دۆزینەوەی ئەڵماس لە ساڵی 1850 لە دەوروبەری شاری سلێمانی

10:04 - 2024-08-28
کەلتور
287 جار خوێندراوەتەوە

 د. سامان مستەفا رەشید ئینجاغا




سەرەتا ئیدارەی لۆکاڵی سەنجەقی سلێمانی پێیان وابووە بەردەکان ئەڵماسن، بە نووسراوی فەرمی چەند نموونەیەکیان لێ ناردۆتە ئەستەمبوڵ تا لەوێ هەم لە جۆری بەردەکان و هەمیش چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ بەردەکانیان بۆ روون بکەنەوە




دەستپێک: 
ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی پڕە لە بەڵگەنامەی فەرمی سەرنجڕاکێشی نەبیستراو و نەبینراو لەمەڕ بابەتی مێژووی سیاسی، ئابووری، کەلتوری و ئاینیی کۆمەڵگەی کوردی لەسەدەکانی رابردوودا، کە دۆزینەوە و ساغکرنەوەیان دەتوانێت تۆزی سەر چەندان راستەقینەی مێژوومان بۆ بتەکێنێت و چەندان گۆشەی تاریکی مێژووی چوار سەدەی رابردوومان بۆ رووناک بکاتەوە و وەڵامی چەندان پرسیاری بێ وەڵامی مێژووی کورد بداتەوە، ئەم دۆخە بەجۆرێکە، بە بڕوای من، بێ کنەوپشکنین و ساغکردنەوەی ئەو ئەرشیفە گەورەیە نووسینەوەی هەر مێژوویەک بۆ چوارسەدە لەمەوە بەری کورد سیخناخ دەبێت لە گومان و پڕ دەبێت لە کەموکوڕیی.
هەروەها جیا لە تۆمارکردنی رووداوە ئاسایی و یاساییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی، زۆرجار چەندان رووداوی سەیر و سەرنجڕاکێشیش لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کراون، یەکێک لەو رووداوە سەرنجڕاکێشانە دۆزینەوەی بەسەرهاتی هەندێ بەردی هاوشێوەی ئەڵماسە لە ساڵی 1850 لە دەوروبەری شاری سلێمانی، بەجۆرێک سەرەتا ئیدارەی لۆکاڵی سەنجەقی سلێمانی پێیان وابووە بەردەکان ئەڵماسن، بە نووسراوی فەرمی چەند نموونەیەکیان لێ ناردۆتە ئەستەمبوڵ تا لەوێ هەم لە جۆری بەردەکان و هەمیش چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ بەردەکانیان بۆ روون بکەنەوە، بەڵگە فەرمییەکانی ئەم بەسەرهاتەش لە دوو دۆسییەی تایبەتی ئەرشیفی عوسمانیدا هەڵگیراو و پارێزراوە، لێرەدا هەوڵدەدەم بە کورتی بیانخەمەڕوو. 

دۆزینەوەی ئەڵماس لە ساڵی 1850 لە دەوروبەری شاری سلێمانی
بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو بەڵگەنامەکان دۆسییەیەکی مەجلیسی والای دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی 1850 بڕێک بەردی هاوشێوەی ئەڵماس لەدەوروبەری سلێمانی دۆزراوەتەوە، سەرەتا لەلایەن دەسەڵاتی لۆکاڵی عوسمانی پێیان وابووە ئەو بەردانە ئەڵماسن، لەبەرئەوە بۆ دڵنیابوون لە جۆری بەردە دۆزراوەکان و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، بە گوێرەی دابی ئیداری ئەو کات نموونەی بەردەکان لەگەڵ نووسراوی فەرمی نێردراون بۆ مەجلیسی والا تاوەکو رێکاری پێویست لەوبارەوە بگیرێتەبەر و رێنمایش بنێرن بۆ دەسەڵاتی لۆکاڵیی کە چۆن و چی لەوبارەیەوە بکەن. 
 دۆسییەکانی تایبەت بەم رووداوە لە ئەرشیفی عوسمانیدا
زانیارییەکان لەبارەی ئەم کەیسەوە لە دوو دۆسییەی سەربەخۆدا تۆمارکراون و هەڵگیراون، دۆسییەی یەکەم، دۆسییەیەکە لە بەشی ئیرادە و بەشی مەجلیسی والا کە بەناونیشانی (لەبارەی ئەو ئەڵماسانەی لە سلێمانی دەرکەوتوون) بە کۆدی (I.MVL. 177. 5269) لە ئەرشیفی عوسمانیدا پارێزراون و لە شەش لاپەڕە پێکهاتوون.  هەرچی دۆسییەی دووەمە لە سەدارەت لە بەشی مەکتوبی قەلەمی و مەجلیسی والا بە کۆدی (A. MKT.MVL. 30.22) پارێزراوە و لە دوو لاپەڕە پێکهاتووە.  

ناردنی نموونەی بەردەکان بۆ ئەستەمبوڵ و پشکنینی لەلایەن مەجلیسی کانزاکان، سەرۆکی زێڕینگەرانی کۆشک و شوێنی سکەلێدانی سەڵتەنەت لە ئەستەمبوڵ:
وەک لەم دۆسییەیە و چەند دۆسییەکی تری هاوشێوەدا بۆم دەرکەوتووە، دەوڵەتی ئەو کات زۆر هەستیار بووە لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەلەپور و شوێنەواری مێژوویی دا و بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە دەبوو بە پرۆسەیەکی وردی بیرۆکراتییدا تێپەڕێت و لەلایەن دامودەزگا میرییە تایبەتمەندەکانەوە ڕا و سەرنج و بڕیاری تایبەتی لەبارەوە بدرێت، ئەوەتا لەم کەیسە و چەند کەیسێکی تردا کە لە ئایندەدا لەسەریان دەنووسم، هەم دەسەڵاتی لۆکاڵی و هەمیش چۆن دەسەڵاتی پایتەخت دێنەسەرخەت و بە وردی لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو کەیسانەوە دەکەن و بڕیاری راست و دروستیان لەبارەوە داوە. تۆ بڕوانە دۆزینەوە چەند پارچە بەردێک چۆن ئەو هەموو قۆناغە ئیداریی و بیرۆکراتییانەی بڕیوە و حکومەتی ئەو کات چۆن وەها بابەتێکی بەو پەڕی گرنگییەوە بایەخ پێداوە و بەرچاوڕوونی خستۆتە بەردەم دەسەڵاتی لۆکاڵی لەهەمبەر چۆنییەتی مامەڵەکردن بەو بەردانەی کە لەوەها شوێنێکوی دوورەدەستی ئەستەمبوڵدا دۆزراونەتەوە.   
لە نووسراوێکی دۆسییەی یەکەمدا (کە فەرمانێکی باڵایە) کە بەرواری (14 شەعبان 1266ک، کە دەکاتە 25 حوزەیرانی 1850) لەسەرە تێیدا هاتووە، لەگەڵ نووسراوماندا نموونەی ئەو کانزایانەی لەناوچەیەکی سلێمانیدا دۆزراونەتەوە و نموونەیان پێشکەشکردووین بە مەبەستی پشکنین و چۆنییەتییەکەی لەلایەن مەجلیسی کانزاکانەوە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا بۆتان دەنێرین. بە بەرواری دوای چوار رۆژ لەسەر نووسراوی پێشوو واتا (18ی شەعبان 1266ک) لە بەشی خوارەوەی نووسراوەکەدا هاتووە ئەوە فەرمانە باڵایە جێبەجێکراوە و نموونەی ناوبراو نێردراون بۆ مەجلیسی کانزاکان و سەرۆکی ژووری زێڕینگەران دوای پشکنین و لێوردبوونەوە دەرکەوتووە، نموونەکان لە جۆری ئەو بەردانەن کە بە نەجەفی ناودەبرێن و لە دروستکردنی هەندی (ئەنگوستیلەی بەیاغی)دا بەکاردەهێنرێن. ئاماژەشیان بۆ ئەوە کردوە دوای پشکنین نموونەکانیان ناردۆتەوە بۆ حزوری عالیلەری و فەرمان لای ئەو کەسەیە فەرمان دەردەکات.   
وەک لە بەڵگەیەکی تری هەمان دۆسییەدا دەردەکەوێت، نموونەی ئەو بەردانە نێردراوە بۆ مەجلیسی والا و بە فەرمانێکی باڵا فەرمانیان پێکراوە کە لە جۆر و چۆنییەتی ئەو نموونانەی بۆیان نێردراوە بکۆڵنەوە، مەجلیسی ناوبراویش ئاماژەی بەوە کردووە لەسەر بنەمای ئەو فەرمانەی پێیکراوە، نموونەکانی ناردووە بۆ (ضربخانە عامرە - شوێنی سکەلێدان لە پایتەخت) و دوای تەماشاکردن و پشکنینی لەلایەن مەجلیسی کانزاکان و سەرۆکی ژووری زێڕینگەران بۆیان دەرکەوتوو نموونەکان بەردی نەجەفی بوون کە لە دروستکردنی هەندێ ئەنگوستیلەی بەیاغیدا بەکاردەهێنرێت و نموونەکان گەڕێنراوەتەوە و لەلایەن وەزیری گەنجینەی تایبەتەوە راگەیەنراوە بە گوێرەی فەرمانی باڵا کارەکان بەجێگەیەنراون. داواکراوە وەڵامنامە بۆ موشیری ئۆردوی عیراق و حیجاز بنووسرێت.   دواتر ناوەڕۆکی ئەو لێکۆڵینەوە و پشکنینە لە 19ی شعبان 1256ک واتا لە 30 حوزەیرانی 1850 کراوەتە نووسراوی فەرمی و تێیدا داواکراوە وەڵامی بۆ موشیری ئوردوی عیراق و حیجاز بنووسرێت کە دوای پشکنین لە لایەن ئەو جیگایانەی لەسەرەوە ناویان هاتووە دەرکەوتووە نموونەکان بەردی نەجەفین کە هەندێکیان لە دروستکردنی ئەنگوستیلەی بەیاغیدا بەرکاردەهێنرێت. 

بڕیاری فەرمی لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەردەکاندا  
بەو شێوە و دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی بیرۆکراتییەتی پرۆسەی پشکنینی ئەو نموونانەی لە سلێمانییەوە لە رێگەی موشیرییەتی ئوردوی عیراق و حیجازەوە نێردرابوون، دوای بڕینی قۆناغە ئیدارییەکان، لە 9ی شەوال 1266ک بەرامبەر بە 18ی ئابی 1850 نووسراوی وەڵامدانەوە بۆ موشیریەتی ئۆردوی عیراق و حیجاز کراوە و تێیدا هاتووە، نموونەی ئەو بەردانەی هاوشێوەی ئەڵماس بوون و لە دەوروبەری سلێمانی دۆزراونەتەوە و نموونەیان بۆ ئێرە نێردراوە، دوای ئەوەی لە زەربخانەی عامیرە (شوێنی سکەلێدانی سەڵتەنەت) پشکنینیان بۆ کراوە، دەرکەوتووە بەردەکان لە جۆری بەردی نەجەفین کە لە دروستکردنی ئەنگوستیلەی بەیاغیدا بەکاردەهێنرێن.  بە پەراوێزێکی سوور لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە گەر دەتوانن دەریبهێنن و سوودیان لێوەربگرن کاری پێویستی لەبارەوە بکەن. 

سەرچاوە:
BOA. A.} MKT.MVL. 30.22
BOA. I.MVL. 177. 5269.1
BOA. I.MVL. 177. 5269.2
BOA. I.MVL. 177. 5269. 3.


ئاماژەکان:
1.   Boa. I.MVL. 177. 5269.
2.  Boa. A.} MKT.MVL. 30.22.
3.    Boa. i. MVL. 177.5269. 1. 
4.    Boa. i. MVL. 177.5269. 2.
5.    Boa. i. MVL. 177.5269. 3.
6.    Boa. A.} MKT.MVL. 30.22.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان