لێکۆڵینەوەیەکی بونیادگەرییە

ئیستاتیکای گێڕانەوە لە ئەدەبی کوردیدا

10:31 - 2024-08-26
کەلتور
1053 جار خوێندراوەتەوە

 د. هەرێم عوسمان

 

ئیستاتیکای گێڕانەوە لە ئەدەبی کوردیدا...ناونیشانی تێزی (بوشرا قادر)ە، بە سەرپەرشتی (پ. د. محەمەد دلێر) ساڵی 2022  پێشکەشی کۆلێجی زمان - زانکۆی سلێمانی کردووە. توێژەر بەشێوەیەکی خۆماڵی سوودی لە چەمکی گێڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی جوانی لە ئەدەبی کوردیدا بینیوە، بەدوای ئیستاتیکای خۆماڵیدا گەڕاوە، ئەمەش بواری دەرچوونی لە مێژووی ئیستاتیکا پێداوە کە لەنێو زمان و نەریت و بیرکردنەوە ناخۆماڵییەکاندا هەیە. لەبارەی سنووری باسەکەیەوە، گێڕانەوە سنوورەکەیە، وەلێ کات و دیالێکتەکانی زمانی کوردی و ئەدەبیاتی زارەکی و نووسراو دیاریی نەکراون، ئەمەش وایکردووە نامەکە پانتاییەکی فراوانی کەرەستەی لێکۆڵینەوە لەخۆ بگرێت. نامەکە بە رێبازی وەسفی - شیکاریی نووسراوە و پشت بە بونیادگەریی بەستراوە و لە سێ بەش و چەند پاروپارچە پێکهاتووە. 

لە حیکایەتەکانی گوێ ئاگرداندا
بەشی یەکەم، بە ناونیشانی (ئیستاتیکا و گێڕانەوەناسی)یە، کە هەوڵێکی چڕە بۆ ناساندنی ئەم دوو چەمکە لە ئەدەبیاتی کوردیدا. گێڕانەوە لە زمانی کوردیدا وشەکانی راز، بەسەرهات، حیکایەت، نەقل و قەول و سەرگوزەشتەشی بۆ بەکار دێت. گێڕانەوە لەسەردەمی ئێستادا تەنیا لە سنووری ئەدەبیاتدا نەماوە، بەڵکو باڵی بەسەر بوارەکانی راگەیاندن و مێژوو و دەروونناسی و فەزای کۆمەڵایەتیشدا کێشاوە و لە سنووری زمانیشدا قەتیس نەکراوە. سەبارەت بە رەچەڵەکی وشەکەش بە هاوڕەچەڵەکی وشەی (gnarus - زانین) لە زمانی لاتینیدا دەزانێت. کەواتە گێڕانەوە خستنەڕووی بەسەرهاتێکە بۆ مرۆڤ، فریشتە، ئاژەڵ و شتەکان، لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بە زمانێکی شیعریی یان پەخشان، کە رەچاوی چۆنێتی گێڕانەوەی رووداوەکان و هونەرمەندێتی وەگێڕ دەکات. ئەوەی دەگێڕێتەوە دەشێت روویدابێت یان رووبدات، یاخود خەیاڵئامێز و ئەفسانەیە. سەبارەت بە ئامانجەکانی گێڕانەوە توێژەر پێیوایە، بەپێی بابەت و بوار و ئاڕاستەی گێڕانەوە دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە حیکایەتەکانی گوێ ئاگرداندا جگە لەسەرگەرمی، رۆڵی لە پەروەردەکردندا هەیە. لە ئەفسانەدا رۆڵی لە خستنەڕووی کێشە وجودییەکاندا هەیە. هاوکات لە رۆمان و چیرۆکدا ئامانجەکان هەمەجۆر و فرەڕەهەندن. بە بۆچوونی ئادەم، گێڕانەوە جگە لە بزواندن، سێ ئەرکی هەیە، سەرگەرمی، روونکردنەوە و بەڵگەهێنانەوە. کەواتە گێڕانەوەناسی زانستێکە کار لەسەر ناساندن، روونکردنەوە، چەسپاندنی چەمک و زاراوە و رەگەزەکانی گێڕانەوە دەکات. بە بۆچوونی (فرای) مرۆڤ لە بنەڕەتدا گێڕانەوە بە دوو رێگە وێنا دەکات، خستنەڕووی جیهانی ئایدیالی و جیهانی واقیعی، کە دوو جۆری گێڕانەوەی دیکەش لەم دووانەوە سەرچاوە دەگرن و چوار ژانرەکە لە چوار وەرزەکەی ساڵدا پێکدەهێنن، بۆ نموونە تراژیدیا جوڵەیە لە جیهانی ئایدیاڵییەوە بۆ جیهانی واقیعیی، کۆمیدیاش لە جیهانی واقیعی بۆ ئایدیاڵی. دواتر چەند تایبەتمەندییەکی گێڕانەوە دەخاتەڕوو: (داهێنراوی، دووبارەیی، هەمان هێڵی گێڕانەوە، بوونی چیرۆکخوان - وەگێڕ، جێگۆڕکێی رەگەزەکان...) سەبارەت بە رێزمانی گێڕانەوەش (تۆدۆرۆف) پێیوایە دەکرێت سوود لە رێزمانی زمان بۆ رێزمانی گێڕانەوە وەربگیرێت. 

گێڕانەوە خودی ژیانە
سەبارەت بە سنووری گێڕانەوە کە لەگەڵ مێژووی مرۆڤدا گێڕانەوە دەستپێدەکات و جۆراوجۆری و فرەیی شێوازەکانی گێڕانەوەمان هەن، وەک رۆلان بارت دەڵێ، جیهانییە و لەسەروو کەلتور و مێژووەکانەوەیە، بۆیە گێڕانەوە خودی ژیانە. گێڕانەوەی شیعر و پەخشانیش دەگرێتەوە، لای سکۆڵز کتێبی پیرۆزیش هەر گێڕانەوەیە. توێژەر ئاماژە بەچەندین توێژینەوە دەدات کە قورئان وەک تێکستێکی ئەدەبی و گێڕانەوەگەری لێی توێژراوەتەوە، ئەدۆنیس قورئان بە فۆرمێکی ئیستاتیکی زمان دادەنێت. توێژەریش لەبارەی کتێبە پیرۆزەکانی ئاینی یارسان و ئێزیدی لەڕووی ئێستاتیکای گێڕانەوەوە هەڵوەستە دەکات، لە جیلوەدا وەگێڕ، هەمووشتزان و خودی خوایە. هاوکات گێڕانەوە لە رەخنەی ئەدەبی کۆن و یۆنانیشدا زۆرتر رووی لە شیعرە، بەڵام رەخنەی نوێ زیاتر رووی لە پەخشانە. لێرەدا توێژەر پۆلێنی ژانرە ئەدەبییەکان لای هەندێک لە نووسەرانی ئەوروپی و رۆژهەڵاتی دەخاتەڕوو. توێژەر پێیوایە دەکرێت گێڕانەوەناسی بۆ هەریەک لە ژانرە ئەدەبییەکانی شیعر و پەخشان لەناو ئەدەبی کوردی دابنرێت، دیارە کاری نامەکەش بۆ خستنەڕوو و پراکتیکردنی ئەمەیە. بەڵام لەم باسەوە توێژەر خێرا باز بۆ ئەدەبیاتی نوێی ئەوروپی دەدات و باسی دەقی نوێ دەکات، کە تا ناوەکان نەبات نازانین مەبەستی ئەدەبی ئەوروپییە. پارچەی حەوتەم، بەناونیشانی (گێڕانەوەناسی و دیدگا)، توێژەر لێرەدا چەند پرسێکی پەیوەند بە گێڕانەوەوە بەسەردەکاتەوە، ئەویش پەیوەندییەکانی بە فەلسەفە، کۆمەڵناسی، جێندەر، ئایین، زانست، شوناس. 

مرۆڤ بێ جوانی نەیتوانیوە بژی
لە پاری دووەمدا، پەیوەندیی ئیستاتیکا و ئیستاتیکای گێڕانەوە باس دەکات، توێژەر پێیوایە بەرهەمە پێشینەکانی بەر لە نووسین، کەلوپەل و هێڵکاری و نیگارەکان وەک یەکەم کتێبی مرۆڤن و دەرخەری هەستی جوانیناسی مرۆڤی دێرینن، مرۆڤ لەگەڵ ژیاندا بێ جوانی نەیتوانیوە بژی، هاوکات هەرچەند بەشێکی زۆر لە مێژوونووسانی ئیستاتیکا، ئیستاتیکا بۆ خۆرئاوا دەگێڕنەوە، بەڵام داستانی گەلگامێش بەرهەمێکە هی فەرامۆشکردن نییە! لە یۆنانی کۆندا بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان ئاوێتەی یەکبوون، لێکدانەوەی ئەخلاقی بۆ شیعر دەکرا، هاوکات ئیستاتیکا مانای هەستکردنی دەگەیاند، بەڵام ئیستاتیکا لەسەر دەستی (باومگارتن) لەناوەڕاستی سەدەی هەژدە بووە زانستێکی پەیوەست بە تێگەیشتن لە جوانی و هونەر، ئەمەش رەوتی ئیستاتیکای گۆڕی، کە دواتر ئاڕاستەی هونەر بۆ هونەر زاڵبوو، لەبەرامبەر بێ سوودی و سوودمەندی جوانی و ئەدەبی دوو دیدی جیاواز هەبوون. دواتر توێژەر باسی جوانی و داهێنان دەکات، کە داهێنانی ئەدەبی دژە لۆجیکی و زانستییە و داهێنەرانەیە، نمونەی شیعر و رۆمانی کوردی دەهێنێتەوە، کە چۆن ئەدیبانی کورد بە تێکشکاندنی زمان و یاساکانی رێزمان و مێژوو، بەرهەمی ئەدەبی و ئەندێشەیی و ئەودیوی ئەندێشەییان چنیوە، کە لۆجیکێکی ناونشینیان لە دەقدا داهێناوە. پاشان باسی جوانی و ناشیرینی دەکات و بۆچوونی (ئیکۆ) دەهێنێتەوە، کە پێیوایە لە مێژوودا پەیوەندیی نزیک لەنێوان جوان و باشدا هەبووە، مرۆڤ لەژیانی رۆژانەدا ئەو شتانە بە باش دەزانێت کە حەزی لێیەتی و ئارەزووی خاوەندارێتیشی دەکات. هەروەها لە ئاینەکانیشدا جەخت لەسەر جوانی کراوەتەوە و جوانی نەفسانی و رۆحانی جیا کراوەتەوە، لە تێکستە پیرۆزەکاندا جوانی و ئیرۆتیکی ئافرەت وەک پاداشت بە ئیمانداردان وێنا کراوە، لەپاڵیدا ناشیرینی بێ باوەڕ و گوناهباران وێنا کراوە. هەر کەلتورێکیش هەڵسەنگاندنی جیاوازی بۆ جوانی و ناشیرینی هەیە، لە کینیا جوانی ئافرەت لە قەڵەویدایە، لای فارس لە برۆی پەیوەست، لای کورد لێوی تەنک و نەرموشل و جەستەی پڕ، بەڵام لەسەردەمی نوێدا جوانییەکان زۆرتر لە پڕکردنەوەی خواستە سێکسییەکاندا کۆبوونەتەوە. هەرچی ناشیرینییە کە دژی جوانییە، بەڵام لە هونەردا ناشیرینی نییە، بەڵکو توانای داهێنانی ناشیرینی جوانییە. 

جوانی لەبەرهەمدایە
دواتر باسی هونەر و چێژ، سەلیقە و زەوق، هاودڵی دەکات، پرسگەلێ لەبارەی جوانی دەوروژێنێ، کە چۆن دەستمان بە جوانی دەگات، چۆن حوکم دەدەین، پێوەرەکان چین، جوانی خودی و بابەتی چییە. جوانی لەبەرهەمدایە، یان لە چاوی وەرگردایە. (ریمۆن بایێر) پێیوایە زانستەکان زانستی چەندایەتین، بەڵام ئیستاتیکا، زانستی چۆنایەتییە، لە کاتێکدا لای کانت حوکمی لۆجیکی و هەستی بۆ جوانی جودایە، شتێک خۆی جوان بێت، ناکرێت خودی بکرێتەوە، ئەمە وێڕای پەروەردە و کات و شوێن و هاودڵی و هاوسۆزی کە حوکمی بە جوانزانی و جوانبینی دەدەن و پێوەرەکانیشیان رەها و بابەتی نین. دواتر توێژەر باسی بنەمای جوانیناسی دەکات، کە پێوەرەکان بۆ بە جواندانان چین، تێگەیشتن لە جوانی چۆنە. لە یۆنانی کۆن، سێ تیۆرمان هەن، جوانی پەیوەست بە ئەندازە و نەزم و رێکی. هاوکات بنەماکانی جوانی بە پێی کات دەگۆڕێت، لای رەخنەگرانیش بنەماکانی دەگۆڕێن، بۆ نموونە بێردزلی سێ پێوەر دەستنیشان دەکات (یەکپارچەیی، ئاڵۆزی، چڕی)، فۆرمالیست و بونیادگەرەکان سەربەخۆیی و ئازادی ئەدەبیاتیان لەبەرچاو دەگرت و لەسەروو مێژووەوە دایان دەنا، کە زیاتریش مەبەستیان کارکردنی زمان لە بونیادی دەق و ئەدەبیەتی ئەدەب بوو، ئەمەش داهێنانی بەرهەمێکی ئەدەبییە بە گیانی رزگاربوون لە دیدی باو، ئەفراندنی نائاشنایی، توێژەر لە نموونەی ناباوێتیدا شیعرەکەی نالی بۆ کەرەکەی دەهێنێتەوە، کە چۆن وێنەی جوانی و بەرزی بە کەرەکەی داوە، ئەو وێنانەی دەدرێن بە ئافرەت، پیاو و سۆفی، نالی بە کەرەکەی بەخشیوە، ئەمەش داهێنان و ناباوێتییە، دواتریش رۆمانی میرنامە وەک دەقێکی گێڕانەوەبەند بە نموونەی ناباوێتی دەهێنێتەوە. 

بە گوێی تاکی کورد ئاشناترە
بەشی دووەم، بەناونیشانی، ئیستاتیکای گێڕانەوەی پەخشانی، سەرەتا باسی هەقایەت دەکات، کە بەشێکە لە فۆلکلۆری کوردی، زاراوەکەش بە گونجاوتر لە ئەفسانە و چیرۆک، سەرگوزەشتە و نەقڵ دادەنێت، چونکە وشەکە بە گوێی تاکی کورد ئاشناترە. دیارە هەقایەتەکانی جیهان لێکچوونیان لەگەڵ یەکدی هەیە، بەڵام هەقایەتی نەتەوە نزیکەکان زۆرتر خاڵی هاوبەشیان هەیە، کورد هەرچەند درەنگ کەوتە کۆکردنەوەی هەقایەتەکان، بەڵام وێڕای هاوبەشی هەقایەتەکانی لەگەڵ فارسی و عەرەبیدا، تایبەتمەندیی کوردانە و زمان و کەلتوری کوردیی پێوەیە. دواتر باسی جۆرەکانی هەقایەت دەکات، وەک هەقایەتی خورافی/پەرییان، کۆمەڵایەتی، پەندئامێز، دینی و عیرفانی، گاڵتەوگەپ. توێژەر پێیوایە زۆرێک لە گێڕانەوە پەندئامێزە کوردییەکان، کاریگەریی گێڕانەوەکانی مەسنەوی مەعنەوی، بوستان و گوڵستانی سەعدی شیرازیان لەسەرە، لەباسی هەقایەتە دینی و عیرفانییەکانیشدا وێڕای هەقایەتی پێغەمبەران و پیاوانی دونیای ئیسلام، کەسایەتییە دیارەکانی کوردیشی تێدایە وەک شێخ عەبدولقادری گەیلانی، شێخ مەعروفی کەرخی. سەبارەت بە کەرەستەکانی هەقایەتی کوردیش، کەرەستەی جادوویی - ئەفسانەیی، سندووق، ئەنگوستیلە، چەرخوفەلەک، پاچ و زوڕنا، کەرەستەی موفەڕک – پیرۆز، لیکی دەم، تاڵی موو، مێزەر، کڵاو، کەرەستەی هێمایی و رەمزی، شەلاقی سوڵتان، ئەنگوستیلەی پاشا، ئاوێنە و تابووت، بەکارهاتووە. هەرچی بابەتەکانێتی زۆرن، لەوانە، ئیمان، کوفر، عەشق، نەمری، وەجاخکوێری، دانایی، بێهۆشی، گەمژەیی، پاکی، رەندی و ئازایی... کە توێژەر باسی خۆشەویستی و وەجاخکوێری دەکات. سەبارەت بە رووداویش، رووداوی باو و دووبارە، لەگەڵ ناباو باس دەکات. هاوکات یەکێک لە سیما جوانەکانی هەقایەتی ئەفسانەیی پەیوەستە بە قەدەغەشکێنییەوە. 
پاری دووەم، لەبارەی چیرۆکی کوردییەوە، چیرۆکی هونەریی هەرچەند بە بەرهەمی پاش رۆژنامە و چاپەمەنی دادەنرێت، بەڵام فەرهاد پیرباڵ، مەلا مەحمودی بایەزیدی بە یەکەم چیرۆکنووسی کورد دادەنێت، کە چیرۆکی مەم و زینی لە فۆلکلۆرەوە کردووە بە چیرۆکێکی کەسی، رەگەزەکانی چیرۆکی هونەری (پڵۆت، گفتوگۆ، کەسێتی و رووداو...) تیا بەرجەستە کردووە، بەڵام توێژەر پێیوایە تا ساڵانی حەفتا چیرۆکی کوردی سیمایەکی هاوشێوە و نزیکیان هەیە، چیرۆک بووەتە دەستکەلا و خەمخۆری کێشەکان، بەڵام لە پاش حەفتاکانەوە چیرۆکی هونەری دێتە ئاراوە. هەر لەم پارەدا ئاوڕ لە تۆن(ئاواز) و پەیوەندییەکانی بە (وەرگێڕ، کەسێتی، گۆشەنیگا، زمان و شێواز...) لە چیرۆکە کوردییەکان دەداتەوە. لە پاری سێیەم لە رێگەی چەند چەمکێکی وەک (واقیع، ئەندێشە، ناباوکاری، سەرسامکردن)ەوە ئیستاتیکای رۆمانی کوردی دەردەخات. پاری چوارەم بۆ ژیاننامە و سەفەرنامە، هەروەها جۆرەکانی و رەگەزە ئیستاتیکییەکانی تەرخانکراوە.

پرسی گێڕانەوە لە شیعردا
بەشی سێیەم، بە ناونیشانی (ئیستاتیکای گێڕانەوە لە ژانری شیعردا)یە. سەرەتا پرسی گێڕانەوە لە شیعردا دەوروژێنێت و بەتایبەتیش شیعری لیریکی کە کەمتر گێڕانەوەی تێدایە، بەڵام هیچ یاسا و چوارچێوەیەک نییە رێگری بکات، بۆرخیس پێیوایە لە کۆندا شاعیر چیرۆکیشی دەگێڕایەوە کە دەکرا دەنگی هەموو مرۆڤایەتی تێدا ببیسترێت. توێژەر بە ئەدەبی زارەکی (بەیت و بالۆر، داستان) دەست پێدەکات، کە پێکهاتووە لە هەقایەت و هۆنراوە. دواتر باسی رەگەزەکانی گێڕانەوە لە قەسیدە و غەزەل، بە نموونەی شیعری شاعیرانی کلاسیکی کورد دەکات. لە پاری سێیەمدا نموونەی شیعری نوێی لیریک پەیوەست بە رەگەزەکانی گێڕانەوە دەهێنێتەوە و ئاوڕ لە شیعری گۆران، سوارە ئێلخانی‌زادە، رەفیق سابیر، شێرکۆ بێکەس و دلاوەر قەرەداغی و رێبوار سیوەیلی...هتد دەداتەوە. لە کۆتایی و بەر لە ئەنجامەکان نمونەی (دەقی واڵا) و (کورسی) شێرکۆ بێکەس وەردەگرێت. لە نۆ خاڵی ئەنجامی تێزەکەدا توێژەر ئاماژە بەوە دەکات، کە گێڕانەوە لە ئەدەبی کوردیدا تۆڕێکی فراوانی چنراوە کە لە دێرزەمانەوە کەلتور و ئەدەبی کوردی بە زارە جیاوازەکان تەنیوە، هەروەها جوانیناسی گێڕانەوە تایبەت نییە بە ژانرێک، بەڵکو پەڕیوەتەوە ناو شیعری گۆرانی و غەزەلیش. هاوکات هەریەک لە ژانرەکان تایبەتمەندیی جوانیناسی خۆیان هەیە، بۆ نموونە لە ژیاننامە و سەفەرنامەدا زمانی گێڕانەوە، دەقەکانی کردووەتە ئیستاتیکی، لە کۆتا خاڵیشدا توێژەر پێیوایە، کورد میللەتێکی مێژوویی و خاوەن شارستانییەتە، کە ئیستاتیکای خۆی لە کۆی چالاکییە ئەدەبییەکاندا بەرجەستە کردووە و ئەمەش بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە شوناس و کەلتور و 
ژیاری کورد.  

بابەتە پەیوەندیدارەکان