حەوت هەزار دامەزراندن بۆ كەركوك..

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگادا بڕیار لە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ درا

12:49 - 2024-08-25
کوردستان
231 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد

بەسەرپەرشتیی محەمەد ئیبراهیم ئەلحافز سەرۆكی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوە د.ئەحمەد كەركوكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانیی كەركوك هێزو ئیرادەمانە، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێك كرا و دەنگ لەسەر دروستكردنی لیژنەیەكی تایبەت بەهەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك درا، بۆ ئەوەش حەوت ئەندام هەڵبژێردران، پێنج ئەندام لە ئامادەبووان و دوو كورسیش دانران بۆ ئەندامانی توركمان و پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد كە گفتوگۆ لەسەر دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ دامەزراندنی 7304 پلەی وەزیفی بەشێوەی گرێبەست بۆ سەرجەم فەرمانگەكانی كەركوك كرا، هەروەها تاوتوێی بارودۆخی مامۆستا و وانەبێژە خۆبەخشەكان كرا. لەگەڵ گرێبەستەكانی ئاسایشی خۆراك، كە نزیكەی نۆ مانگە فەرمانبەرانی گرێبەستی ئاسایشی خۆراك دەوام دەكەن و مووچەیان وەرنەگرتووە.
وتیشی: لیژنەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن پێكدەهێنرێت بۆ سەردانیكردنی برایانی توركمان و برایانی پارتی دیموكراتی كوردستان تا لە نزیكەوە داوایان لێبكەین پێكەوە حكومەتی خۆجێیی كەركوك بەڕێوەببەین.

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان