یەکێک لە پێشەنگەکانی شیعری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەی هەشتەم و نۆیەمدا، واتە لە ساڵانی 1980 بۆ 1990 مارف ئاغاییە. ئەو پێشەنگێک بوو کە زۆر زوو ماڵئاوایی لە ئەدەبی کوردی کرد. وەک ئەوەی مەرگی ناوەخت میراتێک بێت لە سوارەی ئیلخانیزادەوە بەجێمابێت و کەسانی وەک مارف ئاغایی و ژیلا حوسێنی میراتیگری بن.
مارف ئاغایی هەر لەسەرەتای گەنجێتییەوە دەستیکرد بە نووسین، وەک شاعیرێکی دەربەرست دەناسرا کە شیعرەکانی لەگەڵ ئەوەی لە باری فۆڕم و زمانی دەربڕینەوە نوێخوازییان تێدابوو، لە باری ناوەڕۆکیشەوە هەڵگری خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگە بوون، خۆشییەکانی کۆمەڵگە تێیدا رەنگی دابۆوە.
تەمەنێکی کورت و دیوانێکی بەپێز
دیوانە شیعرەکەی کە بەرهەمی چەند ساڵی کەمی کاری ئەدەبی ئەم شاعیرە گەنجەی تێدایە، ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگەیە. دیوانەکەی کە ناوی «زەوی سەخت و ئاسمان دوور»ە، یەکێکە لەو دیوانە شیعرییانەی لە سەرەتای چاپبوونییەوە زۆری پێشوازی لێکرا.
مارف ئاغایی لە 22/1/1966 لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە کە بەپێی رۆژژمێری هەتاوی بەرامبەر بە 2ی رێبەندانی 1344-ە، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، رۆژی لە دایکبوونی ئەم شاعیرە هەست ناسکەش بوو.
هەرچەندە نەیتوانی خوێندنی ئامادەیی تەواوبکات و بچێتە زانکۆ، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی، لەورمێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو و کتێبی «هەستی ناسیۆنالیستی کورد»ی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی
لە دەستەی نووسەرانی «سروە»
مارف لە گوندی وەزەنێ - ی سەربە شاری نەغەدە لە ناوچەی سندووس لە دایکبوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواوکردووە و لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەیدا چووەتە شنۆ، بە هۆکاری جیاجیا لە خوێندن دابڕاوە و نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات.
ساڵی 1985، یەکەم بەرهەمەکانی لە گۆڤاری سروە بڵاوکردۆتەوە. ئەوکاتە گۆڤاری سروە تاکە گۆڤاری ئەدەبی بوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرەتا کەسانێکی وەک مامۆستا هێمن موکریانی و ئەحمەد قازی کاریان تێدا دەکرد. ساڵی 1987 بووە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە. کارکردنی لەو گۆڤارە بوو بەهۆی ئەوەی خوێنەرانی ئەم گۆڤارە زیاتر ببن کە لە راستییدا کاریگەریی لەسەر گۆڤارەکە هەبوو.
ساڵی 1988 ژیانی هاوسەریی پێکهێنا لەگەڵ «ئازەر سەمسایی» و بەرهەمی ئەم ژیانی هاوسەرێتییەشیان کچێک و کوڕێک بوو بە ناوەکانی «شەونم و پەیام».
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە
مارف ئاغایی لە ماوەی کارکردنیدا لە گۆڤاری سروە، هەوڵیدا سەرجەم زاراوە کوردییەکان بە باشی فێرببێت. ئاشنابوون بە سەرجەم زاراوە کوردییەکان، رەنگدانەوەی لە بەرهەمەکانیدا هەیە.
ئەو راستە نەیتوانیبوو بچێتە زانکۆ و خوێندنی ئامادەیی تەواو نەکردووە، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی، لەورمێ فێری زمانی ئینگلیزی بووە و کتێبی «هەستی ناسیۆنالیستی کورد»ی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی. هەرچەند ئەم کتێبە بەرلە لەچاپدانی دەستنووسەکەی ونبووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زمانی نووسینی مارف ئاغایی، ئەوەیە ئاغایی لەو نووسەرانە نییە کە فۆڕم بووبێت بە کەڵکەڵەی سەرەکییان، یان ئەوەی فۆڕمیان لە بیرکردبێت، بەڵکو تایبەتمەندیی سەرەکی ئەو ئەوەیە شیعر دەنووسێت هەم وەک ناوەڕۆک و هەم وەک فۆڕم.
بەداخەوە مەرگی ناوادە و جوانەمەرگبوون مەودای نەدا ئەم ئەستێرە گەشەی ئەدەبی کوردی زیاتر خزمەت بە ئەدەبیات و شیعر بکات و رۆژی 14ی شوباتی 1988 بەرامبەر(30ی رێبەندانی 1376) لە تەمەنی 22 ساڵیدا و لە گەڕانەوەیدا لە پرسەی «میناخانم»ی هاوژینی «پێشەوا قازی محەمەد» لە رێگای مهاباد – ورمێ، بە رووداوی هاتووچۆ لەگەڵ دوو هاوڕێی تریدا بە ناوەکانی «جەعفەر قازی» و «سەرتیپ مەنسووری» کە پێکەوە لە گۆڤاری سروە کاریان دەکرد، گیانی لەدەستدا و ماڵئاوایی لە ژیان کرد و بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی لە خوێنەرانی شیعرەکانی و خوێنەرانی گۆڤاری سرووە کرد و لەسەر وەسێتی خۆی لەبەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مھاباد لە نزیک گڵکۆی ھەژار و ھێمن بە خاک سپێردراوە.
نموونەی شیعرێکی مارف ئاغایی:
بێ تۆیی
شەوەکانم پڕن لە تەنیایی من و بێ تۆیی تۆ.
شەوێک دووریی لەگەڵدا بێ،
درێژترە لە سەختەڕێی لە دایکبوون هەتا مردن.
ئەوە چرام کوژاندەوە، چاوم وێک نا، هەموو دونیام،
فەرامۆش کرد،
ئەوە خەوتم.
بەڵام چ بکەم، خۆ هەر شەو نا،
خەوەکانم پڕن لە تەنیایی من و بێ تۆیی تۆ.