رۆژی 24/8/2024، لە سەرای سلێمانی یەكەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فۆتۆگرافی كوردستان لە سەرای سلێمانی كرایەوە. كە 90 فۆتۆگرافەر لە 9 وڵات بە زیاتر لە 100 فۆتۆی نایاب بەشدارییان كردووە، كە پێشتر لە نێو دەیان فۆتۆی تر لەلایەن لیژنەیەكی پسپۆڕەوە هەڵبژێردراون بۆ فێستیڤاڵەكە.
بەختیار سەعید بەڕێوەبەری ناوەندی 7رەنگە، كە ناوەندەكەیان بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی فێستیڤاڵەكەیان رێكخستووە و سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە لێدوانێكدا لەبارەی فێستیڤاڵەكەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەم فێستیڤاڵە دەبێتە یەكەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی لە بواری فۆتۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كورستان، چونكە پێشتر چەندین بۆنە و پێشانگە بۆ فۆتۆ رێكخراوە، بەڵام هیچیان وەكو ئەم فێستیڤاڵەی سلێمانی خاسیەتی نێودەوڵیان نەبووە، چونكە بەپێی ئەو بانگهێشتەی پێش فێستیڤاڵەكە بەچەندین زمانی جیهانیی كردمان، لە 19 وڵاتەوە فۆتۆگرافەران بەرهەمیان نارد، بەڵام لیژنە پسپۆڕەكەی كە كارەكان هەڵدەسەنگێنن لەو دەیان فۆتۆیەی هاتبوو، 100 فۆتۆیان هەڵبژارد كە بەرهەمی 9 وڵاتە، ئەوانیش : كوردستان، عیراق، ئێران، میسر، مەغریب هیندستان، جەزائیر، تونس و سعودیە.
لەبارەی بایەخی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە، هونەرمەند بەختیار سەعید وتی: ئەم پرۆژە و فێستیڤاڵانە هاندانێكی زۆر باشە و جگە لەمەش دروستكردنی لینكە لەنێوان فۆتۆگرافەری وڵاتە جیاجیاكان، كە بەهۆی ئەم فێستیڤاڵەوە دەكرێت لە داهاتوودا پرۆژەی هاوبەش دروستبكەن و دواجار دەبێتە ئاڵوگۆڕی كەلتوری و فەرهەنگی لەنێوان گەلاندا، لەوانەش گرنگتر ئێمە توانیمان لە رێگەی ئەم فێستیڤاڵەوە سلێمانی كە پایتەختی رۆشنبیرییە، بە 19 وڵات بناسێنین.
كۆمار عەلی