رێكخراوی مافی مرۆڤ لە جیهاندا رەخنە لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەگرێت
رێكخراوی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، لە نوێترین راپۆرتیدا لە بارەی سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانی عیراق لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە ساڵی 2019، رەخنەی توند لە هێزە ئەمنییەكان دەگرێت و دەڵێت: زیاد لە پێویست هێزیان لە دژی خۆپیشاندەران بەكارهێناوە، بەتایبەتی لە پردی زەیتون لە شاری ناسرییە كە بە كۆمەڵكوژیی ناسریە دەناسرێت و 15 خۆپیشاندەر كوژران و 157 یش بریندار بوون.
المدی
ئیسرائیل 40 هێرشی ئاسمانی دژی حزبوڵڵا ئەنجامدا
وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە بەیانێكدا رایگەیاند: هێزە ئاسمانییەكانمان 40 هێرشی ئاسمانیان لە دژی هێزەكانی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان ئەنجامداوە. دەشڵێت: هێرشەكان كۆمەڵێك بنكەی سەربازی حزبوڵڵای لە پارێزگای نەبەتییە كردۆتە ئامانج. لە درێژەی بەیانەكەدا هاتووە: جگە لە هێزی ئاسمانی، تۆپخانەی ئیسرائیلیش بەشدار بووە لە هێرشەكە بۆ سەر لوبنان. ئەمەش وەكو كاردانەوەیەكی ئیسرائیلە لە دژی هێرشەكانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل.
سكای نیوز
میسر داوایەك لە ئێران دەكات
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر داوای لە عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران كرد، پێویستە دۆخی ناوچەكە هێور بكرێتەوە، بۆئەوەی هێندەی تر ناوچەكە بەرەو توندوتیژیی و نائارامی نەچێت. جگە لەوەش لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، هەردوولا جەختیان لەوە كردۆتەوە، كە بەردەوامی بە هاوكاریی و هەماهەنگی زیاتر لە نێوانیان بدەن، بۆ هێوركردنەوەی رەوشی نائارامی ناوچەكە.
العربیة