆیە دەبێت حكومەتی عیراق رێگەیەكی دیکە بدۆزێتەوە كە بەهای دۆلار سەقامگیربێت و ئەو شێوازەی گرتویەتییە بەر شێوازێکی دواکەوتووە.
سەبارەت بەهۆكاری جێبەجێنەكردنی ئەو بڕیارە تائێستا لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان، ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: هۆكاری دواكەوتن و جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکە زیاتر هونەرییە، بەڵام ئێستا خەریكین كارەكانی ئەو بڕیارەی بانكی ناوەندی عیراق لە فڕۆكەخانەی هەولێر جێبەجێ بكەین و لەكاتی تەواوبوونیشی رایدەگەیەنین.
وتیشی: دڵنیانیم لە مانگی هەشتی ئەمساڵ تەواو بێت، چونكە بانكی ناوەندی عیراق تازە نووسراوێكی بۆ ناردووین دەڵێت: رێنماییەكان گۆڕانكارییان تێداكراوە.