هێمن ئەحمەد
بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەی كەركوكی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت: رۆژی 26/8/2024، دەستدەكرێت بەدابەشكردنی فۆرمی وەرگرتنی خوێندكارانی بەشی كوردی لە كەركوك و خورماتوو بۆ دەرچووانی هەردوو ساڵی 2022-2023 و 2024-2025 و ماوەی یەك هەفتە دەتوانن فۆرمەكان وەربگرن و پڕیبكەنەوە.
لەوبارەیەوە، شێرزاد سەعید بەڕێوەبەری نووسینگەی كەركوكی خوێندنی باڵای هەرێم، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: هەموو ساڵێك لەگەڵ خوێندكارانی هەرێم فۆرمی وەرگرتنی خوێندكارانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە كەركوك لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە دەكەین. وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە 12 بنكەی وەرگرتنی فۆرمان بۆ خوێندكاران دیاریكردووە تا بەشێوەیەكی ئاسان كارەكانیان بەڕێوەبچێت و ماوەی هەفتەیەك لەبەردەم خوێندكاردایە بۆ گەڕانەوەی فۆرمەكە.
باسی لەوەشكرد ئاگاداری ئەو خوێندكارانەش دەكەنەوە كە ساڵی پار فۆڕمی وەرگرتنیان پڕكردووەتەوە، بەڵام وەرنەگیراون یان ئەوانەی لە دەوری سێیەمدا تاقیكردنەوەیان كردووە و نەیانتوانیوە وەربگیرێن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان، دەتوانن فۆرمەكانی پار بەكاربهێنن، چونكە ژمارە و كۆدی تایبەت بەخۆیان هەیە، بە مەرجێك سوودمەند نەبووبێتن لە زانكۆو پەیمانگەكان.