930 حەوزی ماسی رووخێنراوە

گرانبوونی ماسی بەهۆی تێکدانی پرۆژەكانەوە

10:54 - 2024-08-27
ڕاپۆرت
168 جار خوێندراوەتەوە
#ئەو حەوزانە تێک نەدراوە کە پشتیان بە ئاوی ئاودێری بەستووە

بەڕێوەبەری چاككردنەوەی پرۆژەكانی  ئاودێری كەركوک بۆ    کوردستانی نوێ    :
ئەو حەوزە ماسییانە بنەبڕ دەکەین كە بەشێوەی نایاسایی دروستكراون، لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی لە دەستدانی بەشێكی زۆر لە ئاوی ژێر زەوی

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد


ماوەی چەند ساڵێكە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی عیراق لە هەوڵی بنبڕكردنی  حەوزەكانی ماسیدایە لە سنووری پارێزگاكانی عیراق و كەركوك بەتایبەتی، بەڵام لە بەرامبەردا جۆرەها رێگەی تر گیراوەتەبەر بۆ دروستكردنی حەوزی دیكەی ماسی.
سەرچاوەیەك لە سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك رایدەگەیەنێت: دروستكردنی ئەو پرۆژانە دەبێتە هۆی بە هەدەردانی ئاو و ئاوی ژێر زەوی و رێگە بە كەس نادرێت بەشێوەی نایاسایی لەو جۆرە پرۆژانە دروست بكات.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك:  لە نێوان كەركوك و داقوق نزیكەی سێ هەزار حەوزی ماسی لێیە، هەریەكەیان چوار بیری 200 تا 300 مەتری لێداوە  ئەمەش رێژەیەكی زۆر ئاوی پێویستە کاریگەریی لەسەر بازاڕ

لەم چەند ساڵەی دوایدا لە ناوچەكانی داقوق و دووز و ناحیەی تازە و پردێ و ناوشوان و چەند ناوچەكی تری پارێزگاكە چەندین حەوزی جۆراوجۆر بۆ بەخێوكردنی ماسی دروستكراون كە بەشێكی زۆریان پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
عەلی محەمەد ماسی فرۆشە لە بازاڕی ئەحمەد ئاغای كەركوك، لەسەر رووخاندنی حەوزەكانی ماسی وتی: بەهۆی رووخاندنی بەشێكی زۆری حەوزەكانی ماسی لە كەركوك و دەوروبەری نرخی ماسی لە بازاڕەكاندا بۆ دوو هێندی نرخی پێشووی بەرزبۆتەوە، ئەم كارەش كاریگەریی لەسەر بازاڕی فرۆشتنی ماسی دروستكردووە و لە توانای خەڵكی نییە، بۆیە لەم بارەدا پێویستە ماسی لە وڵاتەكانی دەوروبەرەوە بهێنرێت كە لە نرخ و جۆر و تامدا جیاوازییان هەیە.
وتیشی: ئەو ماسییانەی لە دەرەوە هاوردە دەكرێن ناتوانرێت پشتی پێببەسترێت، چونكە لەڕووی كوالێتی بەرهەمهێنانەوە لە ئاستی پێویستدا نییە بۆ خواردن، چونكە ئەو جۆرە ماسییانەی لە داقوق و تەقتەق هەیە نموونەیان زۆر كەمە.

رێگریکردن لە بەهەدەرچوونی ئاو
پڕۆژە ماسییەکان دەكەونە ناوچەكانی داقوق، پردێ و شوانەوە، لەبەرئەوەی لەو ناوچانە ئاوێكی زۆر لەم حەوزانە بەهەدەر دەچێت، بەهۆی ئەوەی تیشكی خۆر بە بەردەوامی لەسەر پرۆژەكانن ‌و دەبن بە هەڵم، بۆیە بەشێكی زۆری ئەو پرۆژانەمان رووخاند كە پشتیان بەبیری ئیرتیوازی و ئاوی ژێر زەوی بەستبوو، بەڵام چاوپۆشیمان لەو پرۆژانەش كردووە كە پشتیان بە ئاوی ئاودێری بەستووە، بەڵام بە مەرجێك رێنماییەكانی ژینگەیی جێبەجێ بكەن گەرنا ئەوانیش دەڕوخێنین.
ئەندازیار محەمەد مەهدی بەڕێوەبەری چاككردنەوەی پرۆژەكانی ئاودێری كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ رێگریکردن لە بە هەدەردانی ئاو، سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك لە هەوڵی بنەبڕكردنی ئەو حەوزە ماسییانەدایە كە بەشێوەیەكی نایاسایی و دوور لە بنەماكانی ژینگەیی دروستكراون، چونكە دەبێتە هۆی لە دەستدانی بەشێكی زۆر لە ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەكەدا.
وتیشی: بۆ ئەو مەبەستە نزیكەی 970 پرۆژەی حەوزی بەخێوكردنی ماسی بەشێوەی نایاسایی دروستكراون، نزیكەی 515 پرۆژەی بە ئاوی ئاودێریی و نزیكەی 420 پرۆژەشی بە ئاوی ژێر زەوی و بیری ئیرتیوازی ئاو دەدرێت روخێندران.

پرۆژەکان لە هەموو عیراق هەیە
رووخاندنی پرۆژەكانی حەوزی ماسی تەنیا كەركوكی نەگرتۆتە، بەڵكو لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقیشی گرتۆتەوە و ئەمەش وایكردووە نرخەكەی لە سەرانسەری عیراق بەرزبێتەوە.
هاوكات زوهێر محەمەد بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك، بەكوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەر بێت‌ و بەراوردێك لە نێوان كەركوك و قەزای داقوقدا بكەین بۆمان دەردەكەوێت نزیكەی سێ هەزار حەوزی ماسی لێیەو هەر یەكەیان چوار بیری 200 ـ تا 300 مەتری لێداوە و ئەمەش رێژەیەكی زۆر ئاوی پێویستە بۆ بەخێوكردنی ماسی لەم نێوانەشدا ئاوێكی زۆر بە هەدەر دەچێت، چونكە لەو شارۆچكەیە پلەكانی گەرما بەرزترە لە ناوچەكانی تر، هەروەها نەبوونی رووباری پێویست ئەوەندەی تر كێشەكەی ئاڵۆز كردووە، بۆیە هیچ چارەیەكمان نەماوە تەنیا تێكدانی نەبێت، یان دەبێت بەشێوەیەكی تر رێكبخرێنەوە و رێژەی پێویستی بەكارهێنانی ئاویان بۆ دیاری بكرێت و مۆڵەتیش لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك وەربگرن، بۆئەوەی بەشێوەیەكی زانستییانە سەرپەرشتی بكرێن كە بتوانین كۆنترۆڵی رێژەی ئاو بكەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان