خەلیل عەبدوڵڵا
لۆ ئۆتێنس، ئەندازیارێكی زیرەك و شارەزای هۆڵەندی بوو، شۆڕشێكی زانستی لە بواری تۆماری دەنگیدا بەرپا كرد، بەوەی شریتی كاسێتی دەنگی دروستكرد، بەوەش خزمەتێكی گەورەی بە بواری تۆماركردنی گۆرانی و میوزیك كرد، هونەرمەندان لەڕێی ئەو كاسێتەوە بەرهەمەكانیان تۆمار كرد و كارئاسانی زۆری بۆ كردن، چونكە پێشتر لە رێی قەوان و هەندێ ئامێری دیكەوە ئەو كارە هونەرییان دەكرد، كە كارێكی قورس بوو.
لۆ ئۆتێنس، ئەندازیاری شارەزای بواری ئەلكترۆنیی هۆڵەندی، رۆژی 21ی حوزەیرانی 1926 لە ناوچەی دۆزیلی وڵاتی هۆڵەندا لەدایك بووە
قۆناغەكانی خوێندنی لە وڵاتی هۆڵەندا تەواو كردووە. لە زانكۆی دلفتی تەكنەلۆژی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوە.
هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە، بایەخی بە زانستی ئەلكترۆنی داوە، لە گەرمەی دووەمین جەنگی گێتیدا، كە وڵاتەكەی لە ژێر چەپۆكی حوكمی داگیركاری نازییەكاندا بوو، توانی جیهازێكی رادیۆی ناوخۆیی بۆ خانەوادەكەی دروست بكات.
پاش تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ، لە ساڵی 1952 لە كۆمپانیای فلێپس دامەزرا.
ئەندازیارێكی زیرەك و بە سەلیقە بوو، لەبەرئەوە ساڵی 1960 كرا بە سەرۆكی بەشی گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی كۆمپانیای فلێپس، دواتریش كرا بە بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە.
لە ئەنجامی كاركردنی زیاتر لە كارەكەیدا قاڵ بۆوە، ساڵی 1963 توانی شریتی كاسێتی دەنگی دروست بكات، كە داهێنانێكی گەورەی زانستی بوو، هەمان ساڵ ئەو داهێنانەی لە پێشانگای ئامێرە ئەلكترۆنییەكان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا نمایش كرد، بە ریكلامی بچووكتر لە پاكەتی جگەرە، سەرنجی هەوادارانی ئەو بوارەی راكێشا و داهێنانەكەی سەركەوتنی بەدەستهێنا.
لۆ ئۆتێنس، لەگەڵ كۆمپانیای سۆنی ژاپۆنی گرێبەستی بۆ دروستكردنی ئەو كاسێتە دەنگییە ئیمزا كرد و لە ساڵی 1969 وەك بەرهەمێكی ناوازە كەوتە بازاڕەوە و پێشوازییەكی گەرمی لێكرا و خواستێكی زۆری لەسەر بوو. بە پێی ئامارە فەرمییەكان ئەو كاسێتە دەنگییە، زیاتر لە 120 ملیار دانەی لێفرۆشراوە.
ئەم داهێنانەی ئۆتێنس، زەمینەی خۆشكرد بۆ ئەوەی سی دی و دیڤیدی دروست بكرێ و جێگەی ئەو كاسێتە بگرنەوە، دواتر میمۆری جێگەی بەوانە لێژ كرد و وەك ئامێرێكی دیجیتاڵی پێشكەوتووی سەردەم، بۆ تۆماركردن بەكار دێت.
پاش خزمەتێكی زۆر بە بواری زانستی، لۆ ئۆتێنسی ئەندازیار و داهێنەر، لە رۆژی 6ی ئاداری 2021 لە تەمەنی 94 ساڵی لە گوندەكەی خۆی لە وڵاتی هۆڵەندا بۆ دواجار ماڵئاوایی لە ژیان كرد، بەڵام ناو و ناوبانگی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.