لاپەڕەی ئابووری
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لە هۆكارەكانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دەكات و دەڵێت: «پێشنیازی ئەو كۆمپانیایەمان خستۆتە بەرچاو كە دەیەوێت سووتەمەنی بە نرخی كەمتر هاوردە بكات و هەوڵ دەدەین لەو رێگەیەوە چارەسەری بكەین، بەڵام لە راستیدا بەرزبوونەوەی نرخ لە دەسەڵاتی دام و دەزگاكانی پارێزگای سلێمانیدا نییە».
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكیدا لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە پارێزگای سلێمانی، وتی: «لە رابردوودا زۆرترین بەنزین لە مەرزی باشماخەوە هاوردە دەكرا، بەڵام ئێستا زۆر بە كەمی بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە پێشتر نرخی بەنزین لەو وڵاتە نزم بوو، بەڵام ئێستا لەوێش نرخەكەی بەرزبۆتەوە، بۆیە كاریگەریی لەسەر نرخی بەنزین لە هەرێمیش كردووە».
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو بەنزینەی كە لە پاڵێوگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، بڕێكی كەمە و پێداویستییەكانی ناوخۆ پڕ ناكاتەوە، هاوكات زۆربوونی رێژەی ئۆتۆمبێل هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە.
بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئەوەیە كە پێشتر كۆمپانیاكانی هێنانی سووتەمەنی رێگەیان پێدەدرا راستەوخۆ بەنزین لە ئێرانەوە بۆ سلێمانی هاوردە بكەن، بەڵام ئێستا ناچارن بگەڕێنەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بۆ بەجێگەیاندنی ئەو رێكارانە.
ئازاد محەمەد ئەمین دەڵێت: «دوای كۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی و لایەنی پەیوەندیدار بە بابەتی سووتەمەنی لە سلێمانی، پێشنیازی ئەو كۆمپانیایەمان خستە بەرچاو كە دەیەوێت سووتەمەنی بە نرخی كەمتر هاوردە بكات، بڕیاریشە کۆتایی ئەم هەفتەیە رێكارەكان بنێردرێتە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی سلێمانی، تا كاری پێویست لەوبارەیەوە بكرێت».
وتیشی: «ئێستا نرخی سووتەمەنی زیاتر بەرزبۆتەوە، كە ئەمە لە دەسەڵاتی دام و دەزگاكانی پارێزگای سلێمانیدا نییە و دەبێت حكومەت بە گفتوگۆ لەگەڵ عیراق چارەسەری بكات».
ئاشكراشیكرد: رێگایەكی تری چارەسەر ئەوەیە، هەرێم و ئێران رێكەوتن بكەن، بۆئەوەی سووتەمەنی زیاتر هاوردە بكرێت و قەیرانەكە كەمبكرێتەوە.