رێبوار تەها: دەستی ئاوەدانی دەگەیەنینە تەواوی ناوچەكان

12:00 - 2024-08-27
کوردستان
149 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد


لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی ئیدارەی كەركوك بە سەرۆكایەتیی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك و بەشداریی سەدان كەسایەتیی ناسراو لە هۆزی عوبێد، پشتیوانی خۆیان بۆ ئیدارەی كەركوك و ئەنجومەنەكەی راگەیاند.
لە كۆبوونەوەكەدا، میر شێخ وەسفی عاسی سەرۆكی هاوپەیمانیی عروبە و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، جەختی لە پتەوكردنی شەراكەت و بەدیهێنانی ئامانجەكان و جێبەجێكردنی بەرنامەی ئیدارەی كەركوك كردەوە.
هاوكات لە كۆبوونەوەكەدا، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، جەختدەكاتەوە كە كاری لەپێشینەیان پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانە و حكومەتی خۆجێییش دەستی خزمەتگوزاری دەگەیەنێتە هەموو سنوورەكە و هەوڵیشدەدات بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و دڵنیاییش دەدات كە هیچ ناوچەیەك لە خزمەتگوزارییەكان بێبەش ناكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، شێخ وەسفی رایگەیاندووە: ئێمە هاتووین بۆ پشتڕاستكردنەوەی شەراكەت و پەیامی كار و ئاوەدانكردنەوە و پاڵپشتیكردن لە ئیدارەی كەركوك، تا ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم پارێزگا، پێكەوە تێیپەڕێنن و بەهەموومانەوە خزمەتی دانیشتوانی كەركوك بكەین. لەو چوارچێوەیەشدا داوای لە هەمووان كردووە لەپێناوی كەركوكدا بگەڕێنەوە ئەنجومەن و خزمەت بە خەڵكەكەی بكەن.
لەبەرامبەریشدا، پارێزگاری كەركوك، جەختیكردووەتەوە كە ئیدارەی كەركوك بۆ هەموو هاووڵاتیان دەبێت ‌و كاری لەپێشینە بۆ شەراكەت و پێكەوەژیان و ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان و كاركردن بە گیانی شەراكەت و دادپەروەری دەبێت، ئەوەش بەو ئامانجەی هەمووان هەست بەوە بكەن كە لە كەركوكن و لەگەڵ ئیدارەكەیدان، تەئكیدیشیكردووەتەوە كە «ئێمە بە پەرۆشین بۆ دابینكردنی ئاسایشی كەركوك و كاركردن لەژێر چەتری حكومەتی فیدراڵ و هەوڵدەدەین ئاوارەكان بگەڕێنەوە ناوچە رزگاركراوەكانیان و ناوچەكانیان ئاوەدان بكەینەوە».

#کەرکوک

بابەتە پەیوەندیدارەکان